بۆ پارتی بڕیاری ھەڵگرتنی پاشەکەوت کردنی مووچەی دا...؟؟

11/03/2019

دڵشاد مەجید

(٢)

بۆدووھۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە.. یەکەمیان پەیوەستە بەبارودۆخی سیاسی پارتی و بنەماڵەی بارزانی.. ئەوی تریان بۆ بەھێزکردنی پێگەی نێچیرڤان بارزانیە..

• پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەپێش ڕیفراندۆم ھێزو ھەژموونیان لە پەیوەندیەکانی دەرەوەی سەرچاوەی گرتبوو، گرنگی بەناوخۆ نەدەدا، پەرلەمانی دادەخست، وەزیرو حزبەکانی لەحکومەت دەردەکرد، ھێزی میلیشیایی دروست دەکرد، دەستی بەسەر یارمەتی دارایی و چەک دادەگرت، تەواوی پەیوەندیەکانی ھەرێمی بەدەرەوە قڕۆخ کردبوو..

بەڵام لەدوای ریفراندۆم پارتی فاکتەری پشتوانی دەرەوەی بەتەواوی لەدەستدا، پێگەی بارزانی لەسەر ئاستی دەولی و ئیقلیمی (تحجیم) کرا.. تاکە ڕێگا و گۆڕەپان لەبەردەم بارزانی و پارتی مایەو گەمەی تیا بکا بەغدا بوو... 

بەڵام لەپرۆسەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پارتی و بارزانی زیاتر ھەستیان بەو پەراوێزخستنە کرد..

لێرەوە ستراتیجیەتی پارتی گۆڕا ، کەئەمجارە بە فاکتەرو بەھێزی ناوخۆوە جارێکی تر ئەو پشتیوانیەی دەرەوە بەدەست بھێنێتەوە...

بەپێچەوانەی جاران دەیەوێ ئەو دەزگایانە زیندو بکاتەوە، ھەموو حزبەکان بەپۆست و ئیمتازات لەخۆی نزیک دەکاتەوە، بەڵام لەژێر ھەژموون و فەرمانڕەوایەتی بنەماڵە، بەزۆرینەی پەرلەمانی و بەدەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت.. 

• ھەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەو دروستکردن و کاراکردنی ھەندێ دەزگاو دامەزراوەو پیادەکردنی ھەندێ ریفۆرم و کەمکردنەوەی گەندەڵی ئەو ھێزەی لەناوخۆ بۆ دەستەبەر دەکا .. کەدەرەوە مامەڵەیەکی تری لەگەڵ بکەن ھەرنەبێ لەم قوناغە بتوانێ لەبەغدا وەک ژمارەیەکی گەورە حیسابی بۆ بکرێ..

• پارتی و بارزانی بۆ بەدەستھێنانی ئەو ھەژموونە، دەیەوێ بەتەواوەتی کێشەی ژیان و گوزەرانی خەڵک بخاتە ئەستۆی بەغدا.. بۆئەوەی لەمەودوا ھەرگرفتێکی دارایی رووبدات .. خەڵک و حزبەکان ئێقەی بەغدا بگرن.. دیسانەوە ئەم ناڕەزاییانە دەچێتەوە گیرفانی پارتی.. و وەک گوشارێک بەکاری دێنێ..

• بۆ پێکاندنی ئەو ئامانجەش بەتەسلیمکردنەوەی مەلەفی نەوت بەناوەند جێ بە جێ دەبێت.. بۆیە ئەگەر لەم ساڵیش نەبێ.. پارتی لەساڵی داھاتوو مەلەفی نەوت تەسلیم بە بەغدا دەکاتەوە..

( سێیەم و کۆتایی)

بەھێزکردنی پێگەی نێچیرڤان بارزانی..

• ئێمە بە ھەڵەدا دەچین، ئەگەر گرەو لەسەر ململانێی ئامۆزاکان بکەین، بەرای من تا مەسعود بارزانی مابێ، ئەو ململانێیە ناگاتە ئاستی مل شکاندنی یەکتر و تەقینەوە.. ھەروەک یەکێتی تا تاڵەبانی مابوو کێشەو ململانێی نێوان جەمسەرو باڵەکان بۆ دارایی و دەسەڵات نەگەیشتە ئاستی ڕووبەڕووبوونە، بەڵام ھەر لەگەڵ بزربوونی تاڵەبانی کێشەکانی ناویەکێتی تەقینەوە و گەیشتە ئاستی ئێسقان شکاندن..

• بۆیە ناکرێ ئێمە بڕیاری پاشەکەوت کردنی مووچە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی ، بە کردەیەکی دژ بە مەسروری ئامۆزای بزانین و لەدەرەوەی ڕەزامەندی مەسعود بارزانی بیخوێنینەوە..

بەڵکو بەرای من پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە ئەنقەست دانوسانەکانیان لەگەڵ یەکێتی دواخست، تا ئەوکاتەی حکومەتی ناوەند ئەو بڕە پارەیە دەنێرێ.. بۆ..؟

• بنەماڵەی بارزانی (وحده‌ المصیر ) دەیانبەستتێتەوە پێکەوە.. بۆیە دەبێت ھەموو فیگەرەکانی دەسەڵات بەھێز دەربکەون.ناکرێ مەسروور لەسەر حسابی نێچیرڤان بەھێزبکرێ.. بەپێچەوانەوەش.. بەڵام دەکرێ لەسەر حسابی ھێزەکانی تربێ..

• بارزانی بۆئەوەی نێچیرڤان وەک کەسێکی شکستخواردولەئیدارە دەرنەکەوێ.. کاتێ ئەو (ئۆپشنە) نەدرێتە نێچیر ئەوا پێگەی سەرۆکی ھەرێم بەلاواز دەبینرا.

• نێچیرڤان بارزانی ئەو شۆفەڵەیە کەڕێگای بەردەمی سەرۆکی حکومەت مسرور بارزانی خۆش دەکات.. چونکە نێچیرڤان پەیوەندیەکی باش و مەقبولی لەگەڵ ھێزەکانی ناوخۆ و ئیقلیمی و عیراق و دەولی ھەیە.. ھەربۆیەشە مەسرور نەکرایە سەرۆکی ھەرێم.کەئەم جۆرە پەیوەندیانە لە ( سی ڤی یە)کەی زۆر لاوازە.. رەنگە ھەر ھەمان ئەنجامی بارزانی باوکیان لەسەرۆکایەتی ھەرێم بچنیبایەوە..!!

• لەقوناغی یەکەمی ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لەبەغدا لەلایەن عەبادی، کاتێ پاشەکەوتی مووچە لانەدرا، پارتی و بارزانی رووبەڕووی گوشارێکی زۆری ناوخۆی ھەرێم و ناوخۆی عیراق بۆنەوە.. بەڵکو بە یەکێک لە ھۆکارەکانی لادانی عەبادی دادەنێرێ.. ئەمجارە پارتی و بارزانی توانی کارتێکی گرنگی گوشار لەدەست نەیارەکانی ناوخۆ و عیراق بسەنێتەوە.. ھەروەھا (ئۆپشنێکی )گرنگی دا بەعادل عبدالمھدی کە دەتوانێ گۆڕانکاری بکا و چانسی مانەوەی مەھدی زیاتر بکا ..

• بارزانی لەڕێگای نێچیرڤان مەسیجێکی نارد کە تاکە ھێزی بڕیاردە لەھەرێم بنەماڵەی بارزانیە و حزب و بنەماڵەی تر نیە، ھەروەھا سەروەریی لابردنی پاشەکەوتی مووچەش لە حزبەکانی تر بسەنێتەوە، وەپێشیان بڵێ پارتی بۆ گوشاری ھیچ لایەنێک مل نادات.. ئەگەر پارتی نەیەوێ بڕیار نەدات.. شوێن و کاتی بڕیارو گۆرانکاری تەنیا لەلای پارتیە...!!
——————

لەکۆتایدا دەبێ ئەوە بڵێم کە ئەمە خوێندنەوەو دنیا بینی منە بۆ ئەم بڕیارە.. بەو مانایە نایەتەوە.. کە خوێندنەوەو بۆچونەکانی تر ھەڵەن..

دڵشاد مەجید

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی