باوكم لە هەڵەبجەوە بۆ نوگرەسەلمان

16/03/2019

دانا هەڵەبجەیی

پاش ئەوەی دوو ڕۆژ بە بەردەوامی لە ژێر بەزەیی ڕاجیمە و تۆپەكاندا لە ژێرزەمینەكەی خۆمان شەومان كردەوە، ئیدی لە 14-03-1988 هەموو خێزانەكەمان گواستمانەوە بۆ ژێرزەمینی ماڵی براگەورەكەم، بۆ ئەوەی ئەگەر مردین، یا ڕزگارمان بێت پێكەوە بین، بەڵام لەوێش دوای ئەوەی ڕەتلێك ڕاجیمە حەوشە و كۆڵانەكەی وێران كرد و تراكتۆرێك و ئۆتۆمبێلێكی سوتاند، ئەوەش بووە هۆی پەڕاندنی قاچی حەمە تاڵ و گیان لەدەستدانی كاك ناسری حمەكەریمی چایچی بە بەرچاوی خۆمەوە. ئیترچركە بە چركە هەستمان بە نزیك بونەوەی مەرگ ئەكرد، نە ئەمانتوانی لە ژێر زەمینەكە بێینە دەرەوە و نە بواری هەڵاتن و دەربازبوون لە هەڵەبجە هەبوو،،،. 

لە ناكاو جەلال عازەبانی شاعیری لاو خۆی كرد بە ژێرزەمینەكەدا، زۆر دڵی خۆش بوو چاوەكانی ئەبریسكایەوە لە خۆشیدا. ووتی: ها ئەوە جگەرەم بۆ هێناوی، زانیومە لێرەی، هەستە ئیتر ڕزگارمان ئەبێت لە بەعس، ئەمشەو تا بەیانی برادەران ئەگەنە ناو شار. پاكەتێك سۆمەری پێدام و ئەملاو ئەولای یەكترمان ماچكرد ، ووتی من ئەڕۆم بۆ باوەكۆچەك،، وەك بڵێی ئەزانێت ئەوە دوا دیداری ئەبێت لە گەڵماندا. هەر واش دەرچوو، لەو رۆژەوە نە جەلالم بینی و نە زانیشم لەكوێ دوا هەناسەی داوە و نە تەرمەكەشی دۆزرایەوە،،،. دڵنیام لە دوا لێدانی دڵیشیدا دڵی بە برادەران (پێشمەرگە) خۆشبوو كە شارەكەمان بۆ ڕزگار ئەكەن،،!!. كە گەورەییەكی بێ سنوورە مرۆڤ بە هیوای ڕزگاری و بە ئومێدی ئازادییەوە بمرێت.

هەناسەكەم..
هەناسەكەم، ئەو شیعرە ناسكەی شەهید جەلال بوو كە پێش مەرگی هەڵەبجە ئاوازم بۆ دانا. وەلی دوای شانزەی سێ، هەناسە لە جەلال بڕا و شیعریش بە ناسكی خنكێنرا و كەمانچەكەی دەستی منیش بۆ هەتا هەتایە شكێنرا،،،.

پاش نیوەڕۆكەی من و كاوەی زاوام بڕیارماندا برۆین پیكابەكەی لە گەراج دەربێنین و خۆمانی پی ڕزگاربكەین، بە هەزار زەحمەت، بە پشت و پەنای دیوارەكاندا لە ژێر ڕاجیمە و تۆپباراندا خۆمان گەیاندە گەراجە كەی كاك عوسمانی حەمەی پیرەژەن، بەڵام پیكابەكە شۆفڵێك بەری لێگرتبوو، هەرچیمان كرد نەماتوانی بیجۆڵێنین، یا كەسێك شۆفڵەكەی بەردەمی لابدات. دیسان بە نائومێدی بەهەمان شیوەی پێشوو گەڕاینەوە ژێرزەمینەكە،. بەڵام ڕۆژێك دوای ئێمە ماڵباتی خاڵی كاوە، پیكابەكایان بۆ دەربازبوو، وەلی خۆیانیان پێ دەرباز نەكراو پیكابەكە بووە دوامەنزڵگەیان، پاشان بوو بەو پیكابەی كە وەك وێنەی گەشتیارە خەوتوەكانی هەڵەبجە خۆی بە دنیا ناساند، كە ژمارەكەی(5814 سلیمانی) بوو، مۆدیلی ساڵی 58 بوو، 14 سەرنشینەكەی سەریان بۆ هەتاهەتایە نایەوە. تائێستاش مەریوان و مهاباد و خاڵە ئەحە،،،لەبەرچاومن كاتێك چوین بۆ ژێرزەمینەكەیان و چاویان پڕبوو لە چاوەڕوانی، ئەوانیش دیاربوو وەك چاوەكانی جەلال، چاوەڕێی ماڵئاوایی یەكجارەكی بوون. 

ئیتر نان و شیری مناڵ و خواردن لە تەواوبوندابوو، ئەبوایە كارێك بكرایە، شار بەردەوام مەرگی بەسەردا ئەباری و ترس و تاریكی دۆخی هەمووانی پەرێشان كردبوو، كاتێك زانیمان پاسە كۆستەرەكەی كاكە عەبەی برام، بە قوڕسواخكراو لە سەری كۆڵانەكە وەك فریشتەیەك بۆ دەربازبوونمان وەستا، و برا گەوەرەكەم  بە جاوێكی تۆقاو و پەشۆكاو، هاواری لێكردین خیرا تا تۆپبارانەكە كەمی كردووە سەركەوون، هێشتا مناڵەكانی خۆی سەرنەخستبوو، پاسەكە جێی دانیشتنی تیانەما، خەڵكی گەرەك و ژێرزەمین هەموو چوەنە ناو پاسەكەوە، لەكاتێكدا 21 كەسی ئەگرت، كەچی 64  خۆی تێ ترازاندبوو. 
باوكم و مامم بڕیاریاندا كە ئەوان بمێننەوە و ئاگایان لە ماڵەكان بێت، ئەگەر شتیێكیش بوو ئەوە ئۆتۆمبیلییان پێیە، ئەتوانن بڕۆن بەرەو سنووری ئێران،. هەرچەند پاڕاینەوە كە لەگەڵماندا بێن، سودی نەبوو، باوكم وتی؛ ئێوە گەنجن با تیانەچن، ئێمە هەرچۆنیك بێت مشوری خۆمان ئەخۆین.
ئێوارەی پانزەی ئازار بوو، بارانێكی كەم ئەباری، قەد هەڵەبجەم وا بە تاریكی لە ناو دوكەڵ و دڵەڕاوكیدا نەدیبوو، خەڵك هەمووی بە پیادە و ئۆتۆمبیل و تراكتۆر بەسەر جادە سەرەكیەكەی هەڵەبجە - سلێمانی بەرەو سیروان ئەڕۆیشتن. سەربازەكانیش وەك خەڵك خۆیان دەرباز ئەكرد، بە تاك و كۆ شەتەك و ماندوو ملی ڕێیان گرتبوو. پاسێك پڕ بوو لە ژن و مناڵ، بەناو تۆپبارانی نزیك و دووری سەرجادە و قەراغ جادە بە خێراییەكی سەرسامئاوەر گەیشتە سەرپردەكەی زەڵم، و بە تێپەربوونی ئێمە زرمەیەكی گەورە هات و پرەدەكەیان تەقاندووە و ڕێی سەرەكی سلێمانی- هەڵەبجە یان داپچڕان. ئیتر پاسەكەی ئێمە دوا ئۆتۆمبیل بوو كە توانی لە هەڵەبجە دەرچێت. 
هەر بارهەڵگری سەربازی و زرێپۆش بوو بەرەو هەڵەبجە ئەڕۆیشتن، بەڵام نەیانزانی تا ئاوەكەی زەڵم جادە ماوە،،،. كە گەیشتینە ناو سەید سادق، خەڵكە لەسەر جادە بەو شەوە مابوەنەوە، چاوەڕیی هەواڵ و هەڵەبجەیان ئەكرد، لە جامی پاسەكەوە موچە نانیان بۆ فڕێئەداین، بۆمان ئەگریان و هاوسۆزیان بۆ دەرئەبڕین، نەیان زانی ئەوانیش ئیتر دوای ماوەیەك زێدیان پێ چۆڵ ئەكەن، ئاوارەیان ئەكەن.
كە گەیشتینە سلێمانی، بۆ ئەوەی هەركەس بڕواتە ماڵی كەسێكی، لە بەردەركی سەرا كاكم پاسەكەی ڕاگرت ،كاتێك لە پاسەكە دابەزیم سەیرێكی چواردەورم كرد، یەكەم شت كارەبا بوو سەرنجی ڕاكێشام، ئاخر سێ ڕۆژ بوو كارەبای هەڵەبجە بچڕابوو. كاتێك سەیری خۆمم كرد، ئەو كاتە هەستم بە خۆم كرد كە پێڵاوم لەپیا نییە، شەڕواڵێك و كراسێكی خوێناویم لە بەردایە،،، خوێنی بریندار و شەهیدەكانم لەگەل خۆمدا هێنابوو. هەرچۆنیك بوو ئەو شەوە بەسەر كەس و ناسیاوەكانماندا دابەش بووین، بەیانی كە هاتین بۆ هەواڵ زانین ، ئەسحابەسپی و بەردەركی سەرا، خۆڵی مردووی كرابوو بەسەریدا،كەست نەئەبینی غەم و چاوەڕوانی دیارنەبێت بە ڕوخسارییەوە.
تا ئێوارە بەو شێوە وەك منداڵی لە دایك وونبومان لیهاتبوو، تا دڵنیا بووین لەوەی كە بۆردمانی كۆمەڵكۆژییە كیمیاییەكە ڕویداوە و شارەكەمان مەرگی بە سەردا باریوە، ئیدی هەر یەكە لە ماڵێك وەك كۆست كەوتوویەك خۆمان مەڵاس دابوو، تا بارودۆخەكە ئارام بێتەوە و هەواڵی باوك و كەسوكارمان بزانین. سەرەڕای شپەرزەیی و جەرگبڕانمان، لە سلێمانیش دەستكرا بە گرتنی و ڕواودوونانی هەڵەبجەییەكان،
باوكم دیار نەما و هەواڵی نەزانرا، پاش نزیكەی مانگێك بورهانی حاجی محمەدی بامۆكی وەك زۆر لە هەڵەبجەییەكان خۆیان بە هەزار حاڵ لە سنوورەوە گەیاندەوە سلێمانی، پێی ووتم من باوكتم بینیوە سەری بەسەر سكانی پیكابەكیدا كەوتبوو و دەستی بەچاوییەوە بوو، بەدەنی ئاوسابوو، وابزانم مردبوو،،،. من هەواڵەكەم بە كەس نەوت، ئەویش پەیمانی پێدام كە بۆ كەس باسی نەكات. بە داخەوە ئەو هاوڕێ دڵسۆزەشم بە كارەساتێك گیانی لە دەستدا.
دیسان هەواڵ هات ووتیان باوكت ماوە بەڵام كوێر بووە، ئەمەیان ئارامییەكی پێبەخشین، چونكە بینراوە كە ماوە. بورهانیش ڕاستی كردبوو ، كە كوێر ببو لەڕێ عەنەب، نەیتوانیبوو بجوڵێت، سەری نابوو بەسەر سكانەكەوە، تا ماویەك خێرخوازێك خۆی و ئۆتۆمبیلەكەی گەیاندبووە گوندی بەڵخە، لەوێ پاسدارەكان دەرمانیان كردبوو، هەر لە دێی بەڵخە لەگەڵ چەند خێزانێكی ناسراوی خۆمان مابویەوە، چونكە ویستبووی كە نەچێت بۆ ئێران و هەر لە ناو عێراقدا بمێنێتەوە، بەڵكو لە هەلێكدا بە ئێمە شاد بێتەوە. لەو ماوەیە سەربازە ئێرانییەكان خواردن و پێخەفیان پێدابوون.
هەرچۆنێك بوو خانویەكمان بە ناو بەكرێ گرت، چونكە خاوەنەكی پیاوچاكێكی سلێمانی بوو، وە نەیئەویست ڕژێم پێی بزانێت و گرفتی بۆ درووستبكات، وەك خەڵكی پێنجوێن خانوەكەی بە ئێمە بەكرێدابوو، وە تا ساڵێكیش كرێی لێنەسەندین، نمونەیەك بوو لە ڕەسەنایەتی خەڵكی سلێمانی كە تا ئێستاش بەدوایدا ئەگەڕیم بۆ ئەوەی سوپاسی بكەم، مەخابن هەر خۆی نەناساند و نەماندۆزییەوە.


دوای ئەوەی لە 08-08-1988 شەڕی عێراق-ئێران ڕاگیرا و سوپای ئێران لە هەڵەبجە بۆ خاكی ئێران كشانەوە، ئیدی ئەبوایە باوكیشم لەگەڵ ئەو خەڵكەی كە لە سەر سنوور مابوونەوە سوپای عێراق ڕێگەی پێدانایە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خیزانەكانیان. بەڵام نەك هەر ئەوەیان نەكرد، بەڵكو كەوتنە بەر بڕیاری شاڵاوی ئەنفال و بە قوڵبەستكراوی هێنایانن بۆ یارگای سلێمانی و سەربازگەی ئیستخباراتی عەسكەری و تەواریەكەی سلێمانی. 
بە هەر فێڵ و فەلاكەیەك بوو، ڕێگایان پێدام كە پێنج خولەك باوكم لە زیندان ببینم، 2 پارجە سۆمەر و 20 دینارم بۆ برد. باوكم ڕەنگی زەرد، شەتەك و حەسرەتاوی ئەهاتە بەرچاو، وەلی بە بینینی من وەك گوڵ گەشایەوە و پاش ڕاموسكردنی یەكتری، یەكسەر وتی ئێوە ئاگاتان لە خۆتان بێت، لەوانەیە ئیتر من نەبیننەوە،، پاشان ووتی: كاشكی بمردمایە و ئەو كوشتارگەیەی هەڵەبجەم نەبینایە، نازانم خوا بۆ منی هێشتەوە؟، لەم قسانە بووین دووان لە پاسەوانەكان هاتن و چاویان بەستەوە و بردیان. هەر ئەوەندە لێی تێگەیشتم كە ووتی غەمی منتان نەبێت.
پاش هەفتەیەك ژن و منداڵانیان لە پیاوەكان جوداكردەوە و بردیانن بۆ سەربازگەی تۆپزئاوا ی كەركوك. هەندێك لە پیاوەكان هەر لە تەواریەكی سلێمانی بە دەسڕیژ لەناوبردبوو. باوكم و ئەوانی تریان لە تۆپزئاوا وە گواستبویەوە بۆ نوگرەسەلمان، ئاخ نوقرەكەی سەلمان!.
ئیتر كەس هەواڵی هەڵەبجەییە ئەنفالكراوەكانی نەزانی، كە لە كوێ كوژراون یان زیندانن یان لە ژیاندا ماون،،،. ئێمە تازە دەستمان لەوە شتبوو كە بگەڕێتەەوە بۆ لامان، چونكە شاڵاوی ئەنفالی كوردكۆتایی هاتبوو، ئیتر تەنیا دڵی خۆمانمان بە چاوەڕوانیی خۆش ئەكرد،،،.
پاش دوو مانگ بڕیاری 737-738 ی لێبوردنیی گشتی لە ڕژێمی بەعسەوە دەرچوو، توانیمان بە ئازادی بجوڵینەوە، كەمێك هەناسە بدەین. ڕێگایان پێداین سەردانی هەڵەبجە بكەین بۆ ‌هێنانەوەی كەلوپەلی ماڵەكانمان، بەڵام نەك هیچمان نەمابوو، بەڵكو وێران ببوو بەسەریەكدا، تەنانەت یەك كتێبم بۆ نەمابوو وەك یادگارییەك لەگەڵ خۆمدا بیهێنمەوە، هەموو ماڵمان تاڵان و دزرا بوو.
نیوەڕۆیەك زەنگێك درا لە ماڵمان، خوشكە بچوكەكەم وتی كاكە پیاوێك لەبەر دەرگایە، نەوەك سواڵكەر بێت، بزانە چی ئەوێت، منیش كە دەرگای حەوشەم كردەوە، پیاوێكی چڵكن و ڕیشسپی و دەموچاو قوپاو، ئەوەندە لاواز بوو خەریكبوو ئەكەوت. شەڕواڵیك و چاكەتێكی كۆنی نیوەدڕاوی سەربازی لەبەردا بوو. ووتم فەرموو خاڵەگیان، كە وورد بومەوە لە ڕوخساری،،،،،،، چاوی لەوابوو فرمێسكی قەتیسم دابێت، ووتی كوڕم ئەڵێی نامناسیتەوە؟،، بە دوای ئەم پرسیارە چۆڕێك فرمێسك ڕومەتە وشك و چەقەكەی پاراوكرد. من تەنیا بە دەنگیدا زانیم ئەوە باوكمە، وای لەو ساتەی كە زاینم باوكم ماوە و گەڕاوەتەوە ناومان،،،. نوسین قەد ناتوانێت ئەو هەستەم لەقەڵەم بدات..... . كاتێك لە ئامێزم گرت و زانرا ئەوە باوكمەوە لە قیژەی و هاواری خۆشیمان هەموو گەرەك و دەرودراوسێ هاتن بۆ لامان، هەم ئەگریان هەم هەلهەلیان لێ ئەدا،،، ئاخر ئیتر چی تر بنووسم؟؟؟.
باوكم كەسێكی بەخۆە و قەڵەو، ڕومەتێكی سوور، خۆش مەعشەر، ئێستاش كەسێكی لاواز و بێدەنگ تا ئەوپەڕی سكوت. زۆر هەوڵم ئەدا كە باسی بەسەرهاتی خۆیم بۆ بكات كە چییان لێكردوون، چۆن و چی بووە، هەر بە چاوە كزكانی سەیرێكی شەرمنانەی ئەكردم و هیچی نەئەووت،
تا رۆژێكیان گەیشتە تینی بە هیواشی بە تەنیا پێی ووتم: كوڕم كاتێك باوك كەرامەتی ئینسانی نەمێنیت، عیزەت نەفس و كەسایەتی نەمێنیت، وەك پوش سوك و ڕیسوا بكرێت، ئیتر تۆ بۆ بزانیت و كاریگەری بەد لەسەر تۆبكات، بە چاوی گریانەوە ووتی ڕۆژانە سەد خۆزگەم ئەخوارد كە بكەوتمایتە بەر دەمی سەگە ڕەشەكە و ئەو هەموو سوكایەتیەم بە كورد نەبینایە،،،. واز بێنە ئەوەی خۆم بینم با هەر خۆم بیزانم، تاوانی ئێوە چییە كە ئەو ناخۆشیانە ببیستن،،،.


منیش بڕیارمدا ئیدی پرسیاری لێنەكەم، وەلی لە یەكێك لە هاوڕیكانی نوگەرەسەلمانیم پرسی، بۆ باوكم قسە ناكات، هاوڕی ئەنفالكراوە رزگاربووەكەی ووتی: ئێمە نزیكەی 400 كەس بووین لە هۆڵێكدا، باوكت لە گۆشەی سەرەوەی هۆڵەكە وەك ئەمیندارێك زۆربەی جگەرە و نامە و ئەمانەتمان لای ئەو دانابوو، شەوان دەردەدڵمان لەدەوری ئەو باس ئەكرد، ووتمان ئەو پیرە نایكوژن، ڕەحمی پی ئەكەن. بەڵام كە زانیان هەڵەبجەییەكان ئەم پیرەمێردەیان وەك ئەمیندارێك داناوە، ئیتر بە باوكت فێر ببوون، هەموو بەیانییەك دوو سەرباز ئەچوون بۆی بە شەق و لێدان بە ناو خەڵكەكەدا ئەیانهێنایە بەر دەرگاگە تا لەتە سەمونەكەیان ئەداینێ، بە دەم سوكایەتی پێكردنیەوە، ئەیانووت ئەمە شێخ و پیرەكەتانە ؟.
باوكم بەو هەموو زۆڵم زۆرەی كە لە هەڵەبجە بینی، بەو كۆمەڵە كوژییەی كە بەرچاوییەوە لەزیندانەكانی ئەنفال كرا، سەدان چیرۆك و بەسەرهاتی خەڵكی لابوو، بۆیە هەر دەمی بكرادیەتەوە ساتە تاریك و ناخۆشەكانی مرۆڤی كوردی تیا ئەبینرا، بۆیە بڕیاری دابوو ، یا بێدەنگ بێت یا باسی ڕابردوو نەكات. هەربۆیە پاش ماوەیەك بەو تاسەوە گیانی لە دەستدا و چیرۆكە نەبیستراوەكانی هەڵەبجە و ئەنفالی لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام دڵی بە كورد و پاشەڕۆژی هەر خۆش بوو، چونكە لە دوا ساتی سەرەمەرگی ووتم: باوكە گەردنم ئازادكە، ووتی: كوڕم كورد هەمووی گەردنی ئازادە، خوا ئەو هەموو ناحەقییەی بینیوە بەرامبەر كورد كراوە، ئیتر ئەو چۆن گەردنمان ئازاد ناكات؟. 

دانا هەڵەبجەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی