لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو جیهان سەرقاڵی چالاكی هەمەجۆر دەبن بۆ 8 ی مارس كە رۆژێكە هەموو ووڵاتانی جیهان ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی دەستكەوتەكانی ژنانەوە لە گشت بوارەكاندا لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ یەكسانی لەنێوان رەگەزەكاندا؛ ئەوەش لەڕێی خۆپیشاندان و نمایشی هونەری و كۆنگرەو چالاكییە جیاوازەكانەوه دەكرێت.هتد وەك بۆنەیەك بەو رۆژەوە كە رەگ و ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1908 ئەو كاتەی 15 هەزار ژن لە رێوڕەسمێكی رۆشتندا لەڕێی شاری نیویۆرك بەڕێ دەكەوتن بۆ داواكاری مافەكانیان لە دەنگدانی هەڵبژاردندا، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی كرێی باشتر و كەمیی كاتی كاركردن كە دوای ساڵێك حزبی ئیشتراكی ئەمریكی ئاهەنگێكی گێڕا وەك یەكەم رۆژی ژنان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رۆژی 28 فبرایر؛ بۆیە لە رۆژی 1910 كلارا زیتكین كە ژنە سیاسەتمەداری چەپ بوو لە حزبی دیوكراسی كۆمەڵایەتی ئەڵمانی بیرۆكەی ئاهەنگی دانا وەك رۆژی جیهانی ژنان و پێشنیاری ئەوەی كرد كە هەر دەوڵەتێك رۆژێك دیاری بكات لە ساڵێكدا بۆ ئاهەنگگێڕان بە رۆژی ژنان بۆ ئەوەی داخوازییەكانی ژنان لە هەر ووڵاتێكدا بخرێتە ڕوو. پاش ئەوە لە كۆنگرەیەكی ژناندا كە 100 ژن لە 17 ووڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون رەزامەندی نیشان درا بۆ دیاریكردنی رۆژی جیهانی ژنان و لە ساڵی 1911 دا ئاهەنگی ئەو رۆژە سازكرا بۆ یەكەم جار لە ووڵاتی نەمسا، دانمارك، ئەڵمانی و سویسرا لە رۆژی 19 ی مارس.
لە ئێستادا ئێمە لە كوێین ؟
پاش تێپەڕاندنی سەدەیەك لە دامەزراندنی ئەو رۆژە تا ئێستا ئەو ئامانجەی لە پێناویدا دامەزرا دوورخایەنه، چونكە ژنان لە سەرتاسەری دونیادا بە ڕێژەو شێوازی جیاواز دووچاری جیاكاری و جیاوازی دەبنەوه و بەهۆی رەگەزبونیانەوە دەناڵێن بەدەست هەژاری، ناسەربەخۆیی ئابوری، نەخوێندەواری، كەم دەرفەتی خوێندن و كاركردن، ناباڵانسی جێندەری جگە لە رووبەڕوبونەوەیان بە جۆرەكانی توندوتیژی كە تا ئێستا بەردەوامیەتی هەیەو بەتایبەت لە ناوچەكانی ململانێیان لەسەرە لە گشت ووڵاتە جیاوزەكانی دونیا.
بەردەوام بوون تا چەند پێویستە؟
سازكردنی ئاهەنگ بە بۆنەی 8 ی مارسەوە بەشێوازی هەمەڕەنگ یارمەتیدەرە لە بەردەوامبوون بۆ سەرنجڕاكێشانی جیهان سەبارەت بەو پیادەكردنە نادادپەروەرانەی ژنان پێوەی دەناڵێنن، بەدەر لەوەی یارمەتیدەرە بۆ تیشك خستنە سەر مەسەلە گرنگەكانی كە بایەخەكانی ژنان پێوەی سەرقاڵن لە گشت ووڵاتانی جیهاندا، هەروەها رۆژی جیهانی ژنان ئاهەنگگێڕانە بۆ ئەو ژنانەی زیاتر كاریگەرن لە جیهاندا و كە توانیان قورساییەكان تێپەڕێنن و دەستكەوتی گەورەش بهێننە دی.
لە رۆژی 8ی مارسدا ووڵاتانی جیهان بەشێوەی جیاواز چالاكی دەسازێنن؛ هەندێك لە ڕێی كردنی ئەو رۆژە بە پشوو لەوانه؛ ووڵاتانی ئەفغانستان، ئەرمینیا، ئازرباینجان، روسیای سپی(بیلاروس)، بوركینا فاسو، كمبودیا. لە سین و نیبال و مدغشقر ( تەنها پشوو بۆ ژنان)، كوبا، جورجیا، صینیا بیساو، ئەرتیریا، كازاخستان، قرغیزستان، لاوس، مولدوخا و منغولیا، شاخی رەش، روسیا، تاجیكستان، تركمانستان، ئوغندا، ئۆكرانیا، ئوزبكستان ، ڤێتنام و زامبیا.
لە كاتێكدا لە هەندێ ووڵاتانی دیكە یادكردنەوەی ئەو رۆژە بە رێكخستنی رۆشتن و خۆپیشاندنەكان بەڕێوە دەچێت، بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لە ژنان و سازكردنی كۆنگرەو كۆنفرانس.هتد و لە هەندێ ووڵاتی تریش هاوشێوەی رۆژی دایك بەڕێوە دەچێت وەك بەخشینی دیاری بۆ هاوسەرەكان، هاوڕێكان و كەسە نزیكەكان بە بۆنەی رۆژی ژنانەوە.
بەردەوامبوون تا كاتی هێنانەدی ئامانجه، كە بۆ ژنان گرنگێتی خۆی هەیە بەمەبەستی هێنانەدی گۆڕانكاری ریشەیی و راستەقینە كە ئەوەش بە بوێری ژنان و كەسانی ئازادیخواز دەكرێت و دواتر بەرهەمەكەی لە خزمەتی مرۆڤایەتی و پیشكەوتنی كۆمەڵ دەبێت.
كنێر عەبدوڵڵا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی