دووقسە لەسەر یادی 31 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە

17/03/2019

رێبین عومەر

ژاپۆنییەكان هەموو ساڵێك كە یادی كارەساتی بۆم بارانكردنی هێرۆشیما و ناكازاكی بەچەكی كۆكژی ئەتۆمی ئەكەنەوە ، میوانداری ئەو دەوڵەتەش دەكەن كە ئەو چەكەی بەكارهێناوە دژیان ، ساڵانە لێپرسراوانی باڵای ئەمریكا ناچاربەڕوو زەردییەوە دێنە ئەو ساڵیادەوە و هاوبەشی خەمی گرانی ژاپۆنییەكان دەكەن.

لە هەرێمی كوردستانی خۆمان ئەم ساڵ كارەساتی ژەهربارانكردنی هەڵەبجە بەچەكی كۆكوژی كیمیایی كرایەوە بەڵام ئەوەی باس بوو ئەوەبوو لەم ساڵیادە زۆرێك لە بەرپرس و سەركردەكانی پارتە سیاسییەكان و تەنانەت سەری دەسەڵاتی حكومەتیش هاوبەشیان لەم یادە لە ئاستی باڵا نەكرد كە دەبوو هیچ نەبێت سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی بهاتنایەتە ئەو شارەو كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنەكەیان لەوێ بكردایە و بەڵێنیا بە ئاوادەنی كەلاوە داڕماوەكانی ئەوێ بدایە .

ساڵ بە ساڵ ئاستی پڕۆتۆكۆڵی هاوبەشیكردن لەو یادە مەرگەساتەدا دادەبەزێت ئێستا بەشداریكردنی نوێنەریشی بڕیووە هەر تەنیا لە رێگەی نامەیەكەوە یان مەسجێكەوە بروسكەیەكی سەرەخۆشی لەخەڵكی هەڵەبجە دەكرێت یان لە نوسینی بەیانێكی ئینشائی لە تیڤییەكانەوە یادەكە بیردەخرێتەوە ، دەبوو لەم یادەدا زۆرێك لە سەركردە و سەرۆكەكان هاوبەشیان بكردایە خۆهیچ نەبێت سەرۆك كۆماری عێراق كە زۆرجار خۆی بەخەڵكی هەڵەبجە دادەنێت بەشداری خەمەكان بوایە، نەك بە ناردنی نوێنەرێكی عەرەب پۆزش بۆ سەرقاڵی خۆی بهێنێتەوە ، دەبوو كۆبوونەوەكانی نان خواردن و میوەخواردنتان لەم یادە خەمگینەدا ساز نەكردایەوە و بەفیلعی بهاتنایەتە نزیك كەلاوەكان و پڕۆژەی ئاوەدانیتان لەم پارێزگا تازەیە بكردایەتەوە . دەبوو هاوبەشی ئەم خەمەبونایە و گوێتان لە خەم و كۆژانەكانی ئەم خەڵكە بەش مەینەتە بوایە كە لەدوای سیو یەك ساڵ بەدەست ئازار و تەنگە نەفەسی چەكی ژهراوی كیمیایی دەناڵێنن، باشتر دەبوو لێرەبوونایە و هەر لەوێش كێكەكەتان بەشكردایە .

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی