لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری هەڵەبجە

17/03/2019

سەركۆ یونس

یادكردنەوەی سی ویەك ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری هەر تەنها شەهیدكردن و وێرانكردن و كاولكردنی شارێكی ئەم هەرێمە نەبوە ونابێت ،بەڵكو وەكو ڕۆژی شەهیدانی نەتەوەكەمان وایە و هەروا یادێكی سادەو ساكار نی یە كەبەسەرماندا تێپەر ببێت،بەڵكو یادێكە نەتەوەیەكی لەنەبونەوە گۆڕی بۆ بوون و كوردستانی لەدەرەوەی نەخشەی جوگرافیای سیاسی خستە ناو نەخشەی جوگرافیاوە و ناوی نەتەوەی كوردی لەجیهاندا بەتەواوەتی ناساندو و پێگەی نەتەوەی كوردی بێ دەوڵەتی لەمەیدانی نێودەوڵەتی دا بەرەو پێش برد وجیهانی دەرەوەیش هەڵوێستیان بەرامبەر بەدۆزی كورد هەبوو و هەرئەم كارەساتەیش هۆكارێك بو بۆ دەركردنی بڕیاری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەساڵی (1991) بۆ بڕیاردان لەسەر قەدەغەكردنی فڕینی فڕۆكەكانی حكومەتی عێراقی ئەو كات لەسنوری كوردستاندا.لە ساڵی (2003)ش ئەم كارەساتە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگر بوو بەدەست هاوپەیمانانەوە بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر عێراق و سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئەمەریكا پێش هێرشەكە بۆ هەڵەبجە سەلمێنەری ڕاستی گەورەیی ئەم كارەساتەیە.
 
ئەوەی مەبەستمانە لەم بابەتەدا تیشكی بخەینە سەر پێشخستن و بوژانەوەی لایەنی ئابوری و خۆشگوزەرانی یە بۆ شاری هەڵەبجە و دەوروبەری.

ئاشكرایە شاری هەڵەبجە هەر لە كۆنەوە جێگایەكی ستراتیژی گرنگی ناوچەكە بوە هەر لە سەردەمی (وەسمان پاشای جاف و عادیلە خانی خێزانی و بنەماڵەكەیان)ەوە ناوەندێكی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و كلتوری گرنگ بوە ، لە هەڵەبجەوە فەرمانڕەوایی ناوچەكانی شارەزوورو هەورامان ودەوروبەریان كردووە كە جێگای دەستیان لە مێژوی ناوچەكە و كوردستان دا دیارەو بەرچاوە.لەلایەكی ترەوە بەهۆی هاوسنووری شاری هەڵەبجە لەگەڵ وڵاتی ئێرانی دراوسێ دا ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە سەرجەم لایەنەكانی (سیاسی،ئابووری،كۆمەڵایەتی )ەوە.هەروەها لەمێژووی خەبات و شۆڕشەكانی نەتەوەكەمان ڕۆڵی هەڵەبجەو دانیشتوانەكەی جێگای فەخروشانازی هەموو لایەكمانە بەتایبەتی دوای ئەوەی لەشۆڕشی نوێ دا یەكەمین مەفرەزەو یەكەمین چالاكی لەهەڵەبجەوە دەستی پێ كردو یەكەمین پێشمەرگە لەم سنورەدا شەهید بووە.لەمەیدانی ئەدەبی ڕەسەن و هونەری كوردی و زانایانی ئاینی جێگای چەندین كەڵە شاعیری ناوبانگی نەتەوەكەمانە وەك مەولەوی و نالی و بێسارانی و ئەحمەد موختارجاف و تایەر بەگ و مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز و دكتۆر مستەفا زەڵمی و مامۆستا حەمەئەمین هەورامی و چەندینی ترو لەئێستاشدا چەندین نوسەر و شاعیرو ئەدیب و ڕۆشنبیری تر.

خۆشبەختانە لە(13)ی ئازاری ساڵی (2014) سێ ڕۆژ بەر لەیادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابونی بەفەرمی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دەرچوو حكومەتی ناوەندیش پاڵپشت و هەماهەنگ بووە و بەداخەوە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی نەگریسی داعش پرۆسەكە خاوو بوویەوە بەڵام بەهەوڵی دڵسۆزانی هەڵەبجە فەرمانگەو بەڕێوەیەرایەتی یەگشتی یەكان كراونەتەوە و ئەوەشی ماوە لەئێستادا خەریكی پێكهێنانین .

ئابوری هەڵەبجە لەڕووی دارایی یەوە تەنها پشتی بەدوو سەرچاوەی دیاری كراو بەستوە ئەوانیش:
1- مووچەی فەرمانبەران و كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران و كەمئەندامان و خانەنیشیانە، كەڕێژەیەكی زۆری دانیشتوانی هەڵەبجە پشتیان بەم سەرچاوە بەستوە.
2- بودجەی ئەو پڕۆژانەی كەلەهەڵەبجەو دەوروبەری جێ بەجێ دەكرێن،كەبەداخەوە لەئاستی پێویستدا نی یە.

 ئەم پێشنیارانە دەخەینە ڕوو هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكان بەجدی كاری لەسەر بكەن،لەڕووی ئابوری و گەشەپێدانی ئابوری یەوە دەكرێت سوود لەم لایەنانە وەربگیرێت:
یەكەم:- كردنی هەڵەبجە بەشارێكی گەشتیاری:- 
بۆ كرانەوەی هەڵەبجە و دەوروبەری كردنی شاری هەڵەبجەیە بەشارێكی گەشتیاری چونكە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا هەموو ڕەگەزەكانی ئەم كەرتە گرنكەی تێدایە وەك شوێنی گەشتیاری و هاوینەهەواری دڵڕفێن و شوێنی مێژووی كۆن و ماڵی پاشا و مەزارگەی ئایینی وەك عەبابەیلێ و گۆڕی شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی لە هەورامان و چەندین جێگای ئایینی ترو ناوچەكانی هەورامان بەگشتی هاوینەهەواری زەڵم و ئاوێسەر و چاووگی باوەكۆچەك بەتایبەتی كە دەتوانرێت لە هاوینان و زستانان سوودی لێ وەربگرێت و وەك سەرچاوەیەكی داهات بۆ دانیشتوانی ناوچەكە بەكاربهێنرێت ئاشكرایە ئەو سوودە ئابوریانەی لە كەرتی گەشتیارییەوە دەست دەكەوێت لە ئێستادا لەئاستێكی بەرزدایە و بەبەردەوامی بازاڕی گەشتوگوزار بەرەو پێش دەچێت .لەئێستادا بەرێوەبەرێتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە یەكێكە لە فەرمانگە چالاكەكانی هەڵەبجە بۆیە داواكارین بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار بكرێتەوە بۆ ئەوەی لەڕووی كارگێڕی و دارایی ەوە دەستەڵاتی زیاتریان هەبێت .
دووەم:- كردنی هەڵەبجە بەشارێكی بازرگانی:-
 لەبەرئەوەی هەڵەبجە پێگەیەكی جوگرافی گرنگی هەیە و بەدووری نزیكەی (80كم) لەشاری سلێمانی یەوە دوورە و هاوسنورە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا واتە هەڵكەوتەی جوگرافی هەیە لەبەرئەوە دەكرێت سوود وەربگرێت لەو خاڵە سنوریانەی كەلەناوچەكەدا هەن وەك تەوێڵە و بیارە و مەرزی پشتە و ملەخورد و هەروەها لە سنوری سازانەوە كەدەكەوێتە پشت هەڵەبجەوە بەدووری تەنها نزیكەی(15كم) لەسەنتەری شارەوە دوورە، لەڕاستیدا كردنەوەی ئەم خاڵ سنوریانە ئەگەر چی سنورداریش بن بەڵام كاریگەری گەورەو گرنگیان هەیە لەسەر بوژانەوەی ئابوری هەڵەبجەو ناوچەكە وتەنانەت كوردستانیش.  شاری هەڵەبجە بكرێتە مەیدانی گواستنەوەی كەلوپەل و هاوڵاتیانی كوردستان و ئێران تەنانەت هەوڵ بدرێت ئەم مەرزانە بكرێنە مەرزی نێودەوڵەتی هەر ئەمەش بكرێتە سەرچاوەیەك لەسەرچاوەكانی داهات بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور،
دەكرێت سنوری هەڵەبجە ببەسرێتەوە بە سنوری شاروشارۆچكەكانی گەرمیان و مەرزی پەروێز خانەوە لەڕێگای (تەنگی سەی محمد) لەناوچەی نەورۆڵی كەڕاستەوخۆ هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەگەرمیانەوە دەبەستێت ،كە خۆشبەختانە دوای بەپارێزگابونی هەڵەبجە دانیشتوانی ناحیەی بەمۆ بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە و بەویستی خۆیان لەڕووی كارگێڕیەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەن.
بێ گومان ئەمە بۆ خۆی كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بوژانەوەی شارەكەو بەرەو پێشچوونی لەسەرجەم لایەنەكانەوە.كردنەوەی فەرمانگەی تایبەتمەندی بازرگانی لەپارێزگاكە هۆكارێكی گرنگە بۆ بوژانەوەی ئەم كەرتە ستراتیژی یە .

   سێ یەم:- بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵی ناوچەكە:-
  گومانی تێدا نی یە سنوری كارگێڕی پارێزگای هەڵەبجە و هەر چوار ناحیەیەكەی (سیروان و خورماڵ و بیارەو بەمۆ) ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیژی بواری كشتوكاڵی یە بەهەردوو سێكتەری بەروبومی ڕووەكی و بەروبومی ئاژەڵی یەوە،كەبەسەدان دۆنمی زەوی بەراو و دێم دەژمێرێن جائەگەر بەرهەم هێنان لە دەشتی شارەزور بێت كەخۆی لەسەرجەم بەرهەم هێنانی دانەوێڵەو سەوزە و میوە یان لەپێ دەشت و ناو چیاكاكانی دەروپشتی هەڵەبجە و دەڤەری هەورامان بێت كە زیاتر خۆی لە هەنار و گوێز دەبینێتەوە كەلەباشترینەكانی بەروبومی كوردستانن،هەروەها دەكرێت بەهۆی بوونی دەشت و لەوەڕگای سروشتی یەوە پەرە بەلایەنی ئاژەڵی بدرێت بەتایبەتی مەڕوبزن و مانگا.داوا دەكەین دەستەڵاتی زیاتری كارگێڕی بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بۆ دەستكراوەیی زیاتریان هەبێت لەهاوكاركردنی جوتیاران و باخەوانانی ناوچەكە .
چوارەم :- بوژانەوەی كەرتی پیشەسازی هەڵەبجە :
بەهۆی بوونی دەرامەتی سروشتی زۆر لەناوچەكە كە خۆی دەبینێتەوە لە سەرچاوەكانی كەرەسەی خاوی بەرهەمە پیشەسازییەكان و هەروەها بەهۆی بوونی دەستی كاری كارامە و شارەزا دەكرێت سوود لەم سەرچاوانە وەریگرێن بۆ دەوڵمەندبون و فراوان بوونی ئەم كەرتە وەك ئاشكرایە كە لەكۆنەوە تا ئێستا لەهەڵەبجەدا چەندین پیشەی دەستی بچوك هەبوون وەك (رستن و چنین و دروست كردنی كڵاش وشاڵ و هتد ) هەروەها چەندین كارگەی بەرهەمهێنانی شمەكی تێدا بووە وەك كارگەی توتن و كارگەی پەتاتەی سیروان و كارگەی بلۆك .... خۆشبەختانە لە ئێستادا جگە لە كارگە بچوكەكان چەند كارگەیەكی قەبارە گەورە و مامناوەند لەپارێزگاكەدا بوونی هەیە وەك كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتونی ڕاسان و كارگەی بەرهەمێهانی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و چەند كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئاوی هەنار ،چونكە ئەم كارگانە و بەرهەمەكانیان هۆكارێكی سەرەكی بوژانەوەی لایەنی ئابوری ناوچەكەن هەر لەكەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری و دەستكەوتی دارایی بۆ دانیشتوانەكەی و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی كرێكاران و هەروەها بە بەرهەمەكان دەتوانین پێداویستی ناوخۆیی و هەندێ جار دەرەوەی ناوچەكە پێ پڕبكرێتەوە و ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات.
بۆ جێ بەجێ كردنی ئەم هەنگاوانە لەڕووی پیشەسازی یەوە باشترین هۆكار كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پیشەسازی یە لەهەڵەبجە چونكە ئاسانكاری باش و گرنگ دەكات بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتیناتی كارگێڕی ئەم پرۆسەیە.
پێنجەم : بەرەوپێش بردنی وەبەرهێنان:
 ئەنجومەنی وەزیران بەبڕیارێك پێش دوو ساڵ فەرمانی كردنەوەی فەرمانگەی وەبەرهێنانی لە هەڵەبجە دەكرد بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەم بڕیارە جێ بەجێ نەكراوە،لەڕاستیدا كردنەوەی ئەم فەرمانگەیە بۆ خۆی گرنگترین هۆكارە بۆ بەرەو پێش چوونی لایەنی وەبەرهێنان لەسەرجەم كەرتە ئابورییەكان چونكە ئاسانكاری تەواو دەكات بۆ وەبەرهێنەران و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕۆتیناتی كارگێڕی كە دامودەزگاكانی حكومەت بە دەستی یەوە دەناَلێنن .بۆیە داواكارین لایەنە پەیوەندیدارەكان بەزووترین كات ئەم فەرمانگە گرنگە دابمەرزێنن .
شەشەم : بەرەوپێش بردنی لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە :
وەك لای هەموان ئاشكرایە شاری هەڵەبجەو شارەزور و هەورامان خاوەنی زۆرترین كەسایەتی و زانا و بیرمەند و ڕۆشنبیرو هونەرمەندان بووە،دەتوانرێت سوود لەم لایەنە گرنگەی ژیان ببینرێت بەوەی كە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە فراوانتر بكرێت و خودی هەڵەبجە بكرێتە شارێكی یادەوەری وەك زۆرێك لەو شارانەی لەجیهاندا تووشی ئەم كارەساتە بون بكرێتە سەرچاوەی داهات و لە ڕێبەری گەشتوگوزاری هەرێم و عێراقدا دیاری بكرێت ،خاڵێكی تر كە زۆر گرنگە بۆ داهاتوی هەڵەبجە و مانەوەی ناوی هەڵەبجە ئاشكرایە ساڵانە مناڵانی وون بووی كارەساتەكە دەدۆزرێنەوە و شاد ئەبنەوە بە كەسوكاریان هەموو ئەم كەسانە و خودی ڕووداوەكانیان كەرەسەی خاوی بواری فلیمسازین بۆ هۆنەرمەندانی كورد و دەكرێت داوا لە كۆمپانیاكانی بواری سینەما بكرێت بێنە مەیدانەوە و هاوكاری بكرێن و فلیمی سینەمایی جیهانی لێ دروست بكرێت بۆ مانەوەی ناوی هەڵەبجە و سوود بینین لەو داهاتەی كەدەست دەكەوێت .
لەكۆتایدا ئەم پێشینازانەی سەرەوە هۆكارن بۆ بوژانەوەی لایەنی ئابوری هەڵەبجە و بەرەوپێش بردنی ژیانی دانیشتوانەكەی.دەبێت هەموو  كورد بزانێت هەڵەبجە تەنها بۆ هەڵەبجەیی یەكان نی یە بەڵكو موڵكی هەموو نەتەوەیی كوردە لەهەر كوێ بن،بۆیە هیوادارین سەركردایەتی سیاسی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی نوێ بەجدی كار بكەن بۆ بەرەو پێشچونی پارێزگای هەڵەبجە و تایبەتمەندێتی خۆی بدرێتێت  چونكە پێمان وایە خەباتی سیاسی و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی لەمێژینەیی ئەم شارە و هەورامان و شارەزوور باشترین بەڵگەیە كە وەڵام بێت هەرئەمەش ببێتە باشترین پاداشتی شەهیدانی كارەساتەكەو هەروەها ببێتە سارێژكەری برینەكانی كەسوكاری شەهیدان و دانیشتوانی شارەكە.

سەركۆ یونس

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی