بەرگرییەك لە بزووتنەوەی گۆڕان

05/03/2019

زوبێر رەسول

لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی تازەدا بزووتنەوەی گۆڕان لە هەر لایەنێكی دیكە زیاتر رووبەڕووی گوشاری سیاسی و جەماوەری بووەتەوە بە بیانووی ئەوەی چۆن دەبێت بزووتنەوەیەك كە ئاڵاهەڵگری چاكسازی ‌و گۆڕینی حوكمڕانی بێت لە هەرێمی كوردستان، بەشداری لە حكومەتێكدا بكات كە پارتی و یەكێتی تێیدا باڵادەستن. هەڵبەتە ئەگەر بەو پێوەرە بێت، دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان تا چەند دەیەیەكی تریش بەشداری حكومەت نەكات و ئەو بوارە جێبهێڵێت بۆ هەمان ئەو مۆدێلە جووت حیزبیەی كە لەسەر بنەمای دابەشكردنی ورد و درشتی سامان‌ و سیاسەت كۆكن. بزووتنەوەی گۆڕان هەم ناو دەسەڵات ‌و هەمیش دەرەوەی دەسەڵاتی تاقیكردووەتەوە، لەڕاستیدا لە قۆناغی چوونە ناو حكومەت گۆڕان توانی زۆرتر كاریگەری لەسەر حكومەت هەبێ وەك ئەوەی لە دەرەوەی حكومەت كردی. چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی ‌و پێشمەرگە و پاككردنەوەی لیستی مووچەخۆران ‌و لیستی دەنگدەران ‌و خانەنشینی ‌و چەند بواری تریش بەشێكن لەو لێكەوتانەی ئەو ماوە كەمەی بەشداریی گۆڕان لە حكومەت، بەشێوەیەك ئەگەر ئەو دۆخەی داخستنی پەرلەمان ‌و هاتنی داعشی بەسەردا نەهاتبایە، ئەگەر گۆڕان دیدگایەكی فراوانتر و ئەزموونێكی زۆرتری كاری ئۆپۆزسیۆنی هەبووایە، ئەوا بوونی گۆڕان لەناو حكومەت دەسكەوتی باشتریشی دەبوو. 

لەڕاستیدا بەهۆی تایبەتمەندیەكانی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەرەوەی حكومەت جگە لە هاندانی خەڵك كە هەندێك جار دەسەڵات بە ئەنقەست بە ئاراستەی پشێوی سیاسی ‌و خراپبوونی دۆخی ئەمنیش دەیبات، شتێكی تری لێناكەوێتەوە. رووداوەكانی 17ی شوبات ‌و دواتریش ناكۆكی لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم گەواهیی ئەو راستیەن. بۆیە گرنگە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بە گشتی ‌و گۆڕان بە تایبەتی میكانیزمێكی دیكە بدۆزنەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دوو پارتەی فەرمانڕەوا كە جیاواز بێت لە ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو. دیارە دوای 9 ساڵ ململانێ لەگەڵ هێزەكانی دەسەڵات، ئەوجارەیان گۆڕان دەگاتە قەناعەتێك كە ململانێ لەناو دەسەڵات ‌و حوكمڕانی ئاسانترە تا لە دەرەوەی دەسەڵات. بە واتایەكی تر پارتە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بە گفتوگۆ ‌و رێنمایی زیاتر دێنە ژێر بار تا بە هەڕەشەكردن لە دەرەوەی دەسەڵات ‌و هاندانی خەڵك لە دژیان.  

بزووتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەو هەموو تێبینی ‌و كێشانەشی كە هەیەتی وەك رێكخراوێكی سیاسی و پرۆژەیەكیش بۆ چاكسازی لە حوكمڕانی كوردی ‌و دواتریش كاركردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، تا ئێستا تاكە پرۆژەیە لە بواری سیاسی ‌و چاكسازی لە حوكمڕانی كە خاوەن روئیا و بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانیانە بێت لە ریفۆرمكردنی مۆدێلی حوكمڕانی. لەوانەیە بەشێك لە خوێنەرانی ئەم وتارە دەستەواژەی "بەرپرسیارێتی" وەك جۆرێك لە نەبوونی ئیرادە لێكبدەنەوە، بەڵام ئەو لێكدانەوەیە زۆر نادروستە، چونكە لە چەند وێستگەیەكدا ئەو بزووتنەوەیە ئەوەندە رۆیشتووە تا لەوە نزیكبووەتەوە كە خودی مانەوەی خۆیشی وەك رێكخراوێكی سیاسی بخاتە مەترسییەوە لە پێناو كۆمەڵێك بنەما و پرەنسیپ كە ئەو بزووتنەوەیەی لەسەر دامەزراوە، تا دواجار بە دەركردنی ئەو بزووتنەوەیە لە پەرلەمان ‌و حكومەت ‌و كەناڵەكانی حوكمڕانی كۆتایی هات. ناكرێت ئەو هەڵوێستەی گۆڕان لەبیر بكرێت لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر كە ناكۆكییەكانی یەكێتی ‌و پارتی گەیشتنە قوناغی هەڕەشەكردن بە دوو ئیدارەیی، بەڵام گۆڕان بووە بەربەستێك لەبەردەم ئەو ئاراستەیە. 

راستییەك هەیە كە دەبێت دانی پێدا بنرێت، ئەویش ئەوەیە كە دروستبوونی هەر بزووتنەوەیەكی ئۆپۆزسیۆنی لە هەرێم چەندە بەهێزیش بێت هەر بەقەد بزووتنەوەی گۆڕانی پێدەكرێت. ئێمە نابێت ئەو دۆخە سیاسی ‌و هەرێمی ‌و هەتا نێودەوڵەتییەش بەهەند وەرنەگرین كە زۆر جار بەربەستی سەرەكین لەبەردەم هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، بە تایبەت ئەگەر مەبەستی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بێت یاخود روونتر بڵێین گۆڕینی ئەو فۆرمە دوو حزبیە بێت كە بووەتە واقیعێك نەك تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵكو لەسەر ئاستی هەرێمی و دەرەوەش. 

لەسەر ئاستی هەرێمی، بۆ هەریەكە لە توركیا و ئێران ئەو دووبەشكاریە كارگێڕی‌ و سیاسیەی لە هەرێمدا دروستكراوە باشترین دۆخە بۆ ئەوەی بتوانن ئاراستەی بكەن ‌و ویستی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن. لە هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەیەكی سیاسی وەك بزووتنەوەی گۆڕاندا ناكرێت رەچاوی ئەو راستیە نەكرێت كە سیاسەتكردن بە تایبەتیش بواری ئۆپۆزسیۆنبوون لە هەرێمی كوردستاندا بوارێكی تا بڵێی سەختە و وابەستەیە بە چەند هاوكێشەیەكی هەرێمی كە بەرەنگاربوونەوەیان لە توانای پارتێكی سیاسی زیاترە.

گۆڕان وەك رێكخراوێكی سیاسی تۆكمە كە بەشداری سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كردووە، ئێستا كەوتووەتە سەر پێ ‌و وەك دامەزراوەیەكی سیاسی جێگای خۆی قایم كردووە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا، بە جۆرێك كە پرۆسەی بڕیاردروستكردن تێیدا لە زۆر حزبی تر دامەزراوەییتر و ئاسانترە. نەك هەر ئەوە بەڵكو ئەگەر وێنە گەورەكە ببینین، دەتوانین ئەوە بڵێین كە بەشێكی زۆری گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناو پرۆسەی حوكمڕانی ئینجا چ لە پەرلەمان ‌و حكومەت بێت یان لەناو خودی حزبەكانی دەسەڵات، بەجۆرێك لە جۆرەكان سەهمی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدایە. هەر لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی تاكی كوردەوە بگرە تا رەخساندنی بواری راگەیاندنی ئازاد و چاكسازیی پەرلەمانی ‌و دروستكردنی كولتووری ئوپۆزسیۆنبوون و دواتریش رەقابەت بەسەر دەسەڵات ‌و حكومەت‌ و چەندان كەناڵی پەنهانی تر كە پێشتر نەبینراو بوون یان ئەگەر باسیشی لێوەكرابایە دەنگێكی زۆر كز و شەرمنانە بوون. ئەو بزووتنەوە سیاسیە لە سەرەتای هاتنە ناو كایەی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە كۆمەڵێك گەنج ‌و دەنگ و رەنگی تری هێنایە ناو دەسەڵات كە بەشێك نەبوون لە خوێن ‌و سێبەری ئەو توێژە حوكمڕانە كلاسیكییەی سەردەمی شاخ، ئەوانەی بەشی هەرەزۆریان ئەگەر مەرگیش مەیدانی پێ چۆڵكردبن، لە دەرگایەكی ترەوە هاتوونەتەوە سەر تەختی حوكمڕانی. 

لەلایەكی ترەوە‌ بواری سیاسەت بوارێكی تەواو ئەخلاقی نییە تا بڵێین ئەوانەی دەبنە بەشێك لەو بوارە ئیتر دەبێت بۆ هەتاهەتایە بە پاك‌ و بێگەردی بمێننەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش هەڵقوڵاوی ژینگەی سیاسی ‌و كولتووری ‌و كۆمەڵایەتی كوردستانە، دەكرێت كەسانێك هەبن بە دوای بەرژەوەندیی تایبەت ‌و دەوڵەمەندبوون ‌و پێگە و مەكانەتدا بگەڕێن، بەڵام بە بەراورد بە لایەنەكانی تر رێژەی ئەو كەسانە لەناو ئەو بزووتنەوەیە زۆر كەمترە تا لەناو لایەنەكانی تر. راستە كەسانێك لەناو ئەو بزووتنەوەیەش بەهۆی مووچەی بەرزی هەندێك دەزگای وەك پەرلەمان ‌و ئەنجوومەنی وەزیران دەسكەوتی ماددیی باشیان دەسكەوت، بەڵام ئەوە بەهیچ جۆرێك ناچێتە قاڵبی گەندەڵی‌ و دزی، چونكە مووچە چ زۆر چ كەم مافی رەوای كەسەكەیە، بەڵكو ئەمە لەڕاستیدا خراپیی دابەشكردنی داهاتە لەلایەن حكومەتەوە بەتایبەت لە بواری كارگێڕیدا كە دەكرێت سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.   

ئەوەی زیاتر لەم وتارەدا مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە كە ئەو بزووتنەوەیە تا ئەو چركەساتەش تاكە پرۆژەی كارا و تەندروستە بۆ چاكسازیكردنی بوارەكانی حوكمڕانی و گەشەكردنی دیمۆكراسی بەروارد بە گشت ئەو هەوڵانەی تا ئێستا هەن لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا. ئەو پرۆژەیە ئومێدێكە پێویستە لە سیاقی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و دواتریش ئەو كەشە سیاسی ‌و ئاڵۆزەی كە هەیە لە هەرێم ‌و ناوچەكەدا هەڵیسەنگێنین. كۆمەڵێك پرس هەن بە تایبەت دەستكاریكردنی رژێمی سیاسی و سیستمی سیاسی، یاخود لادانی دوو حزبی دەسەڵاتدار، ئەمانە پرۆسەی زێدە زەحمەتن لە ئێستادا، چونكە نەك بزووتنەوەی گۆڕان بەڵكو پارتی‌ و یەكێتیش بەو هەموو جوگرافیا و هێزی سەربازی ‌و سامان ‌و پێوەندییە هەرێمیانەی كە هەیانە ناتوانن بەبێ یەكتر حوكمڕانی هەرێم بكەن، بۆیە ئومێدی ئەوەی لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن بتوانێت ئەو فۆرمەی حوكمڕانی بە ئاسانی راماڵێت پرسێكی ئاسان نییە. ئەوەی لایەنی ئوپۆزسیۆن لە هەرێمدا دەتوانێت بیكات دوو بواری سەرەكین: یەكەم لە رێگای بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی تاكی كورد بە ئاراستەی زەرورەتی چاكسازی لە حوكمڕانیدا. دووەمیش لە رێگای گوشار خستە سەر هێزەكانی دەسەڵات بە تایبەتیش لە حكومەت ‌و پەرلەماندا، ئەگەرنا بژارەی سێیەم زۆر ئەستەمە لەو ناوچەیە دەرفەتێك بڕەخسێنیت بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بە فۆرمێكی لە خۆی باشتر. 

زوبێر رەسول

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی