ئیحتیکاری بازاڕ و هاوبەشبوونی حکومەت؟؟!!

15/03/2019

کەوگەز رەحمان


دوای ھەڵگرتنی  پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران ، تەواوی نرخی کەل و پەل و پێداویستی یەکانی ژیان ھەر لە خواردن تا دەگاتە پێداویستی ناوماڵ و بیناسازی و زەوی و خانوو نرخەکەی بەرز بونەوەیەکی بێ ئەندازەی بە خۆیەوە بینیوە، کە ھۆکارەکەی بۆ ئەو فەوزایە دەگەڕێتەوە کە لە کوردستان لە سێکتەری ئابووری ھەیە ، بەبڕوای من بناغەی  سەلامەتی ئابووری لەم قوناغەدا   ، جێگیرنی یە ، ھەرکەسەو بۆخۆی کوێخایەکە ، حکومەت وەک سۆمالیتا خەریکی وەر گرتنی باج و رسوماتە ، رەشوە و خاوەپێدان لەگەڵ خوێنی بەشێکی زۆری کارمەندانی  حکومەت تێکەڵ بوە ،ئەویش بەھۆی شارەزانەبوون لە یاساو جی بە جێ نەکردنیەتی  ، یاسا بۆ رێکخستنی ژیان بەبێ جیبەجێکردنی کۆمەلگایەکی مردۆخ و تەمبەڵ و خاوە خۆر و بێ بەرھەم دروست دەکات .
حکومەت بێ گوێدانە پلانە جێگرکراوەکان پاشەکەوتی ھەڵگرت ، بەڵام خەریکە ئەو خەڵکە  دەبنە نێچیری کۆمەڵێک  بازرگان و سەرمایەداری چاوچنۆک کە مۆلۆپۆی بەشێکی بازاڕی کوردستانیان کردووە، تەنانەت ھەندێکیان وا چاو قایمن کە بەرپرسانی لۆکاڵیش ناوێرن نزیکیان کەون ، ھەڵگرتنی پاشەکەوت بەو فەوزایەی ئێستای بازاڕ تەنھا یەک بەش لە موچەخۆرانی دەوڵەت لێ سودمەند بون ، ئەویش  موچەی پلە باڵاکان ، ئەگینا بەشی زۆری موچە خۆرەکان ١٠٠ تا ٢٠٠ ھەزار پاشەکەوتی بۆ کرابوو  لەدواین پاشەکەوتی سەدا ٣٠ یەکە ، ھەر یەکێک لەفرۆشیارانیش بیانوی جیاوازیان ھەیە ، کە ھیچی راست نییە تەنھا درۆیەکی دروست کراوی بێ بنەمایە ، بیانوی ھەندێکیان باجی گومرگە ، بیانویەکی تریان ھاوردە کردنە بۆ دەرەوە ، بیانوی ھەندێکی تریش خواستە ، کە ھیچی راست نی یە ، ئەوەی یەکەم رسوماتی گومرگ لەگەل بە غدا یەک رسوماتە بەڵام نرخ لەوێ زۆر ھەرزانترە لەھەموو جۆرێکی.
ئەوەی دووەم جگە لە مریشک و بەروبومی پەلەوەری بەحەب بەخێوکراو چیتر ھەیە تا ھاوردەی دەرەوەی بکەن ، دواتر ھاوردەی کوێی دەکەن! تورکیایە خۆی بەروبومی نیوەی ئەوروپا دابین دەکات بەکوالیتێکی زۆر بەرزتر کە بۆ ئێرە هاوردە دەکرێت ،ئێرانە بەھەمان شێوە ، بۆ ووڵامی سێ ییەم خەڵک  دوای ٤ ساڵ دەزانێت  گیرفانی چی دەوێت ، شتێک ناکڕێت کە پێویستی ئێستایی نەبێت ، واتا بەپێی گیرفان و رەچاوکردنی دۆخ کڕیارە ، بۆیە ھیچ لە بیانووەکان  جێگەی  بڕواپێکردن نین و لەرووی ئابورییەوە ھیچی زانستی و واتا دیارنین،تەواوی بازاڕی  کوردستان کاڵایی ئێرانی و تورکی یە ، کەچی نرخی ھەر کاڵاو شت ومەکێکی ھاوردەکاراوی ئەو دوو وڵاتە ئاسمان و ئەرزی فەرقە ئەوە سەرەڕای  ناجێگیری دراویان و ٤ بۆ ٦ بەرامبەر لە ساڵانی پێشووتر کەچی وەک ئەو چەند رۆژە نرخ بەرز نەبووە  ،بۆیە پێویستە حکومەت ھەوڵی خۆیی بخاتە گەر بۆ لێپێچینەوە وداخستن و پێ بژاردن ، ئامانجێکی روونتر پیادەبکات لە درووست کردنی چاودێری وردی بازاڕ لە ھەڵواسینی  نرخ بۆ ھەرچی کاڵایە تاوەکو بازاڕ ھاوسەنگ بێت لەگەل داھات و دۆخی خەڵک.
سەبارەت بە پرسی بەرزبونەوەی خانوش ، ئەمە فێڵی چەند  بازرگانێکی کڕینی زەوی وخانووە  لەنێوخۆیان بۆ ئەوەی دۆخەکە بقوزنەوە بۆ ساغ کردنەوەی زەوی و خانوەکانیان بە نرخی بەرزو ویستی خۆیان ، ئەگەر ھیچ یاسایەکێش نەبێت بۆیان،بەڵام ئەم یارییە ناگاتە مانگێکی دیکە و بگرە نرخی خانو و زەوی زیاتر دەشکێت، چونکە لایەنی کەم چەند ھۆکاری پێویستە بۆ گەرم بونەوەی ئەو بازاڕە  ، کەخۆی لە چونی پارەبۆ بازاڕ و دەست پێکردنەوەی سولفەکان و دانەوەی پارەی بەڵێندەران و جوتیاران و دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان کە چەند مانگێکی پێویستە دوای ئاسایی بونەوەی ئەو ھۆکارانەی ئاماژەم بۆ کرد، بەڵام لە ئێستادا یەک پرس چارەکراوە ئەویش موچەیە ، ئەوانی دیکە ھەنگاوەکانیان نادیارە ، بۆیە ھاوڵاتیان پێویستەچاو کراوەبن ..

کەوگەز رەحمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی