دكتۆر بەرهەم‌و هەولێر‌و دیبلۆماسییەتی كوردی

11/03/2019

حه‌سه‌ن هه‌ندرێنى

ئەگەر ریفراندۆم بكەینە وێستگەیەك بۆ دیاریكردنی پێوەری دبلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان، ئەوا پێش ریفراندۆم هەرێمی كوردستان وەك گەراجی سەرۆك ‌و سەركردە جیهانییەكان وابوو، بەڵام دوای ریفراندۆم هەرێم لەم جموجولە دبلۆماسییە هەتیوو دەكەوێ. ئەمەش دیارە بۆ سەركێشیی سیاسیی دەگەڕێتەوە، كە لەڕابردوودا‌و لەنموونەی هاوشێوەدا شتی وا رووینەداوە، بەتایبەت گەلێك كە تائەمڕۆكەش دوای چەندین ساڵ خەبات بۆ رزگاریی نیشتمان لەتێكۆشاندایە‌و پێویستی بەدۆستی زیاتر هەیە تا پاڵپشتیی بكەن. زۆرجار باس لەپەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان ئەمریكا- ئیسرائیل دەكرێ، بەڵام واشنتۆن تەواوی خواستەكانی ئۆرشەلیمی وەڵامنەداوەتەوە كە ویستوویەتی. تەنانەت لەپەنجاكان ئیدارەی ئایزنهاوەر ئیسرائیلی ناچاركرد لەو ناوچانە بكشێتەوە كە دەستی بەسەرداگرتبوون لەماوەی جەنگی سوێسدا‌و دەیان نموونەی لەمچەشنە. جا ئەگەر ئەمە بۆ ئیسرائیل زەحمەت بێ، دەبوا سەرانی كوردیش لەپەیامەكەی ئەمریكا گەیشتبان، كە لەسەرووبەندی ریفراندۆمدا لەڕێی وەزیری بەرگرییەوە بەگوێی دادان. 
 
ئێستاش درەنگ نیە بۆئەوەی چیتر هەرێمی كوردستان دانەبڕێ لەجیهانی دەرەوە، پێویستە یەكەم هەنگاو لە بەغداوە دەستپێبكات، لەبەرئەوەی دوای روخانی رژێمی بەعس هەرێمی كوردستان بەسەربەخۆیی خۆی نەگەیشت‌و بە رایەڵێكی بەهێز مایەوە لەگەڵ بەغدا، ئەویش دەستورێكی هاوبەشە. كە بەداخەوە تا ئەمڕۆ زۆر لەبڕگەو ماددەكانی ماون جێبەجێبكرێن. لەبەرامبەر ئەم دەستی دەستیانەی بەغداش لەماوەی رابردوودا زۆر هەوڵ دراون بۆ سەربەخۆیی ئابووری هەرێمی كوردستان لەڕێی دانانی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت، بەڵام وەك دەرەنجام دەركەوت ئەم سیاسەتە فەشەلی هێنا لەبەرئەوەی تاكڕەوانە داڕێژرابوو. هەروەها لەبواری سیاسیشەوە بەهەمان نەزم هەنگاوی ریفراندۆم نرا بەئاراستەی جیابوونەوە‌و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە خەڵك بە رێژەیەك هاتنەدەنگ بۆی، بەڵام دەرەنجامی ئەم سیاسەتەش لەبەرئەوەی لەسەر بناغەیەكی تۆكمەی وەك یەكیی ‌و یەكگرتوویی هەموو لایەنەكان‌و جەماوەری سەربەخۆ نەبوو لەلایەك‌و پاشگەزبوونەوەی سەرانی ریفراندۆم لەهەنگاوەكان لەلایەكی دیكەوە بوونە هەوێنی شكستێكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان‌و هەرچی پیرۆزیی هەیە لەم نیشتمانە رێز لێگیرانی كەوتە ژێر نیشانەی پرسیار.
 
ئاسانترین كارێك یان هەنگاوێك كە ئەمڕۆ پێویستە هەرێم بیهاوێ ‌و دەروازەیەك بەڕووی ئەو داخرانەی خۆی بیكاتەوە، بەغدایە. بەتایبەت كە ئەبینین لەهەڕەمی دەسەڵات لەبەغدا، یەكێك لەسەركردە دیارەكانی كورد، وەك سەرۆكی وڵات لەئەوجی دەسەڵاتە. هەرچەندە لەوە تێگەیشتووین، كە گەیشتنی دكتۆر بەرهەم بەو پۆستە بە چ زەحمەتیێكی زۆر تێپەریووە‌و چەند ئاستەنگی هاتەپێش‌و دڕدۆنگیێكی چەند گەورە بەرامبەری دروستبوو، تا كاردانەوەكان بەوە گەیشتن رێی هاتنە هەولێری لێبگرن!، بەو مانایە نا كە نەتوانێ بێتە هەولێر بەڵكو وەك سەرۆكێك پێشوازیی لێنەكرێ، بەڵام وەك دەرەنجام‌و چارەسەری ئەو داخرانە زۆرەی هەرێمی كوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێ هەر ئەوە چارەسەرە فەڕشی سوور بۆ دكتۆر بەرهەم لەپایتەختی هەرێمی كوردستان وەك شێوەیەكی ناچاری رابخرێ. 
 
بەداخەوە هەر شوێنێك‌و كارێك پارتی دیموكرات تێیدا باڵادەست نەبێ هەتا بتوانێ لەگرنگێتییەكەی كەمدەكاتەوە. دوونموونەی دیاریش كەركوك ‌و پۆستی سەرۆك كۆمارییبوون، كەركوك هەروەك دیارە یەكێتی نیشتمانی لەشۆڕشی نوێوە چۆن پلە یەك بووە لە خەبات‌و قوربانییدان تائەمڕۆش هەر بەمشێوەیە ماوەتەوە، بۆیە لەبەرامبەردا لەڕێی لۆبیی راگەیاندنەوە زۆر كار لەسەر ناشیرینكردنی ئەمشارەكرا، بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، ویستی خەڵك سەركەوت بەسەر خواستی ئەو لۆبیستانە. كێشەی سەرۆك كۆماریش هەمان نەزمی هەبوو، كە زانیان كاندیدەكەیان سەركەوتوونەبوو، باس لەڕێگرییكردنی دكتۆر بەرهەمكرا بۆ هەولێر!!. بەڵام بەهۆی كارامەیی دكتۆر بەرهەم‌و تێگەیشتنی لایەنی بەرامبەر لەوەی ئەم پێگەیە شوێنێكی شیاوە بۆ ئەو كەسە، پلانەكەیان گۆڕی‌و گۆنگرەی راوێژكارییەكەی بەغدایان بەهەلزانیی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، پێدەچێ سوڵحابن. دوابەدوای ئەمەش دیداری سلێمانی هاتەپێش كە كارێكی بەرهەمداری زۆر باش دەبێ‌و لەسەر ئاستی هەرێمایەتی‌و تەنانەت كەسایەتییە دەولییەكانیش بەشدارییانكرد، ئەمجۆرەكارانە مەسیجن بۆ هەموو ئەوانەی سیاسەت ئەكەن كە لەهەرێم‌و بەغدا پێگەی كورد لاوازنیە، ئەگەر ژیرانە مامەڵەبكرێ، بەڵام سەوڵ لێدان بەئاراستەی پێچەوانەی “با” جیا لە زیاد سەرفكردنی وزە، هەوڵەكەش ئەنجامێكی نابێ. 
 
لەعێراقی دوای سەددامدا، ئەوە سێیەمجارە هەلی گەیشتن بەو پۆستە بەر كورد بكەوێ، واش هەڵكەوتووە هەرسێكیان سەركردەی دیاری جولانەوەی رزگاری‌و دیموكراسی كوردستان بن، بۆیە واچاكە سەرانی كورد بەگرنگییەوە لەم مەوقیعە بڕوانن‌و بەقازانجی دۆزی رەوای خۆی بیقۆزێتەوە، پێویستە لێرەوە بەردەكانی پەیوەندیی بخەنە سەر بەردی بناغەی دیبلۆماسیەتێكی سەركەوتوو بۆ ئایندەی كوردستان ‌و گەلەكەی، لەهەموو كات زیاتر بۆ ئەمڕۆی كوردستان پێویستە، كە لەدۆخێكی ناجێگیردایە.

حەسەن هەندرێنی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی