كلاسیكۆی نێوان یەكێتی و پارتی؟!

04/03/2019

مەهدى قادر


ئێوارەی ئەمڕۆ ٤ی ئازاری ٢٠١٩ كلاسیكۆی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی ھات ٢ بە ١ بۆ پارتی.
ماوەیەكە وەزعی یەكێتی وەك ڕیاڵ مەدریدی لێھاتوە و لەساحەی خۆیدا بەرامبەر بە پارتی (بەرشەلۆنە) دەدۆڕێت.
ھەرچەندە لە ڕوی دەنگ و سەنگەوە یەكێتی (ڕیاڵ مەدرید) دووەمە ، بەڵام لە ڕوی خاڵ و پلەبەندیەوە سێھەمە.
بۆیە ئێستا گۆڕان بوەتە ئەتڵەتیكۆ مەدریدو پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولی نۆیەمی پەرلەمانی گرتوە.

ئێستا چۆن ڕیاڵ دوای ڕۆشتنی ڕۆناڵدۆ گۆڵی پێناكرێ، یەكێتیش دوای كۆچی مام جلال حاڵی شڕە.
من وەك وەرزش دۆستێك دەڵێم كلاسیكۆی نێوان ڕیاڵ و بەرشە تامی تێدا نەماوە ھەر بەرشە دەیباتەوە. و ئیتر حەق وایە لەمەودوا كلاسیكۆ لە نێوان بەرشە و ئەتڵەتیكۆ مەدرید ئەنجام بدرێ.
جا ئەگەر دیقەت بدەی ئێستا كلاسیكۆی نێوان پارتی و یەكێتی وەك جاران جێگەی بایەخ و دەنگدانەوەی نیە، چونكە ھەر پارتی دەیباتەوە و گۆڵ لە ڕكابەرە دێرینەكەی تۆمار دەكات. گۆڕان كە پلەی دووەمی گرتوە لەڕوی ئیعتباری سیاسیەوە لای پارتی، و یاریەكی توند دەكات بۆ ئەوەی یەكێتی پێی نەگاتەوە و لە كۆتاییدا ببێتە پاڵەوانی خولەكە.

ھەرچەندە یەكێتی لە بەغدا سەرۆك كۆماری برد و ڕیاڵیش لە یانەپاڵەوانەكان وەزعی باشە، بەڵام دیار نیە كە ڕیاڵ وەك سەردەمی زێدان دەبێتە پاڵەوان، ھەروەك چۆن دیار نیە كە ئایا یەكێتی وەك سەردەمی مام جلال دەبێتە قسەڕۆیشتوو یان نا.

ئیتر ئەم مونافەسەیەی نێوان پارتی و گۆڕان و یەكێتی وەك ھەمان مونافەسەی نێوان بەرشە و ئەتڵەتێكۆ و ڕیاڵ مەدریدە. بەشێك لە بردنەوەكان پەیوەندی بە مەھارەتی یاریچیەكانەوە ھەیە، بەشێكیشی پەیوەندی بە حەكەم و حاجی ئاغا، نەوت و ڤار، پەرناتی و پارە، گرێبەستی نوێ و كڕین و فرۆشتن بە یاریزانەكانەوە ھەیە.

ئیتر ئێمەی جمھور لەم بەینەدا ھەر سەیری قاچی میسی (بارزانی) و، بنزیمە (پاڤێڵ)، جلال جوھر (گریزمان) دەكەین و دەبێت پارەی بلیتی تاماشاكردنیش ھەر خۆمان بیدەین. و ئەو چەپڵەڕێزانەی كە بۆیان دەكوتین و ئەو بژی بژی و گۆڵ گۆڵەی ھاواری بۆ دەكەین دەچێتە گیرفانی یانە و حیزب و یاریزانەكانەوە و بەپارەی ئێمە ساحەكە گەورە دەكەن، كۆشك و تەلار دەكڕن، مەكتەب سیاسی دەرئەكەن و ھی تر دەھێننە پێشەوە، یان خۆیان دەڕۆن و ڕوو دەكەنە یانە و حیزبی تر.

ئەگەر میللەت (ھاندەر ) نەچێتە ساحەكەیان و چەپڵەیان بۆ لێ نەدا لەوانەیە ئەو یانە گەورانە بچوك ببنەوە و نەوەی نوێ و یەكگرتوو، جیرۆنا و ئیشبیلیە سەركەون بۆ فیناڵ.
نازانم وەرزش لە سیاسەت دەچێ یان سیاسەت لەوەرزش، لەوانەشە ئێستا ھەردوكیان دوو ڕوی یەك دراو بن، بەتایبەت لەو ڕووەوە كە ھەردوكیان بۆ پارە و گیرفانە.
تكایە ئەم نوسینە وەربگرن بەڕۆحێكی سیاسی ببورن بە ڕۆحێكی وەرزشی، كوڕە نازانم خۆتان وەكیل بن بەس وریا بن ھیچكە گۆڵتان لێ نەكرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی