ئایینی تیرۆر

16/03/2019

په‌یكه‌ر عوسمان


(تیرۆر ئایینی هەیە، هەموو تیرۆرستانی دنیا لەسەر یەك دینن، کە دینی جیاکارییە)
جیاکاریی مەرگەو جیاوازیی ژیانە، فەرقەکەشیان هەرئەوەیە کە جیاوازیی بۆئەوەیە لە تەنیشت ئەوانیترەوەبیت، جیاکاریی بۆئەوەیە لەسەرو ئەوانیترەوەبیت!

بۆئەوەشی تۆ لەسەرەوەبیت و ئەو لەخوارەوەبێت، ئیتر هەموو شتێك ڕەوایە، چونکە لەسەرەوەبوونی تۆ، تەنیا خواستێکی ئاسایی نیە، بەڵکو ئامانجە هەرە موقەدەسەکەیە!

بەرزترین پلەی لەسەرەوەبوونی تۆش، ئەکاتە نەبوونی ئەو، چونکە ئەوە نزمترین پلەی لەخوارەبوونیەتی!! بۆیە شەیتاندن و بەدواشیدا سڕینەوەو تیرۆر، شتانێکی غەریب نین، بەڵکو نەتیجەیەکی ئاسایی جیاکارین و قوڕەکە هەر ئەو تۆزەی لێهەڵئەستێ.

جولەکە هەرچییەکی بەسەرهاتووەو هەرچیشی بەسەر دنیا هێناوە، هی ئەوەیە کە خۆیان بە بژاردەی خودا ئەزانن و بە تەنیشت ڕازی نابن و ئەیانەوێ لەسەرەوەبن.
موسوڵمان هەرچی بەسەر دێ و هەرچی بەسەر دنیا هێناوە، هی ئەوەیە کە بە تەنیشیت ڕازی نابێ و ئەیەوێ لەسەرەوەبێ و دنیا فەتح بکات..
مەسیحیی هەرچیان بەسەر خۆیان و دنیا هێنا، هی ئەوەیە کە تەنیشتیان ناوێ و سەرەوەخوازن، حروبی سەڵیبی و دۆزەخی سەدەکانی ناوەڕاستیش نمونەیە..

بڕۆ بۆ دۆزەخی نازییەکان، دۆزەخی کۆمۆنیزم، دۆزەخی سەرمایەداری، بۆ مەسەلەی ڕەشپێستەکان، بۆ مەسەلەی ژن، بۆ مەسەلەی کورد، بۆ ڕاسیزم.. ئەبینی لە هەموویاندا، هاوکێشەی (سەرەوەو خوارەوە) مەوجودەو هاوکێشەی (تەنیشت) غائیبە!

بۆ مەگەر کێشەی ژن چییە جگە لەوەی کە پیاو بە هاوتەنیشتیی ڕازیی نابێ و سەرەوەی ئەوێت؟
بۆ مەگەر کێشەی کورد چیە، جگە لە قبوڵنەکردنی ئەو لەتەنیشتاو قبوڵکردنی لەخوارەوە؟ دەی نزمترین پلەی خوارەوەش سفرە، بۆیە ئەنفال و جینۆساید ڕوویداوە!

چارەسەر گۆڕینی هاوکێشەکانی سەرو خوارە بە هاوکیشەی تەنیشت، ئەم گۆڕینەش لەدنیادا ڕوونادا ئەگەر لە عەقڵی منو تۆدا ڕوونەدا!

گرنگە لە عەقڵی خۆماندا مرۆڤبوون بکەین بە سەقف، بۆئەوەی لەژێریا جیاوازیەکان، بکەونە تەنیشت یەکەوەو هیچیان هەڵنەکشێ بۆ جیاکاری و خۆی لێنەبێ بە سەقفەکە!!
دین و ڕەگەزو ڕەنگ و ڕەچەڵەك و ئایدیاو ئەم شتانە، وەکو جیاوازیی و لەژێر سەقفی مرۆڤبووندا ئاسایی و گرنگ و ژیانن، بەڵام وەکو جیاکاریی و وەکو سەقف مەرگەساتن!

((بزانە کە جیاوازییەکان فەزیلەت نین و پلەیەکی سەرتر نادەن بە تۆو پلەیەکی خوارتر نادەن بە ئەوان.. فەزیلەت تەنیا مرۆڤبوونە!))

مەسەلەن پیاوبوون کێشە نیە، کێشە ئەوەیە کە وابزانیت پیاوبوون فەزیلەتەو لەسەرو ژنەوەیت! ئیتر تۆ تیرۆرستیت و ئەو ڕێگایە تا ژنکوشتن ئەڕوات.

مەسەلەن موسوڵمانێتی نە عەیبەیەو نە تەخەلوفە.. بەڵام فەزیلەتیش نیە! تۆ کە موسوڵمانیت هیچ کەمترنیت لە ناموسوڵمانێك، بەڵام هیچ زیاتریش نیت. 
تۆ کە پێتوابوو موسوڵمانێتی فەزیلەتە، ئیتر تۆ تیرۆرستیت و ئەو ڕێگایە هەر ئەچێتەوە سەر شمشێر! 
تۆ ناکرێ دنیا دابەشی (دارولئیسلام و دارولکوفر) بکەیت و سەربە مرۆڤایەتیش بیت، چونکە ئەوە دابەشکردنێکی نامرۆڤانەیە.

مەسەلەن ئاساییە تۆ سەرزەردێکی مەسیحیت و لەمن جیاوازیت، بەڵام کە پێتوابوو ئەوە فەزیلەتە، ئیتر پێشتوایە سەرڕەش قالۆنچەیەو و پێ ی پیائەنێ ی.

خوێنی مرۆڤەکان "بێ جیاوازی" هەمووی سورەو دەستی تیرۆرستان "بێ جیاوازیی" هەمووی ڕەشە.
ڕەشەکوژیی ناو مزگەوتێك و ڕەشەکوژیی ناو مەلهایەك هیچ فەرقی نیە.
گیراوێکی ئیخوان و گیراوێکی هەدەپە هاوستەملێکراون، وەکچۆن سیسی و ئەردۆگان هاوستەمکارن!
ئیسرائیل قەسفی گەڕەکێکی غەزەبکات، یان حەماس قەسفی گەڕەکێکی تەلئەبیب بکات، یەك تاس و حەمامە.. 
ئەو شتانە تەنیا لە عەقڵێکی نەخۆشدا جیاوازن، عەقڵی نەخۆشیش هەر ئەوەیە کە جیاوازیی بردووە بەرەو جیاکاریی.

کۆنترۆڵێك فلتەرێك شتێك لە مێشکی خۆتدا دانێ و مەیەڵە جیاوازییەکانت هەڵکشێن بۆ جیاکاریی، بۆ ئەوەی لە مرۆڤەوە نەبیت بە وەحش.
کە بوویت بە وەحش، ئیتر پلەت نزمە، بە هەر هەوێ و جیاوازییەکەوەبیت! کە مرۆڤیشبوویت، ئیتر باڵایت، بەهەر هەوێ و جیاوازییەکەوەبیت!

یەعنی جگە لە مرۆڤبوون، هیچ شتێك باڵاییت ناداتێ و باڵاییش تەنیشت ئەوانیترە نەك سەروویان!! 
بە شتەکانی ترەوە تۆ باڵانیت، تۆ لە وەهمی باڵاییدایت! وەهمی باڵاییش هەمیشە تەنیشت بە کەم ئەزانێ و کەڵکەڵەی سەرەوەت ئەخاتە مێشکەوە، وەحشیەتیش لەو سەروەیەدایە! 
بۆیە بە پێوەری مرۆڤایەتی، نزمترین شوێنی ئینسان، سەروو ئینسانەکانی ترەو کاری تۆش هەرئەوەیە، بە ئیغرائاتە ئایدۆلۆژییەکان تێنەکەویت و ئەو شوێنە هەڵنەبژێریت!

مرۆڤی ژیر جیاوازییەکانی خۆی ئەپارێزێ، بەڵام "وەهمی سەرەوە" لە خۆیدا سفرئەکاتەوە، چونکە (جیاوازیی+ وەهمی سەرەوە= جیاکاری) جیاکاریش یەکسانە بە تیرۆرو جینۆسایدو سڕینەوە.
مرۆڤی ژیر ژیانخوازەو ژیانیش لە تەنیشت ئەوانیتردا ئەکرێ نەك لە سەرو ژێریان.


په‌یكه‌ر عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی