ئەمەیە جیاوازی گۆڕان لەگەڵ هێزەكانی تر..

04/03/2019

هەڵۆ ئەبوبەکر


یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوای بگرە و بەردەیەكی زۆر دواجار لەگەڵ پارتی گەیشتنە رێكەوتن، تا ئێرە ئاساییە هەموو هێزێك مافی خۆیەتی رێكەوتن بكات..
ئەوەی كە جێگای پرسیار و هەڵوەستە لەسەر كردنە ناوەرۆكی رێكەوتنەكان و رادەی شەفافی رێكەوتنەكەیە، ئەمەش هەمان خاڵە كە رێكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هێزەكانی تر جیادەكاتەوە..

12ساڵ لەمەوبەر پارتی و یەكێتی رێكەوتنێكیان لەژێر ناوی رێكەوتننامەی ستراتیژی واژۆكرد، ئێستاشی لەسەر بێت نەك خەڵكی كوردستان ناوەرۆكی رێكەوتنەكە نازانن تەنانەت لەناو خودی هەردوو حیزبدا ئەوانەی وردەكاری ناوەرۆكەكەی دەزانن لە پەنجەكانی دەستێك تێپەڕ ناكەن.

رۆژی 18 ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی رێكەوتنێكیان لە پیرمام واژۆكرد هێشتا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان نەگەیشتبونەوە سلێمانی، دەقی رێكەوتنەكە لە كەناڵی { وە بۆ خەڵكی كوردستان بڵاوكرایەوە..

بەڵام بەپێچەوانەوە نە لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیاندا و نە دواتریش یەكێتی ئامادە نەبوو وردەكاری رێكەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بڵاوبكاتەوە، ئێستاشی لەسەر بێت ئەگەر فزوڵی رۆژنامەنوسەكان خۆیان نەبێت كێ‌ دەزانێت وردەكاری رێكەوتنەكە چۆنە؟ چۆن پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلا دەكرێتەوە؟ چۆن پۆستی وەزارەتی دادی عێراق یەكلا دەكرێتەوە؟ كامانەن ئەو پۆستانەی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وەریدەگرێت؟
بابەتەكە تەنها شەفافیەت نیە، كاتێك گۆڕان رێكەوتنی لەگەڵ پارتی كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت میدیاكانی یەكێتی كەوتنە هێرشی راگەیاندن و تەخوین و تەشهیر و نوقڵانە لێدان، كەچی ئەمڕۆ یەكێتی هەمان كاریكرد، هەر ئەوەش نا تەنانەت یەكێتی داوای ئەو پۆستانەشی كردوە كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتون.

بەپێی زانیارییەكانم وەك رۆژنامەنوسێك، ئەو رێكەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتی كراوە بەدیلی رێكەوتنی ستراتیژییە و وەك چۆن رێكەوتنی ستراتیژی بە نهێنی مایەوە ئەم رێكەوتنەش بەهەمان شێواز دەبێت و پێدەچێت بەشێكی لاوەكی لە رێكەوتنەكە بڵاو بكەنەوە كە لەراستیدا ئەوە نیە هەموو ئەو خاڵانە نیە كەلەسەری رێككەوتون.

ئەمەیە بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزەكانی تر جیادەكاتەوە، كە لە رابردوو و لە ئێستاشدا هەر هەنگاو و بریار و رێكەوتنێكی هەبوو بێت لە خەڵكی كوردستانی نەشاردۆتەوە و ئەوەش تەنها بۆ دواین رێكەوتنی لەگەڵ پارتی راست نیە، بەڵكو رێكەوتنەكەشی لەگەڵ یەكێتی لە ساڵی 2016 نەك بڵاوكردەوە تەنانەت خستیە بەردەست لایەنە سیاسیەكانی تریش كە هەر هێزێك دەتوانێت بەشداربێت و بێتە ناو رێكەوتنەكەوە..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە