كورد ئەو گەلەی كیمیاباران و ئەنفال لەخەوی غەفڵەت بەئاگای نەهێنا

16/03/2019

خالید حاجی وادی

هەر گەلێك تراژیدیای لەناوبردن بەئاگای نەهێنێ مەحكومە بەوەی، بەردەوام لەناو تراژیدیادا بخولێتەوە. 

گەلی كورد تەنها گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، كەلەماوەی 2718 ساڵی ڕابردودا دوای كەوتنی ئمپراتۆریەتی ماد، نەیتوانیوە بەشێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆی تەواو كە خاوەندارێتی لەو جوگرافیایە بكات، جارێكی كە بێتەوە سەر گۆڕەبانی مێژوو.

بەو هۆكارە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕوی لەناو بردنو كوشتو بڕی وەحشیانە بۆتەوە لەلایەن، فارس، عەرەب، تورك، ە وە. بەردەوام ئەم هەوڵی پاكتاو كردن "جینۆساید" و لەناو بردنە هەبووەو هەیە، هەر سەردەمێكیش بەپاساوێكی جیاواز، بەڵام ئەسڵ ئینكار كردنی وجودی گەلی كوردە وەك نەتەوە كەلەسەر ئەو جوگرافیایەی دەژی، لەلایەن ئەو سێ نەتەوەی كەوە.

لەتازەترین هەنگاوی پاكتاو كردندا لەسەدەی بیست و بیستو یەكدا، كیمیابارانی هەڵەبجە ،دوڵێ شێخ وەسانان، بالیسان، سێو سێنان.....هتد، ئەنفالی 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان، كاول كردنی 4000 هەزار گوندی كوردستان، ئەنفالی یەزیدیەكان، كوشتو بڕو پاكتاو كردن ئینكار كردنی كوردی باكور هەر لەسەردەمی ئەتاتوركەوە تا ئەردۆغانی ئیخوانی ئێستا، بێگومان فارسەكانیش هەر لەسەردەمی ڕەزا شاوە تا حەمەی كوڕی دواتریش دەسەڵاتی ئاخوندەكان.

بەڵام لەهەمووی كارەسات تر، خەوی غەفڵەتی كوردی باشورە، كە زۆرترین هەڵمەتی پاكتاو كردنی بەسەردا هاتووە، كیمیاباران و ئەنفال، دونیای هێنایە قسە، كەچی گەلی كورد خۆی لە خەوی غەفڵەت بەئاگا نەهاتەوە.

فەرموو باهەمووان بەچاوی خۆمان ببینین دوای ئەو تراژیدیا گەورانە، كۆمەڵگای كورد لەباشور چی دەسەڵاتێكی شەرم هێنەری بەرهەم هێنا !!!.

بەجۆرێك گرگنو زەلیل لەبەردەم دوژمناندا لەسەر چۆك كەوتون خەریكە كوردبون دەكەن بەشەرمێكی گەورە، ئەمانە هێندە دوای پارەو پول كەوتون، ئیدی لای دوژمنەكان نەك بەنوێنەری مافی نەتەوەیی سەیر ناكرێن، بەڵكو لە كۆمەڵێك بازرگانی گرگنی دۆڕاو بەولاوە هیچی دی نین، ئەوەتا دوای 28 ساڵ دەسەڵاتی خۆبەخۆی كورد، تائێستاش نەیان توانی هێندەی ڕۆژنامە نوسو میدیاكارو فۆتۆ گرافەرە بیانیەكان كەیسی هەڵەبجە بەجیهان بناسێنن، نەیان توانی پرسی هەڵەبجە بكەن بەپرسێكی نێو دەوڵەتی و بەجینۆسایدی بناسێنن. 

جێگەی خۆیەتی بپرسین ئایا كیمیاباران و ئەنفال، لەخەوی غەفڵەت بەئاگای بهێنینایە، لە ئێستادا ئەنفالی یەزیدیەكان ڕویدەدا، یان چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد لەكاتو ساتێكی كەدا ئەنفال مان بكەنەوە.

خالید حاجی وادی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی