هه‌ندێک له خاڵه لاوازه‌کانی بزوتنه‌وه‌کانی ژنان
له سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌یی
- هه‌ژمونی ده‌سه‌ڵاتی ڕاستڕه‌و.
- به‌هێز بونی ڕاسیزم و لیبرالیزم و ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ره‌نجامی بێهێزی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ.
- زۆرینه‌ی قسه‌که‌ران و ڕابه‌رانی یه‌کسانی ژن و پیاو (فیمینیسته‌کانن) که خودی فیمینیزم و زۆرینه‌ی باڵه‌کانی له هه‌ناوی به‌ره‌ی ڕاست و لیبرالیزمه‌وه ده‌رچووه. ئه‌مانه‌ش ئامانجیان گۆڕینی سیسته‌می سیاسی نیه به‌ره‌و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵکو ته‌نها بۆ هه‌ندێک ڕیفۆرمه له‌ناو خودی ده‌سه‌ڵاته نایه‌کسانه‌کاندا.
- زۆرینه‌ی ڕێکخراوه‌کانی ژنان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ڕێکخراوی نوخبه‌ن، نه‌ک لە هەموو ژنان و بۆ هه‌موو ژنان، وه ئه‌وانیش به‌شێکن له سیسته‌مه سیاسیه‌کان.
- به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر تا ئێستاش بزوتنه‌وە و خه‌باتی ژنان هێشتا له ئاستی په‌رچه‌کرداردایه، تا ئه‌وه‌ی که به‌شدار بێت له بیناکردندا.
- زۆر جار بزوتنه‌وه‌کانی ژنان هه‌وڵه‌کانیان ىۆ بەدەسەڵات گه‌یشتنی ژنانه و جێگاگرتنه‌وه‌ی پیاوان و وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌یه که پیاوان هه‌یانه، نه‌ک گۆڕینی سیسته‌مه سیاسیه‌کان به‌به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگه و مافه‌کانی مرۆڤ به ژن و پیاوه‌وه.
- به‌ده‌ر له‌وه‌ی که ئایدیۆلۆجیای سیسته‌مه سیاسیه‌کان ڕۆڵی " ژن بون" و "پیاوبون" "قوربانی" و "تاوانبار"یان داهێناوه و چه‌سپاندوه، هەر ئەمەش بوەتە بەشێک لە خەسلەتەکانی ڕەوتە جیاوازەکانی ژنان. بۆیە شێوەی کارکردن بۆ وه‌لانانی ئه‌م سیستمه لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوانەوە وابه‌لاڕێدا براوه که بوه‌ته ڕێگر بۆ تێگەیشتنی بزوتنەوەی ڕاستەقینەی یەکسانیخواز، لەهەمان کاتدا شێوەی کاری ئەم ڕەوتانە بوەتە ڕێگریش له‌به‌رامبه‌ر هاتنه مه‌یدانی ئه‌و پیاوانه‌شدا که له‌گه‌ڵ سیستمێکی یه‌کسان و دادپه‌روه‌ردان، به‌تایبه‌ت له کوردستان.
- زۆرێک لە بزوتنه‌وه‌کانی ژنان ئامانجیان دروستبونی عاله‌مێکی ژنانه‌یه له‌به‌رامبه‌ر عاله‌می پیاوانه‌دا، که ئه‌مه ڕێک پێچه‌وانه‌کردنه‌وه‌ی هاوکێشه‌که‌یه به‌باره‌که‌ی تری‌دا و دوباره دروستکردنه‌وه‌ی هه‌مان بارودۆخه که نیوه‌ی کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به‌سه‌ر نیوه‌که‌ی تری‌دا.
- تا ئیستاش زۆربه‌ی "ڕابه‌رانی" ژنان وه‌ک قوربانی دەناسێنرێن و قبوڵدەکرێن، له قاڵبی گوناح و داماودا دەناسێنرێن تا نەچنە ئەو ئاسته‌ی که به ئیراده‌وه و به‌بێ منه‌ت و به‌بێ به‌راوردکردنی خۆی به پیاو به‌ڵکو شان به‌شانی ئه‌وان هه‌نگاو بۆ گۆڕینی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا بنێت به‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوک ژن و پیاو. تەنانەت زۆرجار یاخیبون و ئازادی و ئازایەتیش دوبارە دەچێتەوە قاڵبی قوربانی. کە ئەمە خۆی لەبەرژەوەندی سیستەمە سیاسیەکاندایە بە تایبەت لە ئەوروپا.
- به‌داخه‌وه ئه‌م سیفه‌تانه‌ش که بزووتنه‌وه‌کان هه‌یانه له زۆربه‌ی زۆری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و بوه‌ته به‌شێک له خه‌سله‌تی شه‌خسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و له ناو ژیانی ڕۆژانه‌شدا به‌ریده‌که‌وین.
- پرسی ژنان پرسێکی تەواو سیاسیە، بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان ناتوانن دەوری ئەوە ببینن کە ڕاستەوخۆ دەستکەوتی یاسایی و ئابوریان بۆ پرسی یەکسانی هەبێت، چونکە ئاشکرایە کە ڕێکخراوەکان دەسەلاتداران و بەڕیوەبەرانی کۆمەڵگا نین، بەڵکو ئەوە خودی دەسەلات و سیستەمە سیاسیەکەیە. بۆیە کاری ڕێکخراوەکان هەڵخڕاندنی کۆمەڵگایە لەدەوری ئامانجە کورتماوە و ستراتیجیەکانیدا سەبارەت بە پرسی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، وە لەو ڕێگایەوە دەست بۆ ڕێکخستنی ژنان و پیاوانی چالاکی ئەو مەیدانە ببەن بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی و یاسایی بەبەرژەوەندی ئەم پرسە. ئەمە شان بەشانی ئەو بزوتنەوە سیاسیەی کە پایەکانی لەسەر یەکسانی و دادپەروەری داڕێژراون.
ئەمانەش هەمووی سەرەنجامی کاریگەری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خودی سیستەمە سیاسیەکان خۆیانە. لە بەرژەوەندی و بۆ بەردەوامی ئەو سیاسەتانەیە کە بەشێک لە ژنان و بەشێک لە پیاوان لێی بەهرەمەندن، نەک هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە.
هەڵبەتە هەندێک لەم خاڵانە باسی زۆر دەوێت و لێرەدا ناکرێت.
تیبینى: ئەم وتارە هەرچەندە بۆ هەشتى مارسى ٢٠١٧ نوسراوە بەلام بۆ ئیستاش گونجاوە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی