بەرهەم ساڵح‌و میتۆدی بچووككردنەوەی كێشەكان

16/03/2019

حەمزە مستەفا

ئەوەی چاودێری كۆنگرە ڕۆژنامەوانییه هاوبەشە‌كەی بەرهەم ساڵح و حەسەن ڕۆحانی كردبێت، هەر دەبێت هەڵوێستەیەك بكات سەبارەت بەوەی باسیان كرد لە ماملانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و ڕۆڵی عێراقی ئەرێنی تیایاندا، بە مەبەستی "هێوركردنەوە"، ئەم ووشەیەش حەسەن ڕۆحانی بەكاریهێنا وەك ئاماژەیەك بۆ بێلایەنی ئەرێنیانەی عێراق سەبارەت بەو ململانێیانەی یەخە و بەرۆكی ناوچەكەی گرتوون. 

نامەوێت خۆم لە پرسی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی عێراق- ئێرانەوە بگلێنم، چ‌ لەمەڕ تیرۆر یان دۆسییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا كە هێشتا مایەی ناكۆكی نێوانیانن "وەك ڕێككەتننامەكەی جەزائیر"، بەڵكو ئەوەی دەمەوێت تیشكی بخەمەسەر ڕەهەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكەیە. 

ڕوون و بەرچاوه،‌‌ لەوەتەی بەرهەم ساڵح لە ساڵی ڕابردووەوە پۆستی سەرۆكی كۆماری گرتۆتەدەست، هەوڵ و كۆششی خۆی لەو چاوپێكەوتنانەدا چڕكردۆتەوە كە لەگەڵ سەرۆكەكانی ووڵاتانی عەرەبی و دەوڵەتانی هەرێمی لە بەغدا ئەنجامی داون، یاخود ئەو سەردانانەی بۆ پایتەختە جۆراوجۆرەكان ئەنجامی داون، یان لەڕێگەی كۆنگرەكان یاخود لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكانی، كە لە سەرجەمیاندا بایەخپێدانی خۆی لەسەر چەمكەكانی بەیەكەوەژیانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە چڕكردۆتەوە، ئەمەش وەك ڕێخۆشكەرییەك بۆ "سفركردنەوەی گرفتەكان" ، سەباری مەترسیداری و لەگرێژنەچوونی هەندێك لەو گرفت و تەنگوچەڵەمانە. 

بەرهەم صاڵح پەیامی جۆراوجۆریشی ئاراستەی سەرجەم لایەنە لێكجیاوازەكان كردووە، چ ئەمریكییەكان و چ بكەرە هەرێمییەكانی دیكە، بە تایبەتیش سێ هێزە هەرێمییە كاریگەرەكەی – چ بە ئەرێنی یاخود نەرێنی - ناوچەكە بۆسەر عێراق، واتە ئێران و سعودیە و توركیا، پەیامەكەی بەرهەم ساڵح ئەوە بوو كە سیاسەتی عێراق ئەوەیە كە خۆی لە سیاسەتی تەوەربەندییەكان (جەمسەربەندییەكان) بەدوور دەگرێت، بێ ئەوەی ئەم‌ ڕەووتە گۆشەگیری عێراقی لێبكەوێتەوە و عێراقیش بكاتە باولییەكی (سندوقێكی) داخراو لە بەرامبەر ئەوانی دیكەدا، چونكە ئەمە لە ڕووی كردەییەوە لە توانادا نییە ئەنجام بدرێت.

ئەگەر چاودێری سەردانه هەرێمی و نێودەوڵەتییە‌كانی بەرهەم ساڵح – یشمان كردبێت ، بۆمان دەردەكەوێت كە ناوبراو ووردبینی خۆی لەسەر ئەم چەمكانە چڕكردۆتەوە و ئەرێنیانە مامەڵەی لەگەڵ كردوون، بەهەمان ئەو شێوە ئەرێنییەی مامەڵەی پێ لەگەڵ بكەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان كردووە، هەروەك وەك ئەوەی لە فەڕەنسا كردی كە لە لێدوانەكانی ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆشكی ئیلیزێ بە ڕوون و ئاشكرایی دەركەوتن.

ئەمڕۆ و لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی‌ بەرهەم ساڵح و حەسەن ڕۆحانی، دەتوانم بڵێم كە ئەو سیاسەتە بەرەبەرە بەرهەم و سایە و سێبەری دەستیان بە دەركەوتن كردووە و كاری خۆیان كردووە، ئەمەش بەوەی ڕێز لە "نەگۆڕەكان" ی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بگیرێت و كۆششەكانیش لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان چڕبكرێنەوە، شیاوی باسیشە كە ووردە ووردە بازنە هاوبەشەكان لە بەرفراوان بووندان.

ئێستا بابێن و بە ووردی لە ڕەووتی كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكە بڕوانین لەگەڵ گرنگترین ئەو چەمكانەی باسیان لێوەكرا. 

سەرۆك بەرهەم ساڵح ووتی: "بەدەستهێنانی ئاسایش پێویستی بە هاریكاری هەیە لەگەڵ هەریەك لە ئێران و دەوڵەتانی ناوچەكە، ئاماژەی بەوەشدا كە بەغدا تانوپۆی بەیەكگەیشتنی دەوڵەتانی ناوچەكەیە و مكوڕیشین لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ هەموواندا".

بەرهەم ساڵح جەختی لەوەش كردەوە كە: "كاتی ئەوە هاتووە ناوچەكە لە ڕێگەی هاریكاری هاوبەشەوە لە ڕووی ئابوورییەوە پەرەبستێنێت"، ئەوەشی ڕوونكردەوە كە: " نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕاپانێكی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی". لە بەرامبەریشدا ڕۆحانی گووتی: " دەستبەرداری پەیوەندییەكانمان نابین لەگەڵ عێراقدا و دەمانەوێت زیاتر برەویان پێ بدەین". 

گرنگترین قسەی حەسەن ڕۆحانی ئەوەبوو كە ووتی: " لە گفتوگۆكانم لەگەڵ سەرۆك بەرهەم ساڵحدا، تاكە خاڵێكی ناكۆكیشمان نەبوو". ئەوەشی دووپاتكردەوە كە: " عێراق دەوڵەتێكی گرنگە لە ناوچەكە". لەوەش گرنگتر ئەوە بوو كە ووتی: "پشتیوانیمان لە عێراق واتای ئەوە نییە دژ بە لایەنەكانی دیكەین، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە سەقامگیری عێراق و ئاسایش و دیموكراسییەكەیەتی، عێراقێكی خاوەن ئاسایش و سەقامگیر، ڕۆڵێكی گەورەی دەبێت لە بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە".

ئەو پرس و كەین و بەینانە، دەستپێكی سەرەتایەكن كە دەبێت دبلۆماسییەتی عێراقی لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی ناوچەكەدا كاری لەسەر بكەن. ئێستا عێراق بۆتەوە ژمارە قورسەكەی جاران، دەوڵەتانی ناوچەكەش وەك دەوڵەتێكی خاوەن ڕۆڵ تەماشای عێراق دەكەن نەوەك ئەركپێسپێردراو.  

ئەو پەیامانەی عێراق گەیشتونە ئەمریكا، هەتا لەسەر ئاستی دیدگای عێراقیش بۆ گەمارۆی ئابووری سەر ئێران، یان ئەوەی ئەمریكا پلانی بۆ دادەنێت دژ بە ئێران – هەر چەندە تڕمپ ووتی نیازی لێدانی ئێرانیان نییە - پەیامەكانی بەغدا گەیشتوون. 

ئیدی عێراق لەمەودوا پێویستی بەوەیە برەو بە ڕۆڵی خۆی بدات لە ناوچەكە، چی دیكە فەرمانبەری ئەم و ئەو نییە، یان دراوی گیرفانی ئەم و ئەو نییە. 

حەمزە مستەفا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی