نەوشیروان مستەفا ڕاپەڕینی كرد بە موڵكی هەموان

07/03/2019

پێشڕەو بابەشێخ

یەكەم شۆڕشگێڕ و مێژوونوسە، خاوەندارێتی ڕاپەڕین و شۆڕشی لەمۆركی كەسی و تایبەتەوە گۆڕی بۆ موڵكی گەل   .

ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱  بە وەرچەرخانێكی گرنگ و دیار دادەنرێت لە مێژووی خەباتی نەتەوەی كورد بەگشتی و گەلی كوردستان لە باشوری كوردستان بەتایبەت   . ڕوداوێكە بە هۆی گرنگی و لێكەوتەكانی ودەرەنجامەكانی بوە بە قۆناغێك لە قۆناغەكانی مێژووی گەلی كورد . 

ئەوەی مەبەستمە باسی لێوە بكەم هۆكارەكانی ڕاپەڕین و دەرەنجامەكانی دوای ڕاپەڕین نیە، بەڵك و ئەوەی ئامانجەكەمە بتوانم شیكردنەوەیەك بۆ ڕۆڵی ( ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا)  بكەم وەك نەخشە داڕێژەر و ئەندازیارو كاراكتەری سەرەكی ڕاپەڕین و جێبەجێكاری ڕاپەڕین و لە پاڵ ئەمەشدا خۆ دەرنەخستن و خۆ بە پاڵەوان نەكردن و بەكەسی نەكردنی ڕاپەڕینەكە . 

ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ یاخود ڕاپەڕینی باشوری كوردستان ئەگەرچی دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچە كە و نێودەوڵەتیش لەباربوون و كوڵانی ناوچەكە بوو بەڵام هەر لە خۆوە و خۆڕسكانە نەبوو، بەڵك و پلان بۆ داڕێژراووئامادەكاری بۆ كراوبوو لەلایەن سەركردایەتی شۆڕشی ئەوكات و لەناویشیاندا بەسەركردایەتی و ڕابەرایەتی خودی نەوشیروان مستەفا ئەمین . بەتایبەت دوای جەنگی عێراق- ئێران و  شاڵاوەكانی ئەنفال و هەڕەشەكانی ڕژێمی دەسەڵاتداری  بەعسی عێراق بۆ دەوڵەتە دراوسێكانی و لە دواجاریشدا هێرشكردنە سەر وڵاتی كوەیت و هەڕەشەكانی هاوپەیمانان بۆسەر عێراق . هەموو ئەمانە هۆكاربوون بۆئەوەی بەرنامە ڕێژی خێرا و بەرنامەیەكی تۆكمە دابنرێت بۆ ڕاپەڕین و بەگژداچونەوەی ڕژێمی بەعس كە دەمێك بوو  زوڵم و زۆرداری بەرامبەر بە گەلی كورد گەیشتبوو بە ترۆپك. بە پێی هەموو بەڵگە نامەكان بیركەرەوەوداڕێژەری هەموو ئەم بەرنامانەی بۆ ڕاپەڕین دانران دەگەڕێتەوە  بۆ خودی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە . 

بە وردبونەوەی تەنها چەند لایەنێكی ئامادە كاریەكان بۆ ڕاپەڕین دەگەین بەو ڕاستیەی كە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕابەری ئەم بیرە بووە :

پەیوەندیەكان / بە پێی هەموو بەڵگە نامە نوسراو و تۆماركراو و شایەتحاڵەكانیش ڕێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی شار و شاخ و كۆكردنەوەی هێزە پەرتەوازەكانی دوای ئەنفال لەناو شارەكان و دروستكردنی هێزی چەكداری ( سرك ) بەسەر پەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا بوە . پەیوەندی بە كەسایەتیە نیشتمانیەكان و كورد پەروەرە دێرین و دیارەكانی كورد لە شارەكان و لەلایەكی تر پەیوەندی كردن بە بەشێك لە چەكدارە كوردەكانی ئەوكاتی ڕژێمی عێراق و بەرپرسەكانیان بۆ هاوكاریكردن و هاندانیان تا لە ڕاپەڕین پشتیوان بن و بەشێك بن لە ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە بۆ خودی نەوشیروان مستەفا لە ڕێگەی پەیوەندی كەسی و نامەوە . جگە لە پەیوەندیكردنی بە سەركردایەتی بەشێك لە سەركردایەتی هێزەكانی نێو بەرەی كوردستانی و هەوڵەكانی بۆ بەشداریكردنی كارایان لەم ڕاپەڕینە . 

٭ ڕاگەیاندن / وەك ئەوەی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان تاكە كەناڵی بیستراوی ئەو سەردەمە بوە و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا لەم كاتەدا بەڕێوە چوە ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە گەیاندنی ئاماژەكان و ئەو جفرانەی تایبەت بون بە ڕاپەڕین و ئەو كاسێت و نوسراوانەی پێویست بوون لەم كاتەدا و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بۆ داوای هاوكاریكردن . لەو كاتەدا ڕادیۆ باشترین ئامێری بەیەك بەستنەوەی پەیوەندیەكانی شاخ و شار بوو بەتایبەت ئەو ڕادیۆ گەڕۆكەی لەگەڵ خودی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو لەم كاتانەدا . جگە لە هەموو ئەو پەخشنامە و نوسینانەی گیانی شۆڕشگێڕی و یەكبون و گیانی هاریكاری لە نێو هێزەكان پتەوتر دەكرد كە لەلایەن ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە دەنوسران . ئەگەر هەوان كۆكبین لەسەر ڕۆڵی ئەم ڕاگەیاندنە لەم كات و ساتەدا، ئەوە هەوڵ و كاریگەری سەرپەرشتیكاری ڕاگەیاندن كاریگەرترو بیرمەندانەتر دەردەكەوێت لەم سەركەوتنە . 

٭ سەربازی / هەر كات جەماوەری كوردستان دڵنیایی هەبوبێت لە پشتیوانیەكی سەربازی بەهێزوتۆڵەستێنی چیا ئاسا،  ئازایانەتروچاونەترسانەتر ڕوبەڕوی ڕژێم بۆتەوە، كاتێك هێزی پێشمەرگە ڕێكدەخرێتەوەوئامادەدەكرێن، بۆ دابەشكردن بەسەر ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و بەسەر چەند میحوەرێك دابەش دەكرێن لە ڕێگای چەند ڕەتڵێكی پارتیزانی، هۆكارێكن بۆ پاڵپشتیەكی بەهێز و هەستانەوە و دروستكردنەوەی ئومێد و ئیرادە بۆ جەماوەری كوردستان . هەموو ئەو شانە چەكدارانەی لەناوشارەكان لە لایەن ئەو  پێشمەرگانەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم چەكیان دانابوو وە هەموو ڕێكخستنەكانی پێشوو و بەردەوامەكان و هەموو پارتیزانەكان و ڕەتڵە جیاواز جیاوازەكانەوە كە سەپەرشتی دەكران لە لایەن خودی (نەوشیروان مستەفا) وە. وە هەر جوڵەیەكی سەربازی بە ئاگاداری ئەو بەڕێوە چوە و بەفەرمانی ڕاستەوخۆی داڕێژەری ڕاپەڕین بوە .  

تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئەم سێ لایەنەی پێكهێنەری ڕاپەڕین ئەوە دەسەلمێندرێت كە ڕاپەڕین بە بیر و كاركردن و  فەرمانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستی پێكردوە بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە بەشێكی زۆری باس و خواسی ئامادەكاری بۆ ڕاپەڕین و لە دواجاریشدا جێبەجێكردنی لە كاراكتەری ترەوە پێمان گەیشتوە نەك لە خودی نەوشیروان مستەفا، كە هەر یەكێك لەو كاراكتەر و شۆڕشگێڕ و بەشداربوانەی ڕاپەڕین لە باسكردن و گێڕانەوەی مێژووی ڕاپەڕین بەبێ ئاماژەدان بە ڕۆڵ و كاریگەری نەوشیروان مستەفا نەیانتوانیوە باسەكەیان تەواو بكەن و  ئەو ڕاستیەیان خستۆتە ڕوو كە لە دواجاردا هەموو فەرمانەكان لە ئەوەوە وەرگیراون . 
 ئەوەی لای من مایەی تێڕامانە و شایەنی قسە لەسەر كردنە، بۆچی خودی نەوشیروان مستەفا بۆ جارێكیش هەموو ئەمانەی بەتەنها نەكرد بە مووڵكی كەسی ؟ 
بۆچی نەوشیروان مستەفا پێش هەمووان و وەك یەكەم سەركردە دەڵێ خەڵك ڕاپەڕینی كرد؟ 
بۆچی ئەم ڕۆڵە گرنگ و كاریگەرە لە ڕۆڵی تاك و گروپ و لایەنێك و هێزێك كورت ناكاتەوە و دەیكات بە ڕۆڵێكی گشتی و دەیكات بە موڵكی گەلێك ؟
بۆچی وەك یەكەم كەس و وەك ئەندازیاری ڕاپەڕین خاوەندارێتی ئەم قۆناغەی مێژووی
كورد دەگێڕێتەوە بۆ جەماوەر و گەلی كوردستان ؟  
ئەگەر بە لاپەڕەكانی مێژووی كورد دا بچینەوە زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی كورد بە ناوی كەسایەتی و ڕابەران و ناوچەكانەوە بوە، لەگەڵ ئەوەی نمونەی (یەكێتی كوردانی ) شۆڕشەكەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و( خۆیبونی) سەردەمی  احسان نوری پاشا و چەندانی ترمان هەیە بەڵام لە دواجاردا شۆڕشەكە بەناوی كەسایەتیەكەوە ناونراوە .

دەتوانم بڵێم لە مەشدا نەوشیروان مستەفا پێشەنگ بوو بۆ خزمەتی مێژووی گەلی كورد، نەوشیروان مستەفا نەك هەر خۆی نەكرد بە پاڵەوان و ئەندازیاری ڕاپەڕین، بەڵكو بە ئینسافەوە  ڕێگری كرد لە بەخشینی مۆركی كەسی و ناوچەیی و هێز و لایەنێكی تایبەت و بەرەو عەشیرەت بە ڕاپەڕین و هەموو خەڵكی كوردستانی كرد بە خاوەنی ڕاپەڕینی گەلی كورد لە باشوری كوردستان .
ئەو دەیتوانی مۆركی كەسی یا حزبی  بدات بە داینەمۆ و داڕێژەری ڕاپەڕین بەڵام مۆركی نەتەوەیی و گشتی پێدا . 
ئەو دەیتوانی مۆركی بەرەی كوردستانی پێبدات و بیكات بە موڵكی بەشێك بەڵام بە بەخشینی مۆركی جەماوەری هەر تاكێكی كرد بە خاوەنی ئەم قۆناغە پیرۆزەی مێژووی گەلە كەمان .

پێشڕەو بابەشێخ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی