ناخی بەعسیانە

06/03/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

لە ئەڵمانیا سەرەڕای ئەوەی كە براوەكانی شەڕ بەرلینیان وێرانكرد ، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیەی لەو شەڕەدا بە سەر ئەڵمانەكان هات ، بەڵام لەبەر ئەوەی وندون ، هەستانەوە ، هەستانەوەو هیتلەرو نازیشیان بەرنەفرەتی مێژوو خست ، لەوێ‌ شانازی كردن بە هیتلەرو نازیزمەوە كوفرو تاوانە ، ئەوە بۆیە لە دوای شەڕی جیهانی دوەمەوە ناخی نازییانەلە ئەڵمانیا بەرە بەرە پاشەكشەی كردووە ، لەوێ‌ نازیزمەكان و راسیزمەكان ئەگەر هەشبن ناتوانن بە ئاشكرا خۆیان نیشانبدەن ، راستە تا ئێستا رقبوون لە سەر ڕەش و رۆژهەڵاتی  بوونی هەیە ، بەڵام كەس بە ئاشكرا ناتوانێ‌ رەش بە نەفرەت كات ، لێ‌ هەمو رۆژ نازیەكان بە نەفرەت دەكرێن .
سەدام و بەعس هیتلەرو نازی عیراق بوون ، سەرەڕای ریشە كێش كردنی بەعس لە سەردەمی بریمەردا ، لێ‌ هێشتا بیركردنەوەی بەعسیانە ، ناخی بەعسیانە ، خۆسەپێنی بەعسیانە لە عیراق و كوردستانیش بوونی هەیە ، هەندێك جار ئەوانەی بە گژ سیاسەتی بەعسدا دەچنەوە ، بە گژ بیرو باوەڕی بەعسدا دەچنەوە ، نەفرەت لە بەعسیەكان دەكەن ،لە خۆسەپێنی و بوارنەدان بەوی تردا لاسایكەرەوەی بەعسین ، لە راستیدا بەعس نەماوە ، بەڵام زۆر جار بە نێوی ڕەوایدانەوە بە ڕووحی خۆپەسەندی هەندێك خەڵكی سیاسی ، رۆشنبیر ، تەنانەت پیاوانی ئاینی لاسایكەرەوەی هەمان ناخن .
بەعسیەكان خۆیان پێ‌َ لە هەموو ئەوانی تر باشتر بوو ، لایان وابوو كاتێ‌ ئەوان قسە دەكەن ، دەبێت هەموو ئەوانی تر گوێبگرن ، پێیان وابوو هەقیقەت هەر لای ئەوانە ، ئەوان هەموو خەڵكیان دەبەعسان ، حزبی بەعس خۆیشی حزبێكی عەرەبی بوو ، ئەوان خۆیان بە ئاقڵتر لە خەڵكی تر دەزانی ، پەروەردەی بەعس بەو جۆرە بوو كە ئەو حزبە باشترینە لە دنیای عەرەبدا ، هەموو ئەمانە لە دەرەوەی كوشت و بڕو لەناودانی بە كۆمەڵ و ئەنفالدا نمایش دەكران ، یانی بەشی زەبرو زەنگە خوێناویەكە نەبوون ، لێ‌ بەرتاقای ئەوە خراپ و مەترسیدار بوون .
بەعس وەك حزب ، وەك هێزی چەكدار هەڵوەشایەوە ، بەڵام وەك بیركردنەوە ، وەك ناخی بەعسیانە تا ئێستا درێژەی هەیە ، گەوجیە مرۆڤ خۆی پێ‌ فریشتە بێت و ئەوانی تر شەیتان ، خۆی پێ‌ هەقیقەتی رەها بێت و ئەوانی تر تۆزو با ، قسەی خۆی  ئایەتی قورئان بێت و قسەی ئەوانی تر كاڵفامی ، ئەمە هەمان بەعس رەوتاریە ، هەمان بیركردنەوەی بەعسیانەیە ،خۆ بە سپی زانین و ئەوانی تر بە ڕەش زانین بە مانا نەرێنیەكەی ئەو پەڕی گێلیە ، جگە لەوەی ناكۆتا لەو نێوانەدا ڕەنگ هەیە ، رەش و سپیش رەنگن ، دەبێت بەراوردەكە شتێكی تر بێت .
لە یادی راپەڕیندا ، ئەو راپەڕینەی وەك شۆڕشی فەڕەنسا بەشێكی زۆر لە جوانیەكانی خۆی لە شەڕی ناوخۆدا هاڕی ، كاتی ئەوەیە بە گژ ئەو ناخپیسیەدا بچینەوە ، كاتی ئەوەیە بەو جۆرە كەسانە بوترێت هێواش ئێوە بە عس دووبارە دەكەنەوە .دووبارە كردنەوەی بەعس ئەوەیە كە بە ناوی نیشاندانی ئەوانی ترەوە بە بەعسی خۆت لاسایكەرەوە بیت .
ئەگەر كاتی خۆی ئەو قۆناغەمان بە جۆرێكی دادگەریانە دادگای كردباو چوار موستەشارمان بدایەتە دادگا ئێستا دۆخەكە بەو جۆرە نابوو .
 لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی