لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕیندا

08/03/2019

سەرکەوت زەکی


ساڵێکی تری یادی ڕاپەڕینی بەھاری کوردستان تێپەڕئەبێت و ھێشتاش زۆرینەی ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدینەھاتون.ڕاپەڕین بەمانا فراوانەکەی بەرئەنجامی ستەمێکە کەتاقوڵایی ناخی نەتەوەییمان چەوساندبوینیەوە و کەسایەتی نەتەوەییمانی خستبوە ژێر پرسیار،تاقوڵایی ناخی تاک بەتاکمان بریندارکرابوین،شکێنرابوین،پەراوێزخرابوین،بە کۆمەڵگای خۆمان نامۆکرابوین و ناچاری ژیانێکی زۆرەملێ کرابوین کە تەنھا بیرھێنانەوەی تەزویەکی ترسناک بە جەستەی ئەو نەوەیەدا ئەھێنێت کە ھەمو ئەو زوڵم و زۆرەیان بینیوە.

لەھەر دیوێکەوە لە ساتەوەختی ڕودانی ڕاپەڕین ئەڕوانیت،لە ڕوی لۆژیکیەوە ھەر ئەو سەرئەنجامە بەدەست ئەھێنیت کە وەڵامی پڕ بەپێستی قۆناغی خۆی بوەو جگە لە ڕاپەڕین بۆ ئەو سەردەمە ھیچ وەڵامێکی شایستەی تر نادۆزیتەوە،چونکە لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستامانی ناجۆر کردوە،کردەی ڕاپەڕین نیە،ئەوە کاراکتەرەکانی ساڵەکانی دوای ڕاپەڕینن کە نەک نەیانتوانی کاروانەکە بگەیەننە مەنزڵ،بگرە پرۆسەکەیان توشی ھەڵدێر کردو لە شاڕێی خۆی لایان دا.بۆیەش بەدیوێکدا بە نێگەتیڤ ھەڵسەنگاندنی ڕاپەڕین،خۆ گێل کردنە لە بەگژاچونەوەی ئەنفال،لە ڕۆحی ھەڵفڕیوی قوربانیانی جینۆساید و چەکی کیمیاوی، پشتکردنە لە پێنج ھەزار گوندی وێران،فەرامۆشکردنی مێژویەکە لە سوکایەتی و مرۆڤکوژی و بێدادی و چەوسانەوە،کە بێ جیاوازی تەنھا لەسەر گرفتی ناسنامە ھەمومانی گرتبوەوە.

ڕاپەڕین ئەگەر لە ڕوی مێژوییەوە و لە قۆناغێکدا بەگژاچونەوەی ڕژێمێکی داگیرکەرو سیستەمێکی سەرکوتگەری داپڵۆسێنەر بوە لە ئێستادا پەیامێکە کە مرۆڤی کورد دوای نزیکەی سێ دەیە لە ڕاپەڕین،ھۆشیار تر و ئاسۆی بیری فراوانترو بەئاگاتر و بەرچاو ڕونترە بە مافەکانی خۆی و لە سەردەمێکی جیاوازتردا کە دەرفەتی بەگژاچونەوەی دیاردە دزێوەکانیشی بەردەست ترە، ناکرێت لە بە لاڕێدا بردنی ڕاپەڕینەکەو زەوتکردنی مافەکانی بێدەنگ و بێھەڵوێست بێت و دەکرێت ئەم یادکردنەوەیە بکاتە بۆنەیەکی گرنگی بەدواداچونی مافەکانی و بەدەستھێنانەوەی لەدەستچوەکانی و خستنەوە سەر ڕێی ڕاپەڕین.تا درێژە بە گیانی ڕاپەڕین بدات و خاشاکی ئەو پۆخڵیانەی لێبکاتەوە کە لانیکەم  بەم ئەنجامە ڕەخنەئامێز و ناشیرینکراوەی ئەمڕۆی گەیاندوین، بۆ ئەوەی بیری ھەموانی بخاتەوە کە ئێمە بۆ بەدیھێنانی جیھانێکی باشتر،لە ڕوی ژیان و ئازادیەکانەوە ڕاپەڕین و خواستی پێشکەوتن و دادپەروەری و کۆمەڵێکی مەدەنی تر،بەگژ مەحاڵی بەعسدای کردینەوەو گیانی ئازیزترن ئازیزەکانمان بۆ بەخشی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی