دوای ستەمی پاشەكەوت

08/03/2019

هیوا سەید سەلیم

  دوای سێ ساڵ لە بڕیاری زاڵمانەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان،  ئەمرؤ بڕیاری هەلگرتنی ئەو ستەمە لەسەر سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان هەڵگیرا.
وەك ئەمڕۆ بەرپرسانی حكومەت ڕایانگەیاند خەلكی كوردستان لە ماوەی ئەو چەند ساڵه ژیانێكی یەكجار سەختیان بەڕێكرد، ئەوەی جێگای تێبینیە ئەوەیە كە بەرپرسانی حكومەت تازە هەست بەو ژیانە سەختە دەكەن و دڵیان بۆ ئەو میللەتە داماو لێدەكات!!
 هەڵگرتنی ستەمی مووچە نابێت بكرێتە مەكرەمە، وە لافی ئەوە بەسەر مووچەخۆران لێبدرێت كە خێریان پێكراوە و پاشەكەوتیان لەسەر هەلگرتوون، بگرە دەبوو لەگەڵ ئەو بڕیارە داوای لێبوورد لە موچەخۆران بكرابایە، لە لایەكی دیكە دەبوو ئالیەتی گێڕانەوەی قەرزەكانیش بخرابایە ڕوو، تا مووچەخۆران دڵنیابان مووچەی پاشەكەوتكراویان نافەوتێ .
 مووچەخۆران و مامۆستایانی كوردستان لەماوەی ئەو چەند ساڵە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە لە سەرجەم شارەكانی كوردستان پەنایان بۆ چەندین شێوازی خەباتی مەدەنی برد، لە مانگرتن و خۆپیشاندان تا گەیشتە بایكۆتی خوێندن، بەڵام ئەو جۆرە نارەزاییانە نەك هەر گوێیان لێنەگیرا،  بگرە چەندین تۆمەتیش بۆ ئەنجامدەرانی هەڵبەستران و چالاكیەكانیشیان بە زمانی هێز وەڵامدارەیەوە و قوربانی گیانیشی لێكەوتەوە.
سەرەنجام دوای چاوەروانیەكی زۆر، بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە دەرچوو،  بۆ گێرانەوەی پارەی پاشەكەوتیش دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم پشت لە فشار و خەباتی مەدەنی نەكەن، چونكە حكومەتی هەرێم لەژێر فشار نەبێت ئامادەی تێدا نیە كە ئەو قەرزە بۆ خاوەنەكەی بگێڕێتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بەو پەندە كوردیە كاربكات كە دەڵێت( قەرز كۆنە بێت نافەوتێت)، لە ئێستاشدا باشترین كاتە كە حكومەت كار بە پێشنیاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بكات،  كە داوایان كردبوو حكومەت ژمارەیەكی بانكی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە،  تا ئەو قەرزەیان بۆ بخاتە سەر ئەو ژمارە بانكە، بەو بڕیارەی حكومەت گرەنتی نەفەوتانی پارە پاشەكەوتەكە دەداتە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن: هیوادارین بەغدا جارێكی تر لە ململانێكانی لەگەل هەرێم ، دەست بۆ بڕینی قووتی خەڵك نەبات، ئێمەش لای خۆمان هەمان داوا ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم دەكەین و دەڵێین ئەو داوایەی ئێوە ئاڕاستەی بەغدای دەكەن،  خۆشتان كاری لەسەر بكەن و لە قەیرانەكان حەق بە خۆتان مەدەن دەست بۆ قووت و مووچەی خەلك ببەن.
دواجار دەڵێین تەنیا بنبڕكردنی گەندەڵی لە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، وە زامنكردنی شەفافیەت لە داهات و سەرفیات،  گرەنتی دووبارە نەبوونەوەی ستەمی پاشەكەوتی مووچە دەكات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی