"یادكردن" یان "لەیادكردن"!

15/03/2019

كامەران سوبحان

دیمەنی یەكەم:
دەنگی تۆپەكان تا بێ نزیكتر دەبوویەوە. ئەوەی لە یادەوەریمدا ماوەتەوە، دیمەنە ئاڵۆزو نائاساییەكانی چێشتەنگاویی ڕۆژی ١٢ی ئازارە. واتە ٣١ ساڵ لەمەوبەرەو لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆداو چوار ڕۆژی ڕێك، پێش كیمیاویی بارانكردنی ئەو شارەی كە تائێستاش تارمایی ئەو شەهیدكرنە، لە كون و قوژبنی شارەكەدا ماوەتەوەو هەستێكی تاریك و ڕەشی لە سرووشتی قەشەنگ و دەروونی خەڵكەكەیدا جێهێشتووە.!
 
دیمەنی دووەم:
لە سوچێكی قوڵایی “یادەوەری”مدا چیرۆكێكی خوێناویی هەیە. ساڵانە لەگەڵ هاتنی ئەو ڕۆژانەدا،  ڕوداوەكانی “چیرۆكە خوێناوییەكە” وەك تاوێكی خێرا، بە یادەوەریمدا دێت و دەڕوا.!(پیاوانی گەڕەك، لەو سەری كۆڵانەكەمان كۆبوونەتەوە. بە دەنگی كزو هێواش قسەیان دەكرد. بینینی ئەم دیمەنانە بۆ من، هیچ ناگەیەنێ جگە لە گومان و ترسێكی منداڵانە. ترسێك تائێستاش، لەگەڵ ناوهێنانی ئەو شارە، جارێكی تر، ڕوداوە تاریك و خوێناوییەكانیم، دێتەوە یاد.!) كۆبوونەوەی پیاوانی گەڕەك، تابێ فراوانتر دەبوو. هەندێكیان، بە هێمنی وەستابوون و بێدەنگییەكی قوڵ دایگرتبوون. هەندێكی تریان، قسەیان دەكردو پەنجەكانی دەستیان، بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات و باشووری شار ڕادەوەشاند. وەك ئەوەی باس لە دەنگی تۆپ و فڕۆكەكانی ئاسمان بكەن. كە چەند سەعاتێ جارێ، دەنگیان لە ئاسمان و خۆرهەڵاتی شارەوە، دەبیسترا. ئەو دەنگ و ترسە، چۆڵەوانییەكی خستە گەڕەك و شار. بە جۆرێ، تا زەردەپەڕی ئێوارەی ئەو ڕۆژە، تاك و تەرا خەڵك لە كۆڵان و شەقامەكان دەبینرا.!

دیمەنی سێیەم:
١٤ی ئازار، دوو ڕۆژ پێش ڕوداوەكە، گەڕەكەكەمان چۆڵ بوو. هەندێكی بەرەو سنوور، هەندێكی بۆ گوندەكانی دەرەوەی شار، تاك و تەراش، ئەوانەی “ئۆتۆمبێل”یان هەبوو، بەرەو سلێمانی. ئێمەو هەندێ خزم و كەسوكار بە سواری ئەو ئۆتۆبێلە بارهەڵگرەی “خاڵ”م، لەژێر دەنگی فڕۆكەو تۆپبارانكردنی شەقامی سەرەكیی(هەڵەبجە -سلێمانی) بە تەنیشت لاشەی خوێناویی، دەیان سەربازو چەكدارو هاوڵاتیی. هەڵەبجەمان جێهێڵاو لە تاریكایی شەودا، گەیشتینە سلێمانیی.!

دیمەنی چوارەم:
تەنها چوار ساڵ، پاش ئەو ڕەشەكوژییەی بەعسییەكان، كە پێنج هەزار هاوڵاتیی و هەزاران ئاژەڵ و باڵندەو درەختی خنكێنرا، نەرێتی یادكردنەوەی هەڵەبجە، لەلایەن حیزب و دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، داهێنرا. بەڵام ئەو برینە قوڵەی جەستەی شارەكەی سارێژ نەكرد.!  ئەو شارە، پێویستە پاداشتی ئەو هەموو خوێن و ئازارەی جەستەی بدرێتەوە، نەك فریودانی بە “یاد”ێكی ساڵانەی بێ بەرهەم.! چونكە ئەو شێوازە یادكردنەوەیەی ١٦ی ئازار، گەر لێی وردبیتەوە (لەیادكردنە) نەك (یادكردن).!

دیمەنی پێنجەم:
١٦ی ئازار. هەموو لە هەڵەبجەن... هەموو خەریكی قسەكردنن.!!

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی