٨ی مارس

07/03/2019

عەلی مەولود

٨ی مارس، رۆژی ژنانە، رۆژی ئەو بەشە لە مرۆڤەکانە کە تا ئەوکاتەی ئەوان "وەک دایک" سالاری کۆمەڵگا بوون، ئاسەوارێک لە چەوساندنەوەو جیاکاری رەگەزی نەبوو، چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ و جیاوازی چینایەتی لەئارادا نەبوو، بەڵام هەر کە کۆمەڵگای چینایەتی بوو بە فۆرمێک بۆ ژیانکردن، کە چەوساندنەوەی بەرهەمهێنەران بوو بە ژێرخانی شارستانیەتی کۆمەڵگای چینایەتی نوێ، ژنان لەڕووی رەگەزیەوە هەڵاوێردران و کران بە پلەدوو، خێزان وەک یەکەیەک بۆ بەرجەستەکردنی پاشکۆیەتی ژنان پێکهات، ستەمکردن لە ژنان هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای چینایەتی پیاوسالار دەستی پێکردو ئەم پیاوسالارییە بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگا چینایەتیەکان، هەر لە کۆیلایەتیەوە تا دەرەبەگایەتی و تا سەرمایەداری، درێژەی بووە.

٨ی مارس، لەهەمبەر ئەو سیستەمەو جیاکاری و ستەمکاریەکانی، هاتۆتەبوون و رۆژی بەرەنگاری دژی هەڵاواردنی رەگەزییە، رۆژێک نیە دەسەڵاتداران و چینە داراکان بەژنانیان بەخشیبێت، رۆژێکە بە خوێن و خەبات بەدەستهاتووە، خوێن و خەباتی کرێکارانی رستن لە ئەمریکا، خەباتی ژنانی تێکۆشەر، خەباتی تێکۆشەرانی رێگای یەکسانی و ئازادی، خەباتێک کە درێژکراوەی یاخیبوونی مرۆڤە لەبەرامبەر سیستەمی چینایەتی و خۆی جۆرێکە لە بەرەنگاری، ئەم خەباتە لە رێڕەوی خۆیدا دەسکەوت و پێشکەوتنی زۆری بەدیهێناوە. لەچاو سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم رۆژەوە، پێگەو کەسایەتی ژنان و تەنانەت فۆرمی کارکردنیان ئاڵوگۆڕی زۆری کردووە، ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرۆکەکانیان ژنەو ژن پلەوپۆستی باڵای هەیە، سەربەخۆ لەوەی چۆن و بۆچی بەکاری دەهێنن، تەنانەت لەکوردستانیش کە لە بن دەستی دەسەڵاتێکی پیاوسالاردایە، ژن بووە بە وەزیرو پەرلەمانتارو سەرۆکی لیژنەو سەرۆکی پەلەمان و دەیان پیاوی ئاینی و مامۆستای زانکۆ و پیاو سالاری تەرەقەسوور، بەناچاری گوێیان لێدەگرن و پەیڕەوی لە بڕیارەکانیان دەکەن. سەرەڕای هات و هاواری زۆری کۆمەڵێک مەلاو موفتی و بانگخوازی ئیسلامی بۆ بەشوودانی کچانی کەمتەمەن و گێڕانەوەی ژنان بۆ کونجی ماڵ و منداڵەبەری، بەڵام ژنان لە کەرتی گشتی و لە کۆمپانیاکان و رێکخراوەکان و کەرتی تایبەت لەسەر ئاستێکی فراوان کاردەکەن و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی زۆریان هەیەو بەهۆی کارکردنەوە، وەکچۆن کۆمۆنیستەکان دەڵێن " کار ئینسانی خوڵقاند" جۆرێکی تر لە مرۆڤی ژن خوڵقاوە، پێشکەوتنی زانست زۆرکاری قورسی لەکۆڵ ژنان کردۆتەوە، سەفەرو شۆفێری کردنی ژنان لەسەر ئاستێکی بەرین ملی پێدراوە، لە خۆپیشانسانەکانی چەند ساڵی رابردوودا ژنان زۆرینە بوون و بەرگرییان نەک هەر لە مافی خۆیان بەڵکو لە ماف و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگاش کردووە.

هەڵبەت باسەکە لەسەر ئەوە نیە کە پلەدوویی و ستەمکاری سەر ژنان کۆتایی پێهاتووە، ستەمکاری لە ژنان ریشەی لە کۆمەڵگای چینایەتی دایەو هەتا دابەشبوونی چینایەتی بمێنێت، هەرچەند پێشکەوتن و پێشڕەوی هەبێت هەر ناگات بە یەکسانی و بۆ بەدیهاتنی یەکسانی پێویستە کۆمەڵگای چینایەتی هەڵوەشێتەوە، بەڵام ئێمە نابێت هەر دیوە تاریکەکانی ژیانی ژنان ببینین و ستەملێکردنی ژنان بلاوێنینەوە، بەڵکو پێویستە دیوی پڕشنگداری دۆزی ژنانیش نیشان بدەین و هەوڵی بەهێزکردن و بەرەو پێش بردنی بدەین و بۆ سەرکەوتنی زیاتر تێبکۆشین.

٨ی مارسی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ نەبەردییەکی دیکەی ژنان و کچانی رۆژاڤا، کە دەیان جەنگاوەرو مفتی و موجاهیدی دەوڵەتی ئیسلامی داعشیان بەچۆکداهێنا، کە لەژیانی واقیعی و دەوڵەتداری و حوکمڕانی خۆیاندا، ژنیان بە کۆیلەی پیاوو کەنیزەک و ناقیسولعەقڵ و سەرچاوەی موتعەو بابەتی کڕین و فرۆشتن دەزانی و هەربەوجۆرەش مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن، ئەوانە بەوپەڕی زەبوونیەوە خۆیان رادەستی " ژنانی بەرەنگار" کرد.

عەلی مەولود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی