نەژن سالاریی و نە پیاو سالاریی، حەق سالاریی

نەژن سالاریی و نە پیاو سالاریی، حەق سالاریی

کامەران قازی


534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆ ئەوەی باشتر هەنگاو بنێین، سەرەتایەکی باشتر بێت و لە کارەکانی ترمان نەچێت و کەمێ جدیتر بین و نەکەوینە داوی دروشمی پیاوانە و خۆ دوور بگرین لە کۆپیکردن، با لەم مەسەلەیەدا خۆمان بین و باسی ئازارەکانی خۆمان وا بکەین کە هەن، نەک بەوجۆرە کەخەڵک بۆمان باس دەکات. 

با شیکارەکان هی خۆمان بن و بتوانین بە جۆرێک سوود لە ئەزموونەکان وەربگرین کە یارمەتیدەرمان بێت بۆ چارەسەر، ئەم گرفتە نە بە دروشمی پیاوان، نە بەبەڵێنی سیاسییەکان چارەسەر ناکرێت، دەبێت لێی تێبگەین و بڕوامان پێی هەبێت، مەسەلەکە باس لە هەستی ئینسان دەکات ئەو هەستانەی کە هەندێکیان بەئەندازەی بوونی مرۆڤ تەمەنیان درێژە...

زۆر گرنگە بروا بوونەکەمان بە ئینسان بوونی ژن ئەو هەستەمان پێ ببەخشێت کە لەسەر تێکۆشانەکەمان رۆژانە بەردوام بین، ئەتەکێتی بازار ئاسا نەبێت،  بۆ ئەوە نەبێت کە کارێکمان ئەنجامدابێ، بۆئەوەبێت کە بەشێکی ئەرکی ئینسان بوونمان بەجێ گەیاندبێ ، زۆر گرنگە کۆبوونەوە و یەکتر بینینەکەمان مەبەستی درێژەدان بێت بە خەباتی راستکردنەوەی لارییەکان. نەبینە کاڵای گەرمکردنی بازاڕ بۆ چەند رۆژێک، کێشەکە لە گرتنی چەند وێنەیەکی یادگاریدا کورت نەکەینەوە، لە بن دەستی خۆمانەوە ژنان و منداڵانی نەتەوەکەی خۆمان و نەتەوەکانی تر رۆژانە خوێنیان دەبێتە مایەی گەرمکردنی چەرخی ئەو بازاڕی بەرژەوەندەیانەی کە کۆتاییان نایەت و نایەت، تا کارخانەکانی چەکسازی مابن ئینسان کوشتن هەر دەمێنێ، سەرەتای دەسپێکی جدی بۆ نەهێشتنی کوشتارگاکان بەستنی دەرگای کارخانەکانی چەکسازییە.

 ئەم مەرگانە نە بەکۆنفرانس و نە بە کۆبوونەوە چاریان ناکرێت، ئەوە لەبەر چاومانە نوێنەرانی رێخراوە جیهانییەکان وان لە سوریا، لە ژێر تەقینەوەی بۆشکەی پڕ لە بارووتدا، ئەوان لە ئوتیلی پێنج ئەستیرە دادەبەزن و ئەوی دڵ بیەوەێ ئەنجامی دەدەن، تا رێکخراوەکەت گەورەتر بێت و پلەو پایەت بەرزتر بێت، دوکانەکە بەرهەمی باشتر دەدات، کۆنفرانس و ئوتیلێکی شیک و خواردنی بەلەزەت، بوونەتە سیمای ناقۆڵای پڕ لە درۆی کۆنفرانسە جیهانییەکان بۆ پرسی ژنان و منداڵان و بێ هێزەکانی جیهان، ئەم نەخۆشییە ڕێکخراوە ناوخۆییەکانیشی گرتۆتەوە و ئیتر کۆنفراسەکان وەک ( پیشانگای خۆڕانانی ) بەشدار بووانی لێ هاتووە و بەدەگمەن دەتوانن ببنە چارەسەر، وەک رۆژی جەژنە، جلی تازە و نوێکردنەوەی ئاشناییەکان و .....هتد . 

( لە بزووتنەوەی باکوری کوردستاندا بەگشتی و لە گەڕان بەدوای چارەسەری ریشەیدا بۆ پرسی ژنان بە تایبەتی، سیمای جدی بوون و کاری دروست ئەنجامدان، خۆشبەختانە دەبینرێت و هیوادارم کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی ژنان لە باشوور و ڕۆژهەڵات و لە ئەوروپاش هەبێت و رزگاری کات لە قەیرانی خۆ دوپاتکردنەوە و کۆنفرانسی بێ هودە).
کۆنفرانسە جدییەکان لەم حاڵەتانە بەدەرن و ئەوانە هەر بەشێکن لە قۆناغەکانی بزووتنەوەکە کە ڕۆژانە کاری بۆدەکرێت و جێگای کارکردنە نەک خۆڕانان، چارەسەری پرسی وا بەردەوامی دەوێت و بەردەوام بوونیش بڕوا بوونی دەوێت لە قوڵایی ئینسان بوونمانەوە، هەرکاتێک خۆمان بووینە ئینسان باوەڕیشمان بەوە دەبێت کە ژنیش ئینسانە،  دروشمی پیاوانە سەرەتای سست بوونی بزوتنەوەکەتانە و نیشانەی نەگەیشتنتانە بە مەبەست، واتە بێ هودە کارکردن و لە زۆر حاڵەتدا ئەنجامی تەواو پێچەوانە چنینەوە.
ئەم پرسیارانە  دەکەم و بە کورتی و بە کوردی هەوڵ دەدەم وەڵامیان بدەمەوە: 
١- ئایا ئەم پرسە، پرسێکی سیاسیە؟.

٢- پرسێکی ئاینییە؟.
٣- نەرێتییە و سونەتی کۆمەڵگاکەمانە؟
٤- بۆ لە باشوور هێندە توندە؟
٥- خراپی پەروەردەیە؟
٦- جودایی قسە و ڕەفتاری پیاوانە؟
٧- وەک پزیشکێکی نەزان چارەسەری بێهودە دەنووسین؟
٨- چارەسەرێکی کۆپیکراومان هێناوە و خۆمان هیچمان پێ نییە؟
٩- زوربەی رێکخراوەکانی ژنان و پیاوان، پیشانگای خۆرانان و دوکانگەلێکن؟
١٠- یا ئەمانە هەموویان پێکەوە؟

• پرسێکی سیاسیە: وەک هەموو پرسەکانی تری ژیان، سیستەمی سیاسی یا دەبێتە هۆی پێشخستنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و دەیکاتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و هەنگاوی جدی دەنێت بۆ  چارەسەرکردنی، یا خۆی دەبێتە هۆی ئالۆزکردنی و رێگای گەشەکردنی دەگرێت، ئەوەی پێویستی بە نوێ بوونەوەیە، بڕیارە سیاسییەکانە، ئەو بڕیارانەن دەبنە هۆی قەیرانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و...هتد. 

• پرسێکی ئاینییە،  ئاین رۆڵی گرنگی هەیە  لە ژیانی ڕۆژانە و مەعنەوی  ئەو گەلانەدا، سیستەمێکی کامڵی  ژیانە، من باسی بیرو باوڕەکە دەکەم، نەک پراکتیزەکردنەکەی ، کاریگەری قوڵی لەسەر ڕووداوەکان هەیە، ئەمەش هەم بزوێنەری ناوخۆیی هەیە و هەم دەرەکی و لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستای ناوچەکەدا بزوێنەرە دەرەکییەکان کاریگەریان زیاترە، بەهەر حاڵ بوونی زەمینەی ناوخۆیی گرنگە بۆ گەشەکردنی ئەجنداکانی دەرەکی کە ئەو زەمینە ناوخۆییە لە باشووردا هەیە. 

• لەبەر ئەوەش ئاین تەفسیری جۆراوجۆری بۆ دەکرێت، کاریگەرییەکەی بە زۆر ڕەنگ دەردەکەون و ئەم لێکدانەوە جودایانەش  بۆ خۆیان ئاڵۆزییەکەی گەورەیان دروست کردوە، بەڵام بەهەر حاڵ ئەمە هزرە و بیرکردنەوە و لە ڕەوتی مانەوە و بزوتنیدا لێکدانەوەی جودا دروست دەکات چونکە پەیوەندی هەیە بە تێگەیشتنەوە و ئەوەش لای مرۆڤەکان لە ئاستی جودادایە.

• نەرێت نەبووە و ئەم ڕووداوانە لە وەوبەر دانسقە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئازاریی ژنان شاردراوەتەوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا، پەیوەندیەکانی ئەوسا بنەمایەکی مەعنەوی زیاتریان هەبوو بۆیە وا بەسانایی لەبەردەم خواستی بازاڕدا هەرەسی نەدەهینا.

• زۆر هۆ هەیە کە ئەم مەسەلەیەی  توند کردۆتەوە لە باشووردا، یەکێک لەوانە باشوور لە تەماسێکی بەردەوامدابووە لەگەڵ کلتوری نەتەوەیەکی تر کە توند و رەق و توڕەیە و زۆرترین گرفتەکانی بە ( هێز) چارەسەر دەکات، بۆ نمونە بیرکردنەوەیان لە چارەسەری نەتەوەیی کورددا، ئەمە جگە لە شەڕی نێوان سەرکردەکانی کورد کە ناویان نابوو ( شەڕی براکوژی) و ئەو رەقێتییەی کە حیزبەکان نواندویانە بەرامبەر بەیەکتر.

• سیاسەت بەرهەمی عەقڵی پیاوە، پیاوانەیە،  پیاوەکانیش لەم بەشەدا لەیەکتر توڕەن.

• منداڵ ئەوەدەکات کە باوکی دەیکات، نەک ئەوەی کە باوکی دەیڵێت، بۆیە وێنەی کردارەکانی باوکی بەرامبەر بە خوشک و دایکی لە زەینیدا لەگەڵیدا گەورە دەبێت و لە نەستیدا و لە حاڵەتی روودانی کارێکی وادا ئەو وێنانە زیندوو دەبنەوە و کارا دەبن، چونکە ئەم جۆرە پەروەردەیە لە دەرەوە و قوتابخانە و ...هتد هەر دەبینرێ لەلایەن منداڵەوە کە پێی وایە ئەمە فۆرمی پەیوەندی نێوان نێر و مێ یە.

• نێر جەستەی مێی گەرەکە و بۆ گەیشتن بەو جەستەیە، زاراوە دادەتاشی و تێۆری دادەهێنێ و بەیاسای بە روکەش یەکسانخواز ڕەواج دەدات بەو پەیوەندییە کە لە کۆتایدا ئینسان بەتاڵ دەکاتەوە و دەیکاتە مرۆڤێکی هەوەسڕان، کە ماکەکانی دەبنە ئایدز و هەزاران نەخۆشی سیکسی و دەروونی، چونکە هەر پیاوە شتێکی دەوێت لە ژن و رەفتاری پیاوان لەگەڵ ژنان، لە کۆتایدا ژنان تووشی حاڵەتی خەمۆکی دەکات و هەست بەوە دەکەن کە ئەوان تەنها لەیستۆکێک بوون بەدەستی پیاوانەوە و ئارەزووەکانی ئەوان تیر دەکەن، تا ئەوکاتە بۆ پیاو گرنگن کە جەستیان لەبار بێت.

• ئەمەش بە ئاشکرا لە جیهاندا ئەمڕۆ دەبینرێت ، ئەگەر پیاو نەگاتە جەستەی ژن ، ئەگەر درووشمە پیاوانە ڕازاوەکان نەیانگەیاندە ئەوجەستەیە. ئامادەیە خوێن بڕێژێ، ئەم کارەشی لەهەر ٧ کیشوەرەکەی دنیا بە پێوەری جیاواز ئەنجام داوە و ئەنجامیشی دەدات. وردکردنەوە بۆ دەسەڵات و ئەو شەڕانەی لەسەر زیادکردنی پارە دەکرێن، لە کۆتایدا بۆ ئەوەیە کە دەستیان بە زۆرترین مێینە ڕا بگات.

• ئەگەر کوشت و بڕی ژنان لە هەندێ لە وڵاتان بەبەراورد لە ئاستێکی نزمدایە، ئەوە دەگەڕیتەوە بۆ توندی یاساکان بەرامبەر بەو پیاوانەی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن، نەک گەشەکردن و فریشتە بوونی پیاوەکان!! هەروەها ئەوەی کە پیاو دەیەوێ ( جەستەی ژن)، دەستی دەکەوێت و یاساش پشتیوانێتی، بۆچی پەلامار بدات؟!! هەرچەندە رووداوی وا دەبینین لە هیچ گوندێکی سەردەمی بەردی ئەفریقادا رووی نەداوە، وەک رووداوەکەی نەمسا و چیرۆکی ئەو باوکە ئەندازیارەی کە دەیان ساڵ کچەکەی لە ماڵەوە بەند کردبوو و چەندین منداڵی لێ بوو...لە خوارەوە نوێترین ئاماری ژنان و کچانی سویدی بخوێننەوە، کە هەست دەکەیت رووداوەکانی ئازاردانی ژنان وەک لەزەت بەخشینە بۆ پیاوان، پیاوان وەک دکتاتۆرێکی سادیست لەگەڵ ژنان مامەڵە دەکەن و هەر ژنێکی ئازاد ( بڵی، نا، بۆ خواستی پیاوان و جەستەی وەک کاڵایەک نەبەخشێت بە پیاو، ئەو ژنە دەدرێتە بەر رەخنەی توند و فشار دەخرێتە سەری و بە زاراوەی سوونەتی بوون و نا مۆدێرن و نە بوونی ئەزموونی خۆشەویستی و هەزاران توڕەهاتی، بێبنەمای داهێنراوی بازاڕ و پیاوان، ئازاری دەدەن و لەبەر توندی ئەو فشارانە و بەردەوام بوونیان لەو شوێنانەی ژنان لەوێن و ڕەواجدان بەو جۆرە ڕوانینە لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بە ناراستەوخۆ و تەنانەت بیکارکردنی ژنان ئەگەر تەسلیم بە خواستی پیاو نەبن، یا تەسلیم بوون دەکەنە مەرجی دامەزراندنیان، پاکانەی ناوێ، کەمی وردتر بڕوانە باشتر لە حاڵەتەکان تێدەگەیت، ئەگەر (تاڵبی مانا دەکەیت).

• هیچ بوونەورێک ئەوەندی ئینسان (بە زۆری نێری ئینسان) دووتایی و دوفاقی لە بوونیدا نییە، سەرەتا لەبەر ئەوەی ئینسان عەقڵی هەیە، پلان دادەنێت، باش یا خراپ، واتە کارەکانی لە غەریزەوە ناکات یا بە پێی پێویستی نییە، گیانلەبەرانی تر، هەر ئەوندە خۆ ماندوو دەکەن تا تێر دەبن، من بینیومە ئاسک لەسەر پشتی شێر پشووی داوە، ئەمە لە ژیانی ئینساندا مەحاڵە، تێربوون لەلای ئینسان تەنها مردن سنووری بۆ دادەنێت.

• بێگومان جەستەی ژنیش لوتکەی داخوازییەکانی پیاوە و بۆ گەیشتن بەم لوتکەیە هەموو بەها و نرخەکان  دەخاتە ژێر پێی، رۆژهەڵاتیی و رۆژاوایی بۆ نییە، ئەگەر لە نزیکەوە تێکەڵ بە هەستە شاراوەکانی ژنانی رۆژئاوا ببیت دنیای خەم و حەسرەتەکانی ئەمان جۆرێکی ترە بەڵام سەرچاوەکی هەر یەکە ( پیاو و خواستی پیاو بۆ جەستەی ئەوان)، بۆ هێورکردنەوەی ئەم حاڵەتەی پیاوان، سیستەمی پیاوان پێشنیازی زۆری کردووە و جەستەی ژنی لە پەیوەندی یەک پیاو دەرهێناوە و کردوویە بە پەیوەندییەکەی  گشتی و یاسای بۆ دارشتووە و ڕەواجی داوە بە ( بۆ ساتەوەخت ژیان!!)، ئەم جۆرە پەیوەندییە داهێنانی پیاوە.

• ئێمە نازانین ئەگەر ژنان ( دایکان) بۆ ماوەی چەند سەدە خۆیان فەرمانڕانی خۆیان بوونایە بە کام ئەنجام دەگەیشتن، ئایا ئەو فۆرمانەی ئێستایان قەبوڵ دەکرد، ئەو پەیوەندیانەیان قەبوڵ دەکرد بە یاسای گەرمکردنی بازاڕ کە ژنان ئەکتەری سەرەکی بن تێیدا و قەناعەتیش بکەن کە ئازادن؟! 

• ئێمە نازانین چونکە ئەوان بەبێ کاریگەری ئێمە ( پیاوان) هێشتا بریارێکیان نەداوە 
( ژنانە و دایکانە) بێت، لۆجیکی نییە، لە بارودۆخیکی وادا کە وەک لەسەرەوە باسم کرد، ژنان هەمان بڕیاریان بدابایە، کە بچوبانایە ناو داوێکی زێرینی بریقەدار وەک ئەوەی ئەمڕۆ، کە دەبینین، ئاکامی زۆر لە ژنە دەوڵەمند و بەناوبانگەکان کە کارخانەی زەبەلاحی پیاوانە و ژنانە لە پشتیانەوەیە بۆ ئەوەی بیانکەنە ئایدیاڵی ژنان و کچانی تر، ئاکامیان خەمۆکی، ئالودە بوون بە مەی و زۆر جار خۆکوژییە و ئەم چیرۆکە خوێناویانە زۆرن کە بریقەداریی رەنگەکانی جیهانی ( دەرکەوە، مۆدێرن بە....و..ئیتر زاراوەی نائینسانی زۆری پیاوان) بەرلەهەر کەس ژنانی نابینا کردووە.

• ئێمە وەک پزیشکێکی نەزان و بازرگانێکی شارەزا، لە ماسمێدیاکانەوە، ڕەچەتەو چارەسەری بێهودە بۆ نەخۆشەکانمان دەنووسین و چونکە کار کاری ئێمە نییە، چارەسەرەکانمان کارانین و گرفتەکان فراوانتر و برینەکان بە سوێتر دەکەین.

• بەڵی ئێمە خۆمان هیچمان نییە و لێرەشدا وەک هەموو پرسەکانی تر دەبێت چاوەڕوان بین چارەسەرێک لە جێگایەکی ئەم جیهانەوە بەهانامانەوە بێت، کەئەمەش هەر لەسەرەتاوە بە مردوویی لەدایک دەبێت، هۆ زۆرە، کلتوریی، مێژوویی...هتد.

• بۆ هەزارەمین جار دەڵیم سوود وەرگرتن لە ئەزموون ڕەوایە و وەک پێویستی لێهاتووە، بەڵام کۆپی کردن تێکشکانە و بەڵای گەورەتر.


• بەڵێ رێکخراوەکانی ژنان بۆتە پیشانگای خۆرانان و دوا مۆدێلی جل و بەرگ...هتد ئەوانەی کە جدیین زۆر دەگمەنن و ئەوانەی کە بوووونەتە سەرچاوەی ژیانێکی تەنانەت لۆکس، زۆرن و فراوان، ئەوان لە جیاتی ئەوە کۆدەکانی ئەم گرفتە بدۆزنەوە
( بەقەوڵی خۆیان)، لە کۆتایدا کۆدەکانی چونێتی گەیشتن بە (کەیکەکەیان) دۆزییەوە و ئیتر کارەکانیان لە روکەش زیاتر پەیوەندی بە ژنانەوە نییە و ئەوان ژنانێکن لەسەر کڵۆڵی ژنانی تر، خۆشگوزەرانی دەکەن!!. دیوی ڕاستی دراوەکە شێوێنراوە، لە خوارە نمونەی راستگۆیی و لۆجیکی رێکخراوی ژنانی سویدی دێنمەوە و پاشان ئاماری راستەقینەی گرفتەکانی ژنان لە سوید.

• هۆی زیاد بوون و نەگەیشتنە ئامانج لەم پرسەدا هەموو ئەو هۆیانەن کە لەسەرەوە هاتن پیکەوە. ئەم پرسە ژنانی شۆڕشگیری دەوێ کە بتوانێ سەرەتا شۆڕشێک لە خۆیدا بەرپا بکات و فۆرم و نۆرم و پرێنسیپە لاوازە بازاڕییە پیاوانەکان بگۆڕێت بە بزوتنەوەیەکی بەردەوامی بەرزی ئینسانی لە ناو ماڵ و سەرشەقام و شوێنی کاریدا، لۆجیک بکاتە بنەمای داوەرییەکانی و نەکەوێتە داوی زاراوەی مۆدێرنەوە کە هەڵبەستی بازاڕ و پیاوەکانە، خۆی بێت و بوێری ئەوەی تێدا بێت کە بۆ پرنەسیپەکانی خۆی بژی، بۆ ئەوەی راست و چەپ تێکەڵ نەکات.

•  ئەو پیاوەی لە ماڵەوە فیرعەونێکە و وەک هەوری بەهار گرمەی دێ، لەگەڵ تۆدا لەسەر شەقام، پەپولەیە و فریشتەی فەریاد رەسی تۆ.!!!!   


راستییەکان شتێکی تر دەڵێن:

لەم بەشە لە لێکۆڵینەوەکەمدا شیکردنەوە بۆکاری یارمەتیدانی رێکخراوێکی ژنان بە ناوی
 ( خاتوون) دەکەم لە سوید کە یاسا و ئامانجە ئینسانیەکان دەبەزێنی و حاڵەتی لاوازی ژنانێ کە تووشی توند و تیژی بوونەتەوە خراپ بەکار دێنی و هانیان دەدات کە ئاینین خۆیان بگۆڕن بۆ ئاینی مەسیحی.

لەهەمان کاتدا پرێس راگەیاندنێک ( راگەیاندنێکی رۆژنامەوانی)، وەردەگێڕم کە لەلایەن سکرتێری (SKR)، ئەنجومەنی سەراسەری ژنان و کچانی سوید 
Sveriges Kvinno- och Tjejjourers Riksförbund ، وە بڵاوکردۆتەوە.

08/ 05/ 2014 خانم ئولگا پێرشۆن، سکرتێری کۆمەڵەی سەراسەری  ژنان و کچانی سوید، لە رۆژنامەی یۆنشۆپینگس پۆستن ( (Jonköpings Posten دا، داوادەکات کە مەرجی زیاتر و سەختر بۆ ئەو رێکخراوانە دابنرێت کە کار لەگەڵ ئەو ژنانە دەکەن رووبەڕووی توندوتیژی وەک توندوتیژی (نامووس) ی دەبنەوە. 

(خاتوون) ئەو رێکخراوەیە کە دەڵیت: بۆ یارمەتی دانی ئەو ژنانە دروست بووە ڕوبەڕووی تووندوتیژی بەهۆی نامووسەوە دەبنەوە، بەڵام ئەم رێکخراوە بارودۆخی لاوازی ئەو ژنانە بەخراپی بەکار دێنێت و فشاریان بۆ دێنی کە ئاینی موسڵمانیی خۆیان بگۆڕن بۆ مەسیحی.

سکرتێری رێکخراوی ژنان و کچانی سویدی دەڵێت:

• حکومەت دەبێت یارمەتی ئەم جۆرە رێکخراوانە نەدات و پارەیان لێببڕێت، ئەو یارمەتیانە لە موڵکی گشتی و بوودجەی خەڵک و پارەی ئەو باجەیە کە خەڵک 
دەیدات، دەبێ بە شێوەیەکی دروست بەکار بێت.

زیاتر لەسەر قسەکانی دەڕوات و ئیوەش بەوردی و سەرنجەوە  قسەکانی بخوێننەوە، بزانن باس لەچ بنەمایەکی ئینسانی بەرز دەکات و لەهەمان کاتدا کەئەوە بۆتە بڕوایەکی چەسپاو، هەروەها یاسایەکی چەسپاویشە، یاساکە لەو بیروباوەڕە بەرزەوە سەرچاوەی گرتووە:

• وەک ئەوە وایە کە ئەوگروپانەی تووشی ئەم توندوو تیژیانە دەبنەوە دەبێ سوپاسگوزاری ئێمە بن کە یارمەتیان دەدەین، زۆر بە پێچەوانەوەیە، کرانەوە و ڕوانینمان بەهایەکی بنەرەتییە کە لە مافەکانی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەرکی ئینسانی ئێمەیە. بۆ ئێمە ئەم بەهاو روانینە ئینسانیانە زۆر گرنگترە، چونکە  لەگەڵ خەڵکانێک کارکەدەکەین کە تووشی توندوتیژی بوونەتەوە، رێکخراوی حکومی بن یا خۆبەخش ئەوە ئەرکی یەکەمی ئینسانیی ئێمەیە.
 
• دوو مەسەلە لەمەدا هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەوان بودجەی گشتی و پارەی باج بەکاردێنن، ئەویتریان ئەوەیە کە ئەوان کار لەگەڵ گروپێکی تایبەتی دەکەن.

• ئێمە زۆر توندین و وردەبینەوە سەبارەت بە چونیتی بەکارهێنانی دەسەڵات، بەڵگەنەویستە  ئەو کەسانەی لەگەڵ گروپی وا کار دەکەن نابێ ئاجێندای خۆیان هەبێت.

• ئەگەر ڕێکخراوەکە ئامانجی ئاینینی هەیە دەبێت بەڕوونی ئەمە پیشان بدات، بێگومان ئێمە دەبێت دیبەیتتێکی جدی بکەین لەسەر ئەو بنەمایانەی کە ئەم رێکخراوانە دەڵین: کە ئەوان نە ئامانجی سیاسی و نەئامانجی ئاینیان نییە، بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەیە.

سوهەیلا فۆش کە شووی بە قەشەیەک کردووە، ڕێکخراوی ( خاتوون) بەڕێوەدەبرد و لە رۆژنامەی ئافتۆن بلادتدا وەک قارەمانی ساڵ * چاوپێکەوتنی لەگەڵدەکرێت و ئەو لەگەڵ شووەکەی ( مێردەکەی) هەوڵیان داوە و فشاریان خستۆتە سەر ژنان بۆ گۆڕینی ئاینەکەیان.

لێرەدا راستگۆیی و جدی بوونی ئەو رێکخراوانەی ژنانمان بۆ دەردەکەوێت کە بە وشیاری و ئاگاییەکی تەواوەوە، لێزان و دڵسۆز بۆ ئامانجەکانی خۆیان و خوشکەکانیان، لە پرەنسیپەکانی رێکخراوەکانیان لانادەن و بە توندیش دەچنەوە بەگژ ئەوەدا کە رێکخراوەکان، جگە لەپشتیوانی ئینسانی بۆ شتی تر بەکار بێن.

پرسیارێک بۆ ڕامان لێی: 

 من دەپرسم زۆربەی ئەو ژنانەی کە لەم مەسەلانەدا هاتوونەتە وەڵام ( لەناوخۆماندا، واتە ژنانی کورد لە هەرکوێ بن ) کەسیان توانیویانە یا ویستویانە باسی حەقیقەت بکەن؟!! کۆمەڵیک ووشەی هەزارپاتە دەڵینەوە و ئەوەڵ و ئاخری قسەیان ئەوەیە کە ئاین سەرچاوەی ئەم گرفتانەیە!!  وڵات و کۆمەڵگا بەکاری راستگۆیانە و بێلایەنانە و جدی بەرەوپێش دەچێت کە توانیبێتی شیکارێکی مێژوویی بۆ واقعی ئێستا هەبێت، نەک بەو کۆپی کردنانەی چۆتە ناو خوین و مێشکی ئیمەوە و توانای داهێنانی ئیفلیج کردووین. 
بیرمەندی کورد کاک ئەحمەدی موفتی زادە فەرموودەیەکی فرە بەنرخی هەیە دەڵێت: 
" نەژن سالاریی و نە پیاو سالاریی، حەق سالاریی". 

ئەوەش ناونیشانی وتارەکەیە.
ئامارەکان:
  بەپێی سەرچاوە ئامارییەکانی ( کۆمیتەی نشتیمانی بۆ پێشگرتن لە تاوان Brå)).
Brottsförebyggande rådet (Swedish National Council for Crime Prevention)                                                           
ساڵی ٢٠١٨ یەک ملێۆن و پەنجاو چوار هەزار تاوان  بە پۆلیس  ڕاگێندراوە، کە ژمارەکە بە رێژەی (+2%) زیادی کردووە واتە ٣٤٨٠٠ تاوان زیاتر بووە لە ساڵی پێشوو. ئەمەش بەپێی تازەترین ستاتستیک ( ئامار) لەلایەن ئەو کۆمیتەیەوە.

هەڵبژاردەیەک لە ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان:
• ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دەستدرێژی سێکسی ٦١٤ حاڵەت زیادی کردووە و بووە بە ٧٨٤٠ حاڵەت کە ئەمەش بەڕیژەی (+8%) زیاد بوونە بەبەراورد لەگەڵ ساڵێ پێشتر.
• دەستدرێژی سێکسی بۆ ژنانی سەروو تەمەنی  ساڵ ١٨ زیادی کردووە بۆ ٤٢٣٠ حاڵەت کە ئەمەش  (+6%)  زیاد بوونە بە بەروارد لەگەڵ ساڵێ پێشتر.
• دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ ( ٠-١٧ ) ساڵ زیادی کردووە بۆ ٣٤٢٠ حاڵەت کە ئەمەش  (+13%)  زیاد بوونە بە بەرورد لەگەڵ ساڵی پێشتر.
 

گۆڕانکاری لە یاسادا سەبارەت بە واژەی ( دەستدرێژی سێکسی)
§ ١  ی تەموزی ٢٠١٣ لێکدانەوە بۆ  ئەم واژەیە فراوان کرا.
 § ١ ی تەموزی ٢٠١٨ واژەی "oaktsam våldtäkt" دەستدرێژی سیکسی لە
 ڕووی غەفڵەتەوە، واتە ( بایەخ نەدان)، بلاوکرایەوە.
------------------------------------
*لە سوید نەرێتیک هەیە کە ساڵانە کەسێک کە کارێکی ئینسانی گەورەی کردبێ وەک قارەمانی ساڵ، خەڵاتی دەکەن، سوهەیلا فۆش وەک قارەمانی پشتیوانی لە ژنان ئەم خەڵاتەی وەگرتووە، بەر لەوەی ئەم رەفتارەنائینسانییەی لێ ئاشکرا ببێت.

ئەم حاڵەتانە وای کردووە کە لە شارە گەورەکاندا گانگستەری گروپی کچان دروست بووە بۆ لێدانی ئەو کوڕانەی شەوان بەزۆری بە تەنیا دێنە دەرەوە،. کلتوری مەسرەفگەرایی کە پارەی باشی دەوێت، مرۆڤی کردۆتە بوونەوەرێکی توڕە و ئەگریسیڤ و تەنپەرستی خۆپەرست.

من لەم حاڵەتانەم بینیوە . ئەو خواردنەوە بێماناییەی ئەلکهول تا رادەی بێهۆش بوون کە لە کۆتایدا دەیکێشێ بۆ مادە هۆشبەرەکانی تر، بۆتە ڕاهاتن و عادەت و کچان و ژنانیش ڕاکیشراون بۆ ناو ئەم بازاڕەی پیاوان، جۆری جل و بەرگ و مەستبوونەکان هۆی سەرەکی ئەم پرکێشیانەن، لە شوێنە گشتییەکاندا، مرۆڤی وشیار هەرگیز ئەوکارە ناکات و نابێت ژنان خۆشیان زەمینەی ئەم بوێرییە بۆ پیاوە بودەڵەکان برەخسێنن.

 بەوجۆرە خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان بەتال دەکاتەوە، ئینسان دەبێت چاک بژی تا تامی راستەقینەی  چاکگوزەرانیی بکات.  

سەرچاوەکان
ڕۆژنامەی ئێکپرێسن  ژمارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٧/ مارس/ ٢٠١٩ 
- expressen.se/nyheter/brottscentralen/ny-statistik
- https://www.bra.se

 

کامەران قازی 



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved