ئابووری نێچیرڤان قوباد ... نێقوبی

09/03/2019

 

لە كاتی دەسەڵاتداریی مزەفەرشادا لە ئێران، قەسابەكان كیلۆی گۆشتیان لە دوو قڕانەوە گران كرد بۆ سێ قڕان.

خەڵك كە ئەوەیانزانی ڕژانە سەر شەقام و دژی قەسابەكان دروشمیان دەدا، ئەو هەواڵە بە مزەفەر شا گەیشت. كاربەدەست و وەزیرەكان بۆ هێوركردنەوەی خەڵك هانایان بۆ برد.

مزەفەر شا هێندێكی بیر كردەوە و وتی: بچن بە قەسابەكان ڕابگەیەنن كە دوو قڕانی تریشی گران كەن و بیكەنە پێنج قڕان!

خەڵك كە دیتیان نرخی گۆشت نەك هەرزان نەكرا بەڵكو گرانتریش بوو، دیسان هاتنەوە سەر شەقام و ئەوجار دوكانەكانیان ئاگر تێبەردا و شووشەكانیان هەموو شكاندن.

كاربەدەستانی دەوڵەت چوونە خزمەت قیبلەی عالەم و پێیان ڕاگەیاند كە قوربان ئەو بیر و بڕیارەی تۆ ڕەوشەكەی تێكدا و كاری خراپتر كرد. ئەوەتا خەڵك زۆر تووڕەتر بوون و دووكانەكانیان تەواو خراپ كرد و قەسابەكانیش خۆیان نەشاردباوە دەیانكوشتن.

ئەوجار مزەفەرەدین شا وتی: ئێستا بڕۆن قرانێكی هەرزان بكەن، یەعنی كیلۆی بدەن بە چوار قڕان!

ئەو هەواڵە لەنێو شاردا بڵاو بۆوە، كاتێ خەڵك زانییان كە بە دەستوور شا گۆشت قرانێك هەرزانتر بووە، دەست بە دوعا بۆ سەلامەتی شا ڕاوەستان و نوێژی شوكرانەیان بەجێ هێنا.

جا لە ئێران بەو كارە دەڵێن "ئابووریی مزەفەری"

كێ دەڵێ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و حكومەتەكەی خۆشمان ئەم چیرۆكەیان نەخوێندووەتەوە. تا موچەی ئەسڵی كەم بكەنەوە بۆ روبعە موچە، كە بینیان خەڵك تینیان بۆ هێناون ڕوبع بەرز بكەنەوە بۆ نیوە موچە. خەڵكیش بەمە نوێژی شوكرانەبژێریان بۆ بكەن.

حەقە لە كوردستانی خۆشمان بەمە بوترێ: ئابووری نێقوبی!

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی