كوردو تورك و خاڵە سام

05/03/2019

سەردار عەزیز

ڕۆژانی داهاتوو شاندێكی ئەمریكی بەرەو ئەنكەرە بەڕێدەكەوێت. ئامانجی سەرەكی گۆڕینەوەی بیروڕایە دەربارەی ناوچەی ئارام. ئەم پرسە لە هەمانكاتدا یانی چۆنێتی داڕشتنی پەیوەندی نێوان كورد و تورك. دیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی ناوخۆیی توركیا بەڕێوەدەچێت، بۆیە ناكرێت كاتێك بێت چاوەڕوانی هیچ سازشێكی لێبكرێت، بە تایبەتی بە ئاشكرا. بەڵام پاش كۆتایی ئەم هەڵبژاردنە، توركیا هیچ هەڵبژرادنی تری نابێت هەتا چوار ساڵی تر، بۆیە دەكرێت كاتی سازش بێت.

ئەمە لە ڕەهەندی ناوخۆوە. لە ڕەهەندی نیودەوڵەتیەوە، توركیا لە نێوان ئەمریكا و روسیادا جۆلانی دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجی، كە ئامانجی هەرە سەرەكی بریتیە لە سنورداركردن یان كۆنترۆڵكردنی پەكەكە. لە گەڵ ئەمریكاییەكاندا ئەمە لە سەر چۆنێتی ناوچەی ئارام وەستاوە، لە گەڵ روسەكاندا لە سەر زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەدەنە. گەرچی ئێستا روسیا فشار بۆ زیندوكردنەوەی ئەدەنە ئەدات، بەڵام ئەمە مانای سەرلەنوێ دروست بونەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو حكومەتی سوریا و توركیا و هەماهەنگیكردن بۆ دژایەتی كورد. دیارە لە ١٩٩٨ كە ڕێكەوتنەكە كراوە بۆ دژایەتی پەكەكە و دەرپەڕاندنی ئۆجەلان كراوە. ئەم ڕێككەتنە لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن ئەردۆگانەوە نوێكراوەتەوە.

بژرادەنی توركی لێرەدا ئاسان نیە، زیندوكردنەوەی ئەدەنە هیچ گەرەنتیەكی نیە كە بتوانێت كاریگەری هەبێت لە سەر یەپەگە یان پەكەكە، چونكە ئێستا بە پێچەوانەی ١٩٩٨ ئەمریكا وەك ئەكتەرێكی سەرەكی لە نێواندایە و دژ بەم هەنگاوە دەبێت. 

شەعبان كارداش، لێكۆڵەرەی تورك، نزیك لە ئاك پارتی دەڵێت، مەترسی ئەم قۆناغە لەوەدایە كە هەر هەنگاوێك ڕەنگە پێودانگی درێژخایەنی هەبێت و كاریگەری ستراتیژی بكاتە سەر پێگەی توركیا. بەڵام قەیرانی گەورەی تورك لە سەرەتای روداوەكانی سوریاوە ئەوەیە كە بەرژەوەندییەكانی لە گەڵ بەرژەوەندیەكانی ئەوانیتردا ناگونجێت و خۆی بە تەنها یان لە گەڵ هاوكارە ناوخۆییەكانی توانای فەراهەمكردنیان نیە. بۆیە بۆ هەرهەنگاوێكی گەورە پێویستی بەوەیە كە هاوكاری و رەزامەندی هێزێكی گەورە وەربگرێت. هەتا ئەمڕۆ كەس ئامادەنیە بەو شێوەیەی تورك دەیەوێت هاوكاری تورك بێت، چونكە دۆخی ناوچەكە شلە و تورك خاوەنی هێزی هێندە نین كە ئەوانی تر ناچاری سازش بكەن.

ئەم دۆخە وەهایكردوە كە تورك گومانیان هەیە لەوەی كە دەرئەنجامی هەر سازشێك ببێتە دەستكەوت. ئێستا بە پێی سۆنار كاگاپتەی دۆخەكە بەمجۆرەیە: پەكەكە تەنها كاتێك دێتە سەر مێزی ئاشتی كە یەپەگە لاوازبیت لە سوریا، هەروەها توركیا دەتوانێت هەماهەنگ بێت لە گەڵ كوردانی سوریا ، كە ئەنكەرە لە ئاشتیدابێت لە گەڵ پەكەكەدا. بەرای ئەو پرۆسەكە بە لاوازكردنی یەپەگە دەستپێدەكات. هەروەها دەڵێت ڕێگاچارەی تر نیە. 

ئەم دیدە چیمان پێدەڵێت: یەكەم، توركیا دوو بەشی كوردستانی ڕۆژئاڤا و باكور وەك دوو یەكەی جیاوازی پێكەوەبوو دەبینێت. لە هەمانكاتدا بەردەوام ئەو وێنەیەی لە خەیاڵدایە كە چۆن هەرێمێكی تری وەك هەرێمی كوردستانی باشور لە ڕۆژئاڤا دروست نەبێت. پەیامەكەی سۆنار بۆ ئەمریكیەكانە كە یەپەگە لاوازبكەن بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەراربێت. ئەم پەیامە ڕوونە، بە تایبەت كاتێك لە توركێكەوە دێت. بەڵام قازانجی ئەمریكا لەوەدا نیە. پرسی ئەمریكا پرسی كورد نیە یان لە هەوڵی چارەسەری پرسی كورددا نیە، بەڵكو دەیەوێت پرسی كورد بەجۆرێك بێت كە فشار لە یەپەگە كەمبێتەوە هەتا بگوانێت بەو ڕۆڵەی هەستێت كە ئەمریكای لێی دەخوازێت. لێرەدا لە سودی ئەمریكا نیە كە یەپەگە لاوازبێت، لە كاتێكدا كە كەسی تر ناتوانێت كە قەرەبوی ئەو لاوازییە بكاتەوە. 

ئەگەر كوردانە بیر بكەینەوە، ئایا بەهێزی یان پێداویستی ئەمریكا بۆ پەیەدە بە چ ئامانجێكی درێژخایەن سودی لێوەردەگیرێت؟ یان ئایا هەوڵ یان توانا هەیە كە ئەم پەیوەندییە بكرێتە ستراتیژی یان درێژخایەن؟ ڕونە كە پەیوەندیەكە ڕاستەوخۆ نیە، بەڵكو دەرئەنجامی دۆخێكە، بە تایبەت كە ئەمریكا خاوەن هیچ مێژوو و هاوپەیمانی و پەیوەندی تایبەت نیە لە سوریا. ئایا كورد ئامادەیە كە سوریا لە توركیا جودا بكاتەوە؟ ئەم پرسە لە دۆخی باشوردا زۆرجار دەبوە مایەی گفتوگۆ لە گەڵ دیپلۆماتە ڕۆژئاڤاییەكان، تێگەیشتنێك هەبوو كە باشور و باكور لە پەیوەندیی ئۆرگانیدانین. ڕەنگە ئەم تێڕوانینە گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت، پاش روداوەكانی ئەم دواییە.

بەڕای من ئاشتی لە باكور نەك بنەمای سەقامگیری و سودی توركیایە لە ناوەوە، بەڵكو بنەمای پەیوەندیشیەتی لە گەڵ باشور و ڕۆژئاڤادا. بونی ئەم پەیوەندییە لای هەریەكێك لە كورد و تورك بە پێچەوانەوەیە. لای تورك دەبێت باشرو رۆژئاڤا لاوازبكات بۆ ئەوەی پەكەكە لە ناوەوە بەهێز نەبێت، لای كورد، ئاشتی لە ناوەوە بنەمای ئاشتیە لە گەڵ دەوروبەردا. بە كورتی ئایا بە پەرتی یان پێكەوە، پرۆسەی ئاشتی دێتە دی؟ لە بیری ئیمپراتۆریدا بە پەرتی، چونكە ئاشتی تەنها كاتێك قابیلی قبوڵە كە هێز نیە یان لاوازە، هەركاتێك هێز هەبوو ئاشتی نیە. 

ئەوەی توركەكان ناتوانن بیری لێبكەنەوە كە چۆن ئاشتی لە ناوەوە دەبێتە هپكاری ئەوەی كە پێویست نەكات بچنە دەرەوەی سنوریان، چونكە لە چونە دەرەوەی سنور وەهایان لێدەكات كە دەبێت مەرجی ئەوانی تر قبوڵ بكەن، كە زۆرجار نە دەبێت هۆكاری كێشەكە و نە هیچ سودێكی دەبێت بۆ تورك.

ئەمە بنەمای ئەو دیدەیە كە پەكەكە بڕوای وەهایە كە بەربەستی بەردەم كێشەی كورد ئەمڕۆ توركیایە. ئەم دیدە تەنها بەشێك لە ڕاستی تیادایە.

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە