ئەگەر کوردستان بیابانیش بێت خۆشم دەوێت، بابە گیان

17/03/2019

کامەران قازی



دوێنێ ڕۆژی شەممە ١٦/ ٠٣/٢٠١٩، ( دەریا) ی کچم کە قوتابی دوا ساڵی بەشی یاسایە لە زانستگەی ئوپسالا، سەردانی کردم، ئێمە بەهۆی ئەوەوە کە ئەو خوێندنێکی زۆری هەیە و پێویستی بە تێکۆشان و هەوڵدانی زۆرە کەمتر دەتوانین یەکتر ببین، من لە شارێکی تر و ئەویش لە شارێکی تر، سپاس بۆ خوا بۆ خۆی بۆتە خانمێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو.

باسی ئەو قوتابیانەی قوتابخانە سەرەتاییەکانی ستۆکهۆڵمی بۆ کردم کە مانیان لە خوێندن گرتووە بۆ پشتیوانی لە ژینگە و ئاگادارکردنەوەی سیاسەتمەدارانی سوید، کە ئەوان حەقی ئەوەیان نییە، ژینگەی ئەوان وێران بکەن بە سیاسەتە ژینگەیی و بڕیارە سیاسییەکانیان.
باسی ئەو ڕەشەکوژییەی بۆ کردم کە لە (نیوزیلاند) لە دوو مزگەوت ڕوویداوە، بە دوادا چوونی بۆ زۆر چالاکی سەبارەت بەم ڕووداوە دڵتەزێنە کردبوو، پیشانی ئەدام و باسی دەکرد. 

بەڵام من دڵم تەنگ بوو کە بۆ باسی ڕەشەکوژیەکەی هەڵەبجەم بۆ ناکات؟! دەیان پرسیار لە ڕۆحمدا گێنگڵیان دەدا، خۆ ئەو منداڵێکی سێ ساڵان بوو، لە یادمە فرمێسکەکانی بە دەستە بچکۆلەکانی خۆی لە ڕوومەتی من دەسڕیەوە کاتێ بەدیار وێنەکانی منداڵانی هەڵەبجەوە من دەگریام و ئەویش دەگریا و نەیدەزانی، من بۆ چی دەگریم و ئەو بۆچی دەگری: 
من دەمزانی ئەو بۆ گریانەکەی باوکی دەگریا، هەر لەبەر ئەوەی من باوکی بووم دەگریام ئەویش دەگریا. 
لەیادمە ئەو ڕۆژەی کە لە هەڵەبجە ڕوویدا، ڕۆژێکی زۆر درێژ بوو تەواو نەدەبوو، کات وەستا بوو
ماتەم بوو؟ نا، لە ماتەم گەورەتر
کوشتنی ژیان بوو؟ نا، لە کوشتنی ژیان سەختر 
ڕۆژی حەشر بوو؟ نا، خەستکراوەی ڕۆژی حەشر

من دڵنیام، لە هەموو ماڵێکی کوردی غەریبی ئەم نیشتمانە جوانەدا، کە بەخێوی کردین و وەک دایکێکی میهرەبان لە باوەشی گرتبووین و بێنازییەکەی دەلاواندینییەوە، ئەو ڕۆژە ماتەم بوو، حەشر بوو، ژیان وەستا بوو، وشە نەمابوو، منداڵەکانمان دەترسان، لەگەڵ باوانیان ئەوانیش دەگریان.

ئێمە لەناو ئەم سەرتاپێ بەفرەدا، بێ دایک و بێ باوک و بێ خوشک و بێ برا و بێ مام و بێ پور و بێ میمی وبێ خاڵ و بی هاوڕێ و بی دراوسێ و بێ کۆڵان و بێ ژیان، لە ناوەڕاستی خنکاندا، هەناسەمان بۆ نەدەدرا، کەس یارای ئەوەی نەبوو، پرسیار بکات: چی ڕوویداوە؟

 هەموومان تەنیا بووین، لە ناو ناخماندا تەنیا بووین، هیچ شتێ مانایەکی نەما بوو، نەشارستانەت ئەوە بوو، نە مرۆڤایەتی ئەوە بوو، نە یاسا ئەوە بوو، نە پەیوەندی ئەوە بوو، ساتێک بوو، ساتی بەتاڵ بوونەوە لە گەردوون.

لە یادمە دەریای کچم، کە ئەمڕۆ ١٦/ ٠٣/ ٢٠١٩ هات بۆلام، تازە پێی نابووە سێ ساڵانەوە، قەدرێکی زۆر هەوڵی دا بە سڕینەوەی فرمێسکەکانم، دڵم خۆش بکات، کە زانی ئاسان نییە، لەیادمە ڕۆشت و کە هاتەوە بۆ لام، ئاڵایەکی بچوکی کوردستانی هەبوو، لەناو جلەکانیدا هەڵی ئەگرت، بۆ ئەوەی براکەی نەیبات، چونکە ئەی وت: 
خۆمە، مانای هی خۆمە.

ئاڵاکەی هێناو وتی: 
خۆمە، بینینی ئەو هەستەی ئەو، گریانەکەی خوڕترکرد، بارانانی چاوم بووە لێزمە و تەنیایەکەم ترسناکتر.

ئەمڕۆ دڵم تەنگ بوو کەباسی ئەو ڕۆژەی بۆ نەکردم، بەڵام زۆر هێدی و لە ناو قسەکانیدا، باسەکەی بردەوە بۆ ئەو ڕۆژە و وتی: 
ئەزانم ئەمڕۆ یادی کوشتاری هەڵەبجەیە، نەمویست لەسەرەتاوە باسی بکەم، چونکە ئەزانم، چەند دڵت تەنگ دەبێت، تۆزقاڵێک لەیادمە ئەو ڕۆژە زۆر گریایت، من چوم ئاڵاکەی کوردستانم هێنا...هەر ئەوەم لەیاد ماوە. ببورە کە باسی هەڵبجەم دوا خست.
 چاوم دیسان پڕ لە فرمیێسک  بوونەوە. بۆ ئەوەی دڵم بداتەوە وتی: دوێنێ  (ستودیێ سێرکل)* ێکمان هەبوو لەسەر هەڵبجە و یاسا نێودەوڵەتییەکان.


تەنیا توانیم پرسیارێکی لێ بکەم
 
وتم: کوردستانت خۆش دەوێ؟
وتی: ئەگەر کوردستان بیابانیش بێت خۆشم دەوێ بابە گیان.

نەمویست باسی سیاسەتان بۆ بکەم، ویستم بە وشە باسی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٦/٠٣/ ٢٠١٩ تان بۆ بکەم، باسی هەستی کچێکی کورد کە ئەو ڕۆژە سێ ساڵان بوو، ئێستا بە هێز و بە دەلیل و بەبەڵگەوە، باسی هەڵەبجە دەکات و بە یاسا بەرگری لە مافی نەتەوەکەی باوکی دەکات.

ڕۆژگارێک باوکی وتی : خۆری ئازادی لە لولەی تفەنگەوە هەڵدێ، ئەو لە باوکی تێدەگات، 
بەڵام دەریا و هاوڕێکانی کە کچان و کوڕانی کوردی ئەوروپایین دەڵێن:

ئازادی لە نوکی قەڵەمەوە پلانی بۆ دادەڕیژرێ و ئەوان دەیانەوێ قەڵەم قسە بکات و لولەی تفەنگەکان گرێ بدەن و دەرگای فابریقەکانی چەکسازیی ببەستن. 
دەریا باوەڕی بە دادپەروەری هەیە و دەڵێت: زەوی بەشی دوو هێندەی تریش لە مرۆڤەکان دەکات و بۆ ئەو دادپەروەرییە خەبات دەکات.

من ویستم باسی (هەست) تان بۆ بکەم، باسی نەوەیەکی کورد کە:
کوردستانیان خۆشدەوێت ئەگەر بیابانیش بێت، چونکە نیشتمانی باوانیانە. 

خۆشحاڵم کە ئەوان نەوەیەکی جیهانین کە نیشتمانەکەی باوکیان لە یاد نەچۆتەوە، ئەو نەوەیەی جارێک لە وتاری 
( سەری ئۆردوغان.....) دا نووسیم:

" تۆ بۆ ئەمڕۆ مەڕوانە ( بازاڕ و بەرژەوەندی) کوتەکی زوڵمێکی جیهانین، لەکوێ بیانەوێ لەوێی دەدەن، بەڵام ئایندەی مرۆڤایەتی ڕۆشنە و نەوەکان بە پێچەوانەی باوانیانەوە، لە دەلاقەیەکی تری بیرکردنەوەوە بۆ ژیان دەڕوانن و بۆ بەدیهاتنیشی تێ دەکۆشن". 
دڵشادم کە ئەوەم بینی لە بیرکردنەوەی ( دەریا ) ی کچمدا.



سەرنج:

* Studiecirkelستودیێ سێرکل، کۆبوونەوەیەکی خۆبەخشانە و ئازادی چەندکەسێکە، بۆ ڕاڤەکردن و گفتوگۆ کردن سەبارەت بە بابەتێکی دیاری کراو، ئەمجۆرە لە پێگەیاندن دەچیتە قاڵبی ڕۆشنبیرکردن و پێگەیاندنی فیکریی کۆمەڵگاوە و خۆزیا لە کوردستان، ئەم جۆرە کۆبونەوانە دەبووە باو، لە جیاتی کۆبوونەوە بۆ نێرگەلەکێشان و دەمەتەقەی حیزبیی بێ بایەخ. 

 
 كامه‌ران قازی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی