کۆتایی ستەمێك

08/03/2019

رێبوار كەریم مەحمود

سەرەڕای ئەوەی پاشەکەوتی موچە ستەمێکی گەورە بوو لەفەرمانبەران بەتایبەتی و خەڵك و بازاڕی کار بەگشتی. بەڵام هەڵگرتنی واجبێکی سەرەکی بوو لەئەستۆی ئەوانەی سەپاندیان. 
لابردنی پاشەکەوتی موچە فەزڵ نیە بەسەر فەرمانبەرانەوە، بەڵکو رێککردنەوەی کارێکی هەڵەو لابردنی ستەمە کە بە زۆر سەپێنراوە.
ئێستا کە پاشەکەوتی موچە هەڵگیرا، سەلما کە گفتوگۆو رێکەوتن لەگەڵ بەغدا پێویستییەکی حەتمیە، نەوەك عینادی و ململانێ لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم.
هەنگاوی داهاتوو دەبێ رێوشوێنی دانەوەی پارە بەزۆر پاشەکەوتکراوەکان دیاری بکرێت. بەتایبەت دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عیراق و زیادبونی بەردەوامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
ئەمە هەنگاوێکی گرنگی جێبەجێکردنی یەکێک لەو بەڵێنانەیە کە بە خەڵکمان دابوو. رۆڵی سەرەکی جەنابی سەرۆککۆمار (د.بەرهەم سالح)زۆر گەورە بوو، بەتایبەت هەماهەنگی چڕوپڕو بەردەوامی لەگەڵ لایەنە عیراقی و بەشێک لەلایەنە کوردستانییەکان، بەمەبەستی جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە شەڕی نەوت و ململانێی سیاسی.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان لەم بابەتەدا رۆڵی گەورەیان هەبوو. بەتایبەت کە هیچ ناکۆکیەک لەسەر موچەی فەرمانبەران نەبوو. هاودەنگ بوین لەسەر لابردنی پاشەکەوتی موچەو گەڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی