نهێنی لابردنی پاشەکەوتی مووچەو هەڵوێستی خەڵک

08/03/2019

ئاکۆ حەمەد رابی

٭ دەسەڵاتداران و بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە مەلەفی نەوتیان لە ژێر دەستدایە، نیەت و مەبەستیان نیە، تەنها 250هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی بەغدا بکە ن. ئەمەش بە بیانوی دابین نەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە لایەن بەغداوە. نهێنی ئەو بڕیارو هەڵوێستەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو کەسانە کە پەنجەی دەستێک دەژمێردرێن، بەو شێوەیە دەتوانن داهاتیی نەوتی هەرێم گڵبدەنەوەو تاڵانی بکەن.
٭ چەند ساڵێک پێش ئێستا، سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێکی پەنجا ساڵی نەوتی لەگەڵ تورکیا کردوەو دەبێت بە کەمتر لە نرخی فرۆشتنی نەوت لە جیهان، نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێتە تورکیاو ناتوانێت ئەو گرێبەستە هەڵوەشێنێتەوە، یان پابەند نەبێت پێیەوە.
٭ بە بیانوی ئابوری سەربەخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کەسانەی مەلەفی نەوتیان لەبەر دەستە، نایانەوێت پابەند بن بەو ڕێکەوتنانەی کە لە نێوان خۆیان و حکومەتی ناوەندی ئەنجامیانداوە، ئەمەش خواستێکی هەرە گرنگی تورکیایە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، نایەوێت پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا ئاسایی بێت و لەسەر مەلەفی نەوت بەتەواوی ڕێک بکەون. چونکە لە ئەگەری ڕێککەوتنی بەغداو هەولێر تورکیا زیانی پێدەگات. ئەگەر ڕێکیش نەکەون، بە پێچەوانەوه، خەڵکی هەرێم و موچەخۆرانی کوردستان زیانیان پێدەگات و تورکیاش سودی پێدەگات.
٭ ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، بەغدا ئامادەیە، لە هەموو داهاتێکی کۆنی نەوت خۆشبێت و لاپەڕەیەکی سپی لەگەڵ هەرێم هەڵبداتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم و ئەو کەسانەی مەلەفی نەوتی هەرێم بەڕێوە دەبەن، نایەناوێت ئەو ملیار دۆلارانەیان لە کیس بچێت، کەبەهۆی فرۆشتنی نەوت بە ناشەفافی دەستیان دەکەوێت و کەناڵە ئاسمانیەکانیان پێ بەڕێوە دەبن.
٭ یەکێتی ئاگاداری وردو درشتی مەلەفی نەوتە، بەڵام نیو  هێندەی بەرپرس و دەستڕۆیشتوانی پارتی داهاتی نەوتی دەست ناکەوێت. شەڕیشی لەگەڵ پارتی هێندەی لەسەر داهاتی نەوت و پشک پشکێنەو پۆستە، چارەگی چارەگی ئەوەندە لەسەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان نیە. یەکێتی لەسەر مەلەفی نەوت، جگە لەدەسکەوتنی داهاتێکی زۆر بۆ ماڵی تاڵەبانی و کۆسرەت رەسول، هیچ جێدەستی بەسەر نەخشەی نەوتی کوردستانەوە نیە. لەکاتێکدا زۆرینەی نەوت و سامانی سروشتی دەکەوێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک. 
٭ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە، بەبێ پێکهاتن و ڕێککەتن لەسەر ڕادەستکردنی بڕی نەوتی دیاریکراو بە بەغدا، وەک ئەوەی لە ڕێکەوتنەکاندا هاتوە، دیسان و جارێکی دیکە ڕیسک کردنە بە موچەو بژێوی هاوڵاتیان. چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتی دیاریکراو ڕادەست نەکات، ئەوە هیچ گرەنتییەک نیە کە بەغدا، بەردەوامبێت لەسەر ناردنی بودجەی مانگانە، کە بڕەکەی 522ملیار دینارە. ئەوکات جارێکی دیکە حکومەت پاشەکەوتی موچە دادەهێنێتەوە.
٭ ئەگەر هەرێم پابەندی پێدانی نەوت بە بەغدا نەبێت، حکومەتی عادل عەبدولمەهدی ڕوبەروی فشاری پەرلەمانتارانی عەرەبی شیعە، سوننە، شەقامی عێراقی، نەیارانی حکومەت و  ناسیۆنالیستانی عێراقی دەبێتەوەو ئەویش بۆ پاراستنی حکومەتەکەیی و کەمکردنەوەی فشار لەسەری، ناچار، هاوشێوەی مالیکی و عەببادی، بودجەی هەرێمی کورستان ڕادەگرێت. لەوەها حاڵەتێکیشدا، دیسان هەرێمی کورستان تووشی قەیرانی دارایی دەبێتەوە. 
٭ ئۆباڵی بڕینی بودجەو موچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، چەندە پەیوەندی بە بیری شۆڤێنی و ناسیۆنالیستی و مەزهەبگەرایی دەسەڵاتدارانی بەغداوە هەبێت، دوو هێندەش پەیوەندی بە ڕادەستنەکردنی نەوتەوە هەبووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەمەش لە پێناو ئابوری سەربەخۆ نەبوە، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو بۆ گیرفانی خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان بووە.
٭ کاربەدەستان و بڕیاردەرانی مەلەفی نەوت، هەرگیزو هیچ کات و تا لەدەسەڵاتدا بن، نایانەوێت و مەبەستیان نیە بەهیچ شێوەیەک، دەسبەرداری فرۆشتنی نەوت و شاردنەوەو شەفاف کردنی نەوتەوە بن، چونکە لەوڕێیەوە ئەگەر هەروا  بۆیان بچێتە سەر، دوو نیشانە دەپێکن، هەم هەژمونی حوکمڕانیان تۆختر دەکەنەوەو هەمیش ملیاران دۆلاریان دەستدەکەوێت.
٭ فرۆشتنی نەوت بەو جۆرەی ئێستاو شاردنەوەو بە تاڵانبرنی داهاتەکەی، ژیانی نەوەکانی ئێستاو داهاتوی هەرێمی کوردستان تاریکترو تاریکتر دەکات.
٭ ئەگەر حکومەت پاشەکەوتی موچە هەڵبگرێت، ئەوە بۆ دڵڕازیکردنی خەڵکە بە شێوەیەکی کاتی و خۆ دزینەوەیە لە مووچە پاشەکەوتکراوەکانی دیکە. چونکە وەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا، هیچ گرەنتیەک نیە ئەو ناردنی ئەو پارەیە لەلایەن بەغداوە بەردەوامبێت.
٭ سەرۆک حکومەتی ئێستا و بەشێکی پارتی  دەیانەوێت لابردنی پاشەکەوتی موچە بکەن بە دەسکەوت بۆخۆیان و سحری حکومەتی نوێ و ئامانجی گۆڕان لەبەشداربون لەکابینەی نۆیەم بەتاڵ بکەنەوە.
٭ سەرۆکی حکومه ت نایەوێت، کورسیەکەی بەو حاڵە چۆڵبکات و نایەوێت ناوی لە مێژوودا وەک ئەندازیاری پاشەکەوتی موچە تۆمار بکرێت.
٭ ئامانجێکی دیکەی لابردنی بڕیاری پاشەکەوتی موچە، بۆ لەبیربردنەوەی مووچەی پاشەکەوتکراو و نەدانی مووچەکانی ساڵانی ڕابردووە. 
٭ شاگەشگەبوونی خەڵک بەرامبەر بە بڕیاری لابردنی پاشەکەوتی موچە، ئەوپەڕی ناهۆشیاری خەڵکە. چونکە پێدان و دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، ئەرکە لەسەر حکومەت و هیچ منەتێکی تێدانیە.
٭ لەبڕی دڵخۆشبون و شاگەشگەبوون بەو بڕیارە، جێگەی خۆیەتی خەڵک داوای موچە پاشەکەوتکراوەکان، شەفافیەتی نەوت، چەسپاندنی عەدالەت، یەکسانی، دیموکراسی، دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان، دابینکردنی کارەبا، ئاو، ئازادی زیاتری کاری سیاسی و ڕۆژنامەوانی بکات. دواجار حکومەتی ئەرکی سەرشانیەتی لە خزمەت خەڵکی کوردستاندابێت و ئەرکی خەڵکیشە ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەر شانیان لەکاری وەزیفی بەدڵسۆزی و لەخۆبردویەوە ئەنجامی بدەن.
ئاکۆ حەمەد رابی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی