كەركوك دەگەڕێتەوە، یان ناگەڕێتەوە؟

10/03/2019

ئاسۆ حاجی

هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی ئیمزا و ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایێك بۆ دەركردنی سەربازانی ئەمەریكا لە عێڕاق یان لایەنی كەم سنوورداركردنی ژمارەیان و جوولەیان،ژمارەیەك فراكسیۆنی شیعە خەریكی كۆكردنەوەی ئیمزان بۆ دەنگدان لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پاشان لە ڕێی پڕۆژە یاسایەك كە رەنگە وای ناوبنێن (تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پاریزگاكان) دەسەڵاتی دانانی پارێزگار بۆ پارێزگاكان بدەنە دەست وەزیری ناوخۆ لە ئێستاوەش دیارە وەزارەتی ناوخۆ بۆ شیعەیە و لە ناو شیعەش شەڕە لە سەر ئەوەی كێ زیاتر پابەندی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئێرانە.

پڕۆژە یاسای یەكەم بە دڵنیایەوە بۆ دەرپەڕاندنی ئەمریكا لە پێناو یەكلایی كردنەوەی دەسەڵاتی رەهای شیعەیە بە سەر تەواوی جوگرافیای عێڕاق بە هەرێمی كوردستانیشەوە،ئامانج لێی زیاتر پەرێشان كردنی سوننەی عەربە و هێشتنەوەی دەسەڵاتی شارەكانیانە بە دەست حەشدی شەعبیەوە.

پڕۆژە یاسای دووەمیش زیاتر شاری كەركوك بە ئامانج وەرگیراوە بە تایبەتیش كە خەریكە پارتی و یەكێتی دەربارەی دانانەوەی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە ڕێك دەكەون،هەروەها فشارێكی زۆر لە سەر حكومەتی عێڕاقی هەیە بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی كێشە لەسەر.

رەنگە ژمارەیەك پەڕلەمانتاری سوننە بەهۆی فاكتەری نەتەوەیی بچنە پاڵ ئەو هەوڵانەی شیعە،بە تایبەتی پەڕلەمانتارانی عەرەبی كەركوك هەروەها رەنگە پەڕلەمانتارانی توركمانیش ببنە بەشێك لەو پیلانە تەنها لە پێناو ڕێگری كردن لە دانانەوەی پارێزگارێكی كورد و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە.

پەڕلەمانتارانی عەرەب كە خەریكی ئەو پیلانەن هەرگیز نزیك نابنەوە لە باسێكی وا بەڵكو بە ئاراستەی ئەوەی دەبەن كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە وادەی یاسایی خۆی لای داوە و پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە،بێگومان ئەوەیان راستە بەڵام دۆزینەی چارەسەر بە هەڵوەشاندنەوەیان نادرێ هەروەها بە وەی كە دەسەڵات بدرێتە وەزیری ناوخۆ بۆ دانانی پارێزگارەكان،بەڵكو بە كاركردن بۆ دانانی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكرێ.

ئایا كورد دەتوانێ ڕێگری لەو پیلانە بكات ؟ ئەگەر كار بكەوێتە دەنگ دان و زۆرینە و كەمینە بێگومان كورد ناتوانێ ئەو پیلانە بوەستێنێ،ئەوە ئەگەر كورد هەموو یەك گرتوو و یەك هەڵوێست بن كە ئێستا وا نین، فراكسیۆنی نەوەی نوێ خۆیان لە بەرژەوەندی حەیدەر عەبادی و بەرەی ئیسلاح یەكلا كردۆتەوە، سەرۆك كۆماریش كە ئەركی سەرەكی پارێزگاری كردنە لە دەستوورە بەگوێرەی گووتار و لێدوانەكانی زیاتر بەلای بەغدای دادەكێشێ هەتا كوردستان، لە كاتێكدا ئەو دەتوانێ ڕێگری لەو جۆرە پیلان و بڕیارانە بگرێ بە تایبەتی دەربارەی پرسی كەركوك كە بەگوێرەی دەستووری عێڕاق رێوشوێنی تایبەتی بۆ داندراوە بۆ چارەسەركردنی پرسەكەی.

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی