ئەسڵی قەزیە

ئەسڵی قەزیە

دانا رەشید


952 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

کاتێ یادی راپەرین دەکەیتەوە، ته‌نها ٢٨ رۆژ لە بەرخودان و قوربانیدان دەهێنینەوە یادی خۆمان ، ئەوکاتەی بۆ ماوەی کەمتر لە مانگێک کوردستان کورد خاوەنی بوو بە بێ جیاوازی بیرورا، کاتێ کەسێک شەهید دەبوو بۆی دەگریایین بێ ئەوەی بزانین ئایا سەر بە چ حیزبێکە ،ئیدی کورد بوون ئەو ٢٨ رۆژە بوو ، لە کۆرەوە مەزنەکەوە میحراری گیانی ئەو کورد بوونە رۆژ دوای رۆژ و ساڵ دوای ساڵ دەهاتە خوارێ ، بەڵام ئەسڵی قەزیە راپەرینەکە نەبوو بەڵکو گیانی کورد بوونەکە بوو کە پێێ راپەرین ،ئەو هێزەی کە تا رزگار کردنی شاری خوێناوی کەرکوک رۆیشت ، ( ئەندازیرەکە ) نەبوو ، بەڵکو ئەو جۆشە کوردانەیە بوو کە لایەنگری هەموو حیزبەکانی کردبوو بە برایەکی حەقیقی ، تا ئەوکاتە رەنگەکانمان جیا نەکردبوەوە ، واتە ئەسڵی قەزیە رەنگی حیزبەکان نەبوو بەڵکو رەنگەکانی ئاڵای کوردستان بوو ، ئەوکاتە کاتێ هاوڵاتی کورد لەگەڵ یەک گفتوگۆیان دەکرد نەیان دەوت ئاخۆ کێ سەرۆکەو کێ لایەقی سەرۆک بوونە ، بەڵکو دەوترا کورد لایەقی بە دەوڵەت بوونە ، واتە ئەسڵی قەزیە دەوڵەتی کوردی بوو نەک سەرۆکی پشتاو پشتی کوردی ، خولاسە ئەوەی یادی دەکەینەوە و شانازی پێوەدەکەین راپەرنەکە نی یە بەڵکو ئەسڵی قەزیە لە بەرگی ئەو یادەوەریەدا ئەو ماوە کورتەی کەمتر لە مانگێک گیانی کورد بوون و سەربەخۆیی و برایەتی نێوان تاکەکانی کورد بوو کە ئەگەر ئەم ٢٨ ساڵە درێژەی بکیشایە ئێستە لە دەوڵەتی سەربەخۆدا یادمان دەکردەوە بە مەراسیمی چەند هەفتەیی ، 
کۆرەو تەعبیر نەبوو نە شکستی راپەرین ، بەڵکو کۆرەو راپەرینیێکی گەورەی کەم وێنەی میلەتێک بوو ، کە هێندەی تر کوردی وەک میلەتێکی سەربەخۆ پیشانی جیهان دا ،هەموو جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی روبەروی تەریق بوونەوەیەک کرد کە بەرژەوەندی ئەوان جۆن دڕندەیەکی هاوشێوەی صدام دروست کردوە میلەتێکی ٥ ملیۆنی سەرلەبەری لە تاو چەکە کوشندەکانی دروست کراوی ئەوان دەدەنە کێوان ،ئاخر کورد بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنفالی دیبوو ، چۆن میلەتێک جینۆساید کراو جیهان گوێی لە هاواری نەبوو ، 
واتە ئەسڵی قەزیە ترسی رژێمی صدام نەبوو بەڵکو ترسی ئەنفال بوو کە بە بەرچاوی جیهانەوە جارێکی دی ئەنفال نەکرێێنەوە ، 
هەتا ئێرە نە سەرکردەو سەرۆکی حیزبەکان رۆڵێکیان هەبوو لە هەڵچون و داچون لە راپەرین و کۆرەو ، نە ئەندازیارەکانیش توانیان یەک سەمون یا دەستێک نان بۆ خەڵکی راکردو فەراهەم بکەن ، ئەوەی ئەو مێژوە پڕ سەروەری و پڕ بەرخودانەی تۆمار کرد ، یەک بوونی سروشتی کورد بوو ، واتە ئەسڵی قەزیە کورد بوون بوو ، کە چ رژێمی صدام چ ئەدرۆگان ، چ کۆماری سێدارەی ئیران ، چ ئەسەدی رێوی مەزهەبی سوریا ، هەر ئەو ئەسڵی قەزیەیە کە کوردی پێ لەناو دەبەن .
لێرەوە رۆڵی حیزبەکان دەست پێ دەکات کە بۆ ئەوەی ببن بە جۆرێک لە دەسەڵاتدار بە بیانوی گەرانەوەی میلەت چون بۆ بەغدای پایتەختی تاوان و گەورەو پچوکیان کەوتن بەسەر دەستو پێێ صدامی خوێنخۆردا ، بۆ مەرامی خۆیان هەموو دەستکەوتەکانی میلەتیان بە با دا ، گوایە گفتوگۆ دەکەن ، لە کاتێکدا رژێمی صدام دەسەڵاتی بەسەر قەزایەکی کوردستاندا نەدەرۆیشت بە عەمەلی ، هەر لە بەغدا بە تایبەتی پارتی و یەکێتی دەستیان کرد بە تەفرەقەو لێک جیا بوونەوە و لەسەر کەوڵی قەزیەی کورد یەکتریان تاوانبار دەکەرد ، پارتی دەیوت سەقفی داواکاریەکانی کورد ( حوکمی زاتییە ) و صدام زامنی مافی کوردە ، یەکێتی دەیوت ، سەقفی مافی کوردستان فیدراڵی یەو دەبێ پست بە هێزەکانی تەحالوف ببەستین ، هەربۆیە هەمیشە لە نیوان ئەو دوو حیزبە گەورە کوردیەدا ئەسڵی قەزیە کە مافەرەواکانی کوردو کوردستانی بوون بوو دەبوو بە ژێر دەستوپێێ دوو سەرۆکەوە کە لە شەستەکانەوە ئەڵی قەزیەی کوردیان دەهاڕێ ، 
لێرە بەدواوە ماوەی ٢٨ ساڵە 
ئەوەی میلەت دەیویست یەک بوون و کوردایەتی بوو ، ئەوەی حیزبەکان دەیانیست ، حیزبی بوون و خێڵایەتی بوو 
ئەوەی میلەت دەیویست ژیانێکی هەژارانەی سەربەرزانە دوور لە ترسی ئەنفال و کیمیایی و راوەدونان ، ئەوەی حیزبەکان دەیانویست ، زۆرانبازی هێز لەگەڵ یەکتری و یەکتری پاکتاو کردن و خۆ سەپاندن بوو 
ئەوەی میلەت دەیویست تێکەڵاوی نیوان شارەکان و ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و بنیات نانەوەی ژیان وەک خۆی سارێژ کردنی برینی ئەنفال بوو ،ئەوەی حیزبەکان دەیانویست بەکار هێنانی رۆڵەی شارەکان و دەست بەسەرداگرتنی گوندەکان و هەمیشە زەق کردنەوەی کێشەکان و تیمار نەکردنی برینی ئەنفال و کیمیایی 
ئەوەی میلەت دەیویست ( کار بکات و نان بخوات و بەرگی خۆی بدرێ ، بە بێ ئەوەی ناچار بکرێ رێێ تاوان بگرێ ) ئەوەی حیزب دەیوست ، نان و کاری لێ زەوت کات و قوتی میلەت بە ئازادی پێێان بفرۆشێتەوە و ، یەکگرتن بۆ دووکەرت بوون ، یەکریزی بۆ پەرت پەرت بوون ، رەنگەکانیان لێ شێوانین ، رێێ ئازادی و سەربەخۆییان لێ بزر کردین ، ئاشتی کۆمەڵایەتیان وێران کرد ، پارچەکانی تری کوردستانیان لێ کردین بە دوژمن ، شەری خۆ کوژیان تەشەنە پێ کرد بۆ پارچەکانی تریش ، تا فرۆشتنی سەرزەوی ژێر زەوی ، تاڵانکردنی هەرچی هەیەو نی یە ، تەنانەت هەر خەون مابوو بەدەست مرۆڤی کوردەوە ئەوەشیان کرد بە خەونی شاعیرانە ، 
کەواتە ئەسڵی قەزیە ٢٨ ساڵە لە داهات و سەروەتی سەرزەوی و ژێر زەوی قران و میلەت قران و خەونی دەوڵەت قرانە، لە یادی ( راپەریندا ) ئەندازیارەکە نی یە ، ئەو خەونە ٢٨ رۆژە بەعسی قرانەیە ، لە مێژودا کورد ئازارەکان کۆی کردەوە، نەک حیزبەکان



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved