گەمەی ئیدارەدانی قەیرانەکان و براوەی ڕێککەوتنەکان

05/03/2019

شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم

ماوەی بەدیاریکراوی دوو مانگی ڕابردوو، بەپێوەرەکانی ئیدارەدانی سیاسەت، ماوەی ئیدارەدانی قەیرانەکان بوو لە هەرێمی کوردستان، چ قەیرانێک لەم هەرێمە لە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت و قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان گەورەتر و قورستر و بەبایەخترە، ئەو قەیرانەی کە بەردەوام لەدوای هەڵبژاردنەکان لەم ناوچەیەدا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی، لە وڵاتانێکدا کە هێشتا پرنسیپەکانی دیموکراسی دەڵەمەییە، گەورەترین کاریگەری دەکاتە سەر سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، تا ئەندازەیەک، تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، هەموو چین و توێژەکان، ئەوانەی دوورن لە ناوەندە سیاسییەکان و ئەوانەی نزیکن، سەرقاڵی ئیدارەدانی ئەو قەیرانە دەبن.

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، دوو ڕێککەوتنی زۆر گرنگ لە هەرێمی کوردستاندا واژۆکرا، ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ودواتر ڕێککەوتن نامەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەگەزی هابەشی ئەو دوو ڕێککەوتنە پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕەگەزە جیاکەرەوەکەشی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، سەیر لەوەدایە کە ئەم دووانەی کەلە سنورێکی جوگرافی هاوبەشدان، لەهەمانکاتدا کە عەقڵ و لۆژیک پێمان دەڵێت کە پێویستە ڕێککەوتن بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕێککەوتنی نێوانیان بەدی ناکرێت، هۆکار چییە؟ داهاتوو دەری دەخات.

لەگەڵ هەموو ئەو ڕووداوانە وبە خوێندنەوەی بیبۆگرافیای ڕۆژژمێری ڕووداوەکان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئیدارەدانی قەیرانەکە  - واتە قەیرانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت -  لەلایەن هێزەکانەوە لە ئاستێکدا بەڕێوەبرا کە ستراتیژی " شعیرە المعاویە" ی تیادا بەدی دەکرا، گرژکردنەوەی بارودۆخەکە لەلایەن هێزێکەوە، سادەکردنەوەی ڕووداوەکانی بەدوادا دەهات لەلایەن هێزەکەی بەرامبەرەوە، ئەم قۆناغە ئەوەمان پێدەڵێت کە لەگەڵ هەموو مەترسییەکاندا، بەڵام لایەنەکان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە تەنیا پێکەوە دەتوانن کاروباری حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی.

یەکێکی دیکە لەو ڕاستییانەی کەلەدوای کۆتایی گفتوگۆکان و ڕێککەوتنەکان بەدی دەکرێت لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەیە کە هیچ لایەنێک خۆی بە شکستخواردوو نازانێت، ئەم ڤێرژنەی گەیشتن بە کۆتاییەکان لە ئیدارەدانی قەیرانی دواکەوتنی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، ڤێرژنێکی نوێیە کلتوری کورد ئێستا پێی ئاشنا بووە، ئەمەش پێشکەوتنێکی چۆنیەتییە لە وتووێژەکانی نێوان لایەنەکان، لە ئێستادا سەرجەم هێزە سەرەکییەکان – دیارە مەبەستمان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانە – خۆیان بەبراوە دەزانن، بێگومان بە ئاستی جیاواز جیاواز، بەڵام گرنگە کە براوە بیت و ئەمەش ئامانجی بەردەوامی پێدانی وتووێژی سیاسییە لەهەموو شوێنێک و هەموو کاتێکدا.

گرنگترین دەرئەنجامی ئەو ڕێککەوتننانە بریتییە لەوەی کە چیتر لەناو پەرلەمانی کوردستاندا، هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر وەک بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی سێیەمی پەرلەماندا نابینرێت، بۆیە بەهەموو پێوەرەکان چاوەڕی دەکرێت کە ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان و کابینەی نۆیەم، سەقامگیرتر بێت بە بەراورد بەوانەی پێشوو.
شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی