پارتی سوارو یەكێتیش پیادە!

17/03/2019

كه‌مال ره‌ئوف

پارتی و یەكێتی پێكەوە "بەباش و خراپەوە" خوڵقێنەری ئەم دۆخەی ئێستان، گرنگ نییە كامیان زۆر ترو كامیان كەمتر چاكەو خراپەی هەبووە، یان كامیان سودمەند بووەو پێگەی خۆی قایمتركردووە، ئەوەی گرنگە ئەوان بەبێ‌ یەكتری، نەیاندەتوانی بگەنە ئەم دۆخەی ئێستا و بەردەوام كۆڵەكەی راگری یەكتر بوون. 

لەئێستادا پارتی حزبێكی تۆكمەتر و دامەزراوە ترە، هەروەها بەحوكی ئەوەی زۆرترین جومگەی دەسەڵات و ئابوری لەبەردەستدا بووە، لەناوچە نفوزی خۆی خزمەتگوزاری زیاتری پێشكەش كردووە، یەكێتیش بەحوكمی ئەوەی خۆی حیزبێكی لیبراڵتر بووەو ناوچە نفوزی كراوەتر بووە، لەناوچەكانی بن دەسەڵاتی كرانەوەو ئازادیەكی زیاتر بۆ خەڵك فەراهەم بووە.

لەدۆخی ئێستادا، كە غیابی ئۆپۆزیسۆنێكی بەهێز هەیە، پارتی‌و یەكێتی دەستكراوە ترن لەوەی دۆخەكە بەرەو كوێ ئاراستە ئەكەن، مادام نێوماڵی حیزبیش بەرژەوەندی و سفرەو گیرفانی جیاوازی تێدا دروست بووە، ئیتر مەرج نییە حیزبیش یەك ئاراستەو یەك هەڵوێست بێت، ئەم قسەیە، كە جاران بۆ یەكێتی راست تر بوو ئێستا بۆ دۆخی ناو پارتیش راستە، بۆیە ئەوەی لەرابردوودا لەپارتی بینراوە مەرج نییە بۆ ئایندەش وابێت، ئەم قسەیە بۆ یەكێتیش راستە، چونكە پارتی گەیشتە لوتكەی یەكدەستی‌و دەسەڵات، یەكێتیش گەیشتە لوتكەی پەرتەوازی‌و پاشكۆیەتی، بۆیە ئەوەی لەخولی ئەم گفتوگۆیانەی نێوانیان بەدی ئەكرێت، سەربەرو خوار بوونەوەیە لەلوتكە، نەك هەڵكشانی زیاتر، چونكە ئێستا بۆ یەكێتی دەركەوت، بەبێ‌ پارتی گورگ نایخوات، ئەوەشی مەترسییە لەسەری بوونی ئۆپۆزیسۆن نییە، بەڵكو نەیارە تەلیدیەكەیەتی. 

بۆ پارتیش دوای بەدەستهێنانی پەنجا كۆ یەك، ئەوە ئاشكرا بوو، پێویستی بەپارتنەرێكی بەهێزی هاوشێوەی خۆیەتی، بۆیە تەنیا داوای پارتی بۆ یەكێتی لەیەك خاڵدا كۆدەبێتەوە، ئەویش رازیبوونییەتی  بەوەی لە لەساڵانی پێشوودا پێدراوە، ئەوەی لەدوا خاڵیشدا یەكێتی شوێنی كەوتووە، نەگەرانەوەیەتی بۆ دۆخی پێشوو. 

دەرباز بوونی یەكێتی لە دۆخی ئێستا بەیەك قۆناغ ئاسان نییە، چونكە یەكێتی بەچەند قۆناغێك گەیشتە ئەو ئاستەی ئێستای، بەڵام گرنگە بۆ یەكێتی سەرەتای قۆناغی نوێ‌ بەنایارەكەی بسەلمێنێت، سەلماندنی ئەو خاڵەش لەو شوێنەوەوە دەستپێدەكات، كە پێشتر خۆی پێ كەلەبچەكرد. 

بۆ یەكێتی قورسە دوای ئەو هەموو هەڵەو شكستەی بەسەری هات یەكسەر داوای هاوتا بوون لەگەڵ پارتی بكات، هاوتا بوون بەندە بەهاوسەنگی هێز و بەرنامەوە، ئەوەش بەداواكردن لەبەرانبەر بەدەست نایەت، كاتێك تۆ داوا دەخەیتە بەردەم لایەنێك ئەوە یەكسەر خۆی مانای سەلماندنی هاوتا نەبوونە، بۆیە بۆ یەكێتی گونجاوترە، بەپلیكانەكانی شكستەكەیدا سەركەوێتەوە، چونكە هاوتا بوون و هاوسەنگی هێز بەدبلۆماسییەت بەدەست نایەت.

لەكابینەی نوێ‌ غیابی ئۆپۆزیسۆنێكی بەهێز، چەند بۆ حوكمرانی پارتی گرنگە، دوو ئەوەندەش بۆ دۆخی ئێستای یەكێتی نیعمەتە، یەكێتی گەر تواناو ئیرادەی رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆی هەبێت، دەتوانێت بەنەفەسی ئۆپۆزیسۆنێكی نەرمی ناو دەسەڵات، بۆ چواساڵی ئایندە ئومێدێك بۆ گۆرانكاری دروست بكات، خۆ گەر بریارو ئیرادەی گۆرانكاری هەبێت، خەڵك لەو شوێنەوە نایبینێت لەم ئاڵوگۆرەدا یەكێتی چەند پۆستی دەست ئەكەوێت، بەڵكو لەو شوێنەوە ئەیبینێت كە ئەم هێزە چەند توانای گۆرینی هێلكە پیسەكانی ناو خۆی هەیە و چ بەرنامەیەكی بۆ دۆخی تازە پێیە. 

  گەر بریار بێت چارەنووسی ئەم وڵاتە بۆ چەند ساڵێكی تر هەر لەبن دەستی پارتی و یەكێتی بمێنێتەوە، ئەوا بۆ یەكێتی گونجاو ترە، لەباتی ئەوەی هەموو توانای خۆی بۆ هاوتابوون و شەراكەتی پارتی خەرج بكات، بەشێك لەتواناكەی بۆ توخكردنەوەی ئەو جیاوازیانە بەكاربهێنێت، كە لەوی جیادەكاتەوە، دەنا بەپێچەوانەوە هەتا یەكێتی شەری شەراكەتی ئیمتیاز لەگەڵ پارتی بكات، پارتی سوار و یەكێتیش هەر پیادە ئەمێنێتەوە.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی