ئایا نێچیرڤان بارزانی‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وان؟

10/03/2019

هیلال ئیبراهیم

هه‌رچه‌نده‌ بڕیارمدابوو تاهه‌تایه‌ دوور بكه‌ومه‌وه‌ له‌ نوسینی‌ ڕه‌خنه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌، به‌لاَم له‌به‌ر بیركردنه‌وه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ ڕووبه‌رووی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بۆته‌وه‌ كه‌ لێوه‌ی‌ هاتوینه‌ته‌ ئه‌م دنیا به‌م ووتاره‌ له‌به‌هارێكی‌ ڕه‌نگین و جوانی‌ كوردستاندا ده‌ستپێده‌كه‌مه‌وه‌. 
وه‌ك ده‌بینین و ده‌بیستین له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی‌ ڕابردوودا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رنامه‌ی‌ به‌ پاڵه‌وانكردنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاتۆته‌ ئارا، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بێت له‌نێو ناوه‌ندی‌ ده‌سه‌لاَت  ئه‌وا  ئه‌و به‌رنامه‌ جۆرێكی‌ تایبه‌ته‌ له‌ گه‌مژه‌ی‌.  لێره‌دا ده‌بێ‌ بپرسین بۆچی‌  ئه‌وانه‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ وه‌سفی‌ ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ بوونی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئه‌كه‌ونه‌ حاڵه‌تێكی‌ تایبه‌تی‌ گه‌مژه‌ییه‌وه‌؟
 له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌رخستنی‌ توانای‌ ئه‌و پاڵه‌وانه‌ له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتی‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كیدا سه‌ركه‌وتوو بوه‌ یان نا؟
به‌ڵكو پاڵه‌وانێته‌كه‌ی‌ بریتیته‌ له‌ توانای‌ ئه‌و بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌ده‌سه‌لاَت له‌پۆست و پله‌ و پایه‌.
پاڵه‌وانێتی‌ ده‌سه‌لاَتداران له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ده‌سه‌لاَتدا نییه‌،به‌ڵكو پاڵه‌وانێتی‌ ئه‌وان له‌ده‌ستبه‌ردابوونیانه‌ له‌ ده‌سه‌لاَت. ده‌سه‌لاَتداران به‌ده‌ستكه‌وته‌كانیان تاقی‌ ناكرێنه‌وه‌ به‌ڵكو به‌ وازهێنانیان و ده‌ستبه‌ردابوونیان له‌ده‌سه‌لاَت تاقی‌ ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌وان كاتێ‌ تاقی ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ وه‌رزو سه‌رده‌میان تێده‌په‌رێت و ده‌ستبه‌رداری‌ ده‌سه‌لاَت ده‌بن.
له‌م ئان و ساته‌دا بۆ ئه‌زمونی‌ حوكمرانی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نیشانه‌ی‌ گرنگ و به‌هادار بۆ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌ و باوه‌ری‌ ئه‌وان به‌ دیموكراسی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ده‌سه‌لاَتی‌ به‌رێوه‌بردن(هه‌موی‌ نا هه‌ندێكی‌) ببن.
 هه‌نگاوی‌ گرنگ بۆ ئه‌و ئه‌زمونه‌(ئه‌زمونی‌ حوكمی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌) باوه‌ڕبونی‌ ئه‌وانه‌ بۆ ڕێگاخۆشكردن و ڕێگاكردنه‌وه‌ بۆ هاونیشتمانیانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ گه‌یشتنیان به‌ ناوه‌نده‌ بالاَكانی‌ ده‌سه‌لاَت و به‌رێوه‌بردن.
نێچیرڤان بارزانی‌ به‌ده‌ستبه‌رداری‌ له‌ ده‌سه‌لاَت ده‌بێته‌ پاڵه‌وان . ئه‌و ئه‌گه‌ر له‌دوای‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ژیانی‌ خۆی‌ ته‌رخان بكات بۆ بواری‌ خزمه‌تگوزاری‌ گشتی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌لاَت. ئه‌و پاره‌ و ده‌سه‌لاَت و په‌یوه‌ندیانه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌لاَت ته‌رخانی‌ بكات بۆ  خزمه‌تی‌ گشتی‌ و كاری‌ خێرخوازی‌، ئه‌وا  له‌ كه‌سێكی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ ده‌سه‌لاَتخواز ده‌بێته‌ كه‌سێكی‌ خێرخواز، جیا له‌وه‌و مانه‌وه‌ی‌ له‌نێو ده‌سه‌لاَت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناكرێته‌ پاڵه‌وان.

هیلال ئیبراهیم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی