پۆپیولیزمی شاسوار عەبدولواحید لە چاککردنەوەی رێگای سماقوڵیی

17/03/2019

کەمال چۆمانی


شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی حیزبێکە و سامانەکەشی زیاتر لە نیو ملیار دۆلارە. پێشنیازی کردوە حکومەتی هەرێم رێیبدات و رێگای سماقوڵیی چاک بکات. لە راستییدا، ئەوە ئیشی شاسوار عەبدولواحید نییە، بەڵام ئەو حکومەتی هەرێم دەخاتە بەردەم مەوقیفێکی زۆر ئیحراجکەرەوە؛ ئەگەر رێی پێ بدات دەیکاتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خۆی، ئەگەریش رێی پێ نەدات، ئەوا دەیکاتە کەرەستەیەکی باشی بانگەشە و لێدان لە حکومەتی هەرێم. شاسوار عەبدولواحید تا رادەیەکی باشیش دڵنیایە حکومەتی هەرێم/ینک و پدک رێی پێ نادەن، هەر بۆیە زۆر بەبێمنەتیی ئەو تەحەدایە دەکات.

ئیشی شاسوارعەبدولواحید و بزوتنەوەکەیەتی کە لەڕێی فراکسیۆن و خەڵکەکەیەوە فشار لە حکومەت بکەن تا چاکی بکات.

بەڵام شاسوار عەبدولواحید بۆچی لە خۆی ناپرسێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە خاوەنی ملیۆنان دۆلار بوە، خاوەنی چەند پڕۆژە بوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی مرۆیی و کەلتوریی؟ یان چەند پڕۆژەی خێرخوازیی هەبوە؟ بەڵێ، ئێنئاڕتیی پڕۆژەیەکی باش بو بەڵام دواتر کردیە دەزگایەکی پڕۆپاگاندە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکارهێنا، ئێستا ئێنئاڕتیی زیاتر لە روداو و کوردستان٢٤ بەحیزبییکراوە.

پێشنیازی من بۆ شاسوار عەبدولواحید ئەوەیە:

لەبری چاککردنی پڕۆژەی تێكشکاوی حکومەت کە تۆ ناتوانیت هەمویان چاک بکەیتەوە، تۆ دەتوانی ببیتە خاوەنی پڕۆژەی خۆت. بۆ نمونە؛ دەتوانیت دەزگایەکی لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی تایبەت بە حکومەتداریی دروستبکەیت و بەتەواوی دەرفەتیان پێبدەیت سەربەخۆ بن تا لەسەر کۆی کایەکانی حکومڕانیی پڕۆژە پێشکەشبکەن. یان دەتوانی نەخۆشخانەیەکی خێرخوازیی دروستبکەیت تایبەت بە جۆرێک نەخۆشیی کە چارەسەرییەکەی گرانە و خەڵکی فەقیر سودمەند بن لێی.

یان دەتوانیت سکۆلارشیپێک رابگەیەنیت تایبەت بە پشتیوانیکردنی خوێندکارە هەژارەکان، ساڵانەش هەوڵبدەیت چەند کەسێک سپۆنسەر بکەیت و بچێت لە دەرەوە بخوێنێت، بێگومان لە بوارێک کە هەرێمی کوردستان پێویستییەتی. یان دەتوانیت پەیمانگایەکی پیشەیی دروستبکەیت و ساڵانە دەیان و سەدان گەنج فێری کاری پیشەیی بکەیت. ئەوەی من پێشنیازم کردوە پڕۆژەی کاریگەرن بۆ بونیادنان و داهاتو، کاریگەرییەکەشی زۆر لەوە زیاترە کە هەرکەسێک پێشبینیی دەکات. دەکرێت ئەوە هاندەرێکیش بێت بۆ دەوڵەمەندەکانی دی کە کاری لەو جۆرە دەستپێبکەن، بەتایبەت کە هیچتان باجێکی ئەوتۆ نادەن و هیچ بەرپرسیارێتییەک لە بەرانبەر خەڵک و نیشتیمان هەڵناگرن. 

من چاوەڕێی ئەوە ناکەم شاسوار عەبدولواحید رێگای سماقوڵیی چاک بکاتەوە چونکە ئەوە هیچ شتێک چارەسەرناکات، بەڵام چاوەڕێدەکەم ئەو و هەر دەوڵەمەندێکی تر ئەو هەستە بەرپرسیارێتییەیان لا دروستبێت کە ئەرکیانە کارێک بکەن نەوەکانی ئێستا و داهاتو سودمەن بن لێی.

کەمال چۆمانى

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی