سوپاسی بەغداد بكەین یان سوپاسی خۆمان

08/03/2019

گۆران عەلی كەریم


‎نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لەبەردەم مایكی میدیاكاندا  جاڕی لابردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیان، ئەو پێی وابوو مژدەیەكی گەورە دەدات بە موچەخۆران كە مافی زەوتكراویان بۆ دەگەرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا لەبیری چوو موچەخۆران لەكۆتایی مانگی سێدا و تا ناوەراستی مانگی چوار موچەی مانگی دوانزەی ساڵی رابردوو  وەردەگرن و ناشزانن ئایندەی قەرزەكانیان لای حكومەت بەكوێ‌ دەگات، خۆ گەر بەڵێنێكیشی بدایە مادام لەحكومەتدا نامێنێت و پارەكەش لەبەغدادەوە دابین ئەكرێت نەك هەرێم، رەنگە چارەنوسی وەك  ئەو بەڵێنەی بەسەر بهاتایە كە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن باسی لەپێدانی پشكی پارەی نەوت ئەكرد بۆ هاوڵاتیان. 
‎لەكابینەی هەشتدا. ئەوا چوار ساڵە فەرمانبەران توشی قەیرانی گەورەی ئابوری بوون، ئەوان لەژوری تاریكەوە بڕیاری بڕینی موچەیاندا، كەچی بەبێ ئەوەی بوار بەهیچ رۆژنامەنوسێك بدرێت پرسیار بكەن،  ئەمڕۆ لەبەر چاوی كەناڵەكانەوە وەك پاڵەوانی ئەو پرسە باسی لابردنی پاشەكەوتی موچە كرا.
‎خۆ ئەگەر ئەوان خۆیان قەیرانێكی تر لەگەڵ بەغداد دروست نەكەن، ئەوە پارەی بەغداد بەشی موچەی موچەخۆران دەکات، بۆیە خەڵك پێش ئەوەی چاوەرێی بریاری لابردنی پاشەكەوتی موچە بكەن، بەڵێنی ئەوەیان پێویستە، بازاری شێواو دروست نەكەن، نەبا بەغدادی موفلیس ئەمجارەش موچەی خەڵك ببرێت و بەڵێنەكەی ئێوەش پشتی لەزەوی بدات.
‎پەلەپروزێی ئەم بریارە و لەرۆژی هەینی، دەلالەتی ئەوەیە، پارتی نایەوێت ئەم بریارە بسپێرێت بەرێككەوتنی لایەنەكان و داواكارییەكانی گۆران و یەكێتی، بارزانی ئەیەوێت لەوەش زیاتر، بەبارزانی ئامۆزا بڵێت، هێشتا توانای ئەوەم هەیە، لەئاخر ساتیشدا بێت بریاری گرنگ بدەم، لەوانەش رێككەوتنی 20 ساڵە لەگەل دانا غاز مۆربكەم و جگەلەوەش کۆمەڵێک  وەزیری كۆن بسەپێنم بەسەر كابینەكەتدا و نەخشە رێگایەكی ئابوریش دابنێم كە ئێوە لەسەری برۆن. 
‎   جاران لە پاشەكەوتی موچەدا هەرێم هەمیشە بەغدادی تاوانبار دەكرد، ئێستاش سوپاسگوزاری بەغدادە بۆ گەرانەوەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران، بەمەرجێك هیچ شتێك لەبەغداد نەگۆراوە جگە لەتەسلیم بوونی هەرێم بە خواستەكانی بەغدادو رۆڵی كاریگەرو دیاری سەرۆككۆمار، كە ئەو لەبەر خاتری مامی نەیتوانی بەوشەیەكیش سوپاسی سەرۆککۆمار بكات. ئێستا هیچ  شتیك لەبەغداد نەگۆراوە، ئەوەی گۆراوە تەسەوراتی كاربەدەستانی هەرێمە بەوەی عێراق موفلیس نییەو پارەی هەیە و بەقسەی خۆشیش مار لەكون یەتە دەر، بۆیە قسەیان لەگەڵ بەغداد خۆش بووە و نەرمی نواندنیشیان زیادی کردوە و لەسەرو ئەوەشەوە سوپاسگوزارن. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی