شۆڕشی پەروەردەیی بەڕابەرایەتی »جۆن دیوی«

18/03/2019

هیوا عەلی

»پڕاكتیزەكردن« چییە؟ سودەكانی ئەم میتۆدە چیین؟ ئەركی مامۆستا چییە لە جێبەجێكردنی ئەم میتۆدەدا؟ ئەو وانانە چیین كە دەتوانرێ خوێندكاران ئەزمووونی بكەن؟ دەرەنجامەكانی گەشەكردنی پەروەردەیی لای »جۆن دیوی« چیین؟

»بەشی یەكەم«
''پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، بەڵكو خودی ژیانە''.
پڕاكتیزەكردن »ئەزموونكردن« ئەو میتۆدەیە كە خوێندكار و مامۆستا بەیەكەوە ئەزموونی ئەو زانستە دەكەن كە باسكراوە بە شێوەیەكی تیۆری. ئەم تیۆرە هانی خوێندكاران دەدات كە بە چێژەوە كۆشان بۆ وانەكانیان بكەن،درك دەكەن بە نرخ و بایەخی فێربوونی زانستی، كۆمەكی گەشەی مەعریفی و فانتازییای خوێندكار دەكات، توانای یادگە دەخاتە دۆخی یادگەی درێژ مەوداوە بە جۆرێك زانیارییەكان لە بیرنەچنەوە. گرنگە مامۆستا بەر لە هەر بابەتێك خەیاڵی فراوانبكات وبیربكاتەوە لە چۆنییەتی پڕاكتیزەكردنی وانەكە، مامۆستا هاوكارە و فێركار نییە لەم میتۆدەدا، پێویستە خوێندكار وا فێربكرێت كە دوای چەند بڕینی چەند قۆناغێك هەڵسەنگاندن بۆ بابەتی باسكراو بكات بەم شێوەیە: لاسایبكاتەوە،بەبێ هاوكاری مامۆستا كارەكەی ئەنجام بدات، بە جوانی و بە خێرای بیكات و لە كۆتایشدا بڕیار بدات كە ئایا ئەو پڕاكتیزەكردنە سەركەوتووە یاخوود نا. بێ جیاوازی زمان و زانست سەرجەم وانەكان دەتوانرێ ژینگەیەكی پڕاكتیكییان بۆ ئامادە بكرێت. توێژینەوەكانی گەشەكردنی زانستی بە شێوەیەكی بنەڕەتی جەخت دەكەنە سەر فێربوون لە ڕێگەی كاری (پڕاكتیكی)ـیەوە،لەم تەكنیكەدا كۆشان دەكرێت بۆ گەشە و سەرخستنی توانای  جڤاكی خوێندكار. دیوی بروای وابووە كە مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی ئەنجامدانەوە فێر دەبێت، بۆیە ئەم پڕۆسەیەی ناونا ''پڕاكتیزەكردن''.  كردخوازەكان  تێروانینیان وایە كە دەبێت زانست لە گەڵ ژیاندا ئاوێتە بكرێ، بە مانایەكی تر دەبێت خوێندكار ئامادەبكرێ بۆ ئەو پیشانەی كە لەكۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوودا دەبێت هەبن، بۆ ئەوەی بە كرداری فێری ببن و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن بۆ داهاتوو. گرنگە لە پڕۆسەی پەروەردەدا مامۆستا و خوێندكار بەیەكەوە و لە یەكتر فێر ببن، سەرجەم ئەندامانی ناو پڕۆسەكە دەبێت مافی یەكسانیان هەبێت لە بەژداریكردن و داهێنانی زانستی نوێ.

''خوێندكار سەنتەر بێت'' دیوی بڕوای وایە كە خوێندكار دەبێت هاوشێوەی مامۆستا خود سەنتەری پێ بدرێت بە جۆرێك بتوانێ مافی بەژداریكردن و ڕەخنەی  پێ بدرێت وە هانبدرێت بۆ وەدەستخستنی زانیاری خودی و گەیاندنی بە مامۆستا، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە خوێندكار دەبێت ئازادی ڕەهای پێ بدرێت لە شێوازی وەرگرتن و تێگەیشتن لە زانستەكە بە جۆرێك كار لەسەر ئارەزوەكانی ئەوان بكرێ لە شێوازی وانەوتنەوەدا'' ئەگەر ئەمڕۆ بەهەمان شێوەی دوێنێ وانە بڵێینەوە، ئەوا سبەینێ وێرانیان دەكەین'' . لەم پڕۆسەیەدا نابێت مامۆستا وەكو فێركاری ڕەسمی مامەڵە بكات بەڵكو دەبێت ڕۆڵی ئاسانكارێك بگێڕێ،بەرسڤی سەرنج و چارەسەری كێشەكانیانی لابێت. 

لە ڕوانگەی دیوی یەوە خوێندنگەكان تەنیا جێگەی فێربوونی پیت و ژمارەكان نین بەڵكو ئەو شوێنانەن كە تێیدا دەبێت فێری چۆن ژیان بن.

دەرەنجامەكانی گەشەكردنی پەروەردەیی لای 'جۆن دیوی':
- دەبێت پەروەردە و فێربوون كرداری بن،گرنگە خوێندكار ئامادە بكرێت بۆ ژیانی دوای قۆناغی گەنجی و دەستكردن بە ئیش.
- مامۆستا دەبێت بكۆشێت چارەسەری سازندە و ئاشتەوا بۆ كێشەكانی خوێندكار بدۆزێتەوە.
- پەروەردە و زانست بەیەكەوە ئەزموون بكرێن، دەبێت خوێندكاران بەژدارییان پێ بكرێت لەو بابەتەی دەخوێندرێت، خۆ بەدوور بگیرێ لە گوتنەوە و نوسینەوەی تەڵقینی.
- مامۆستا دەبێت كراوە بێت بەرانبەر دیدە جیاوازەكانی خوێندكار و دەرفەتیان بۆ خۆشبكات لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەكانیاندا.
- خوێندكار دەبێت ئامادەبكرێت بۆ ناو كۆمەڵگا، وە پابەند بێت بە بنەماكانی دیموكراسی و پاراستنی مافی هەموان.
- ئەركی پەروەردە دروستكردنی پرسیارە لە خەیاڵی خوێندكاردا، وە نیشادانی ڕیگەچارەیە لە چارەسەكردنی كێشەكاندا.
- ئەركی خوێندكارە داهێنان و تازەگەری بكات لەو زانستەی دەیخوێنێت بە هاوكاری و هەماهەنگی مامۆستا.
- كاربكرێ لەسەر بەهرە و ئارەزووەكانی خوێندكاران.
- ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و لەبار بۆ فێربوون و فێركردن.
- خۆ بەدورگرتن لە شێوازی وتاردان لە وانەوتنەوەدا.
- پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندكار پڕۆسەی فێربوون خێراتر دەكات. 
- پشت بەستن بە كەرەستە و ئامێری تەكنەلۆژیای سەردەمی.
- تێگەیشتنی خوێندكار ئامانجە.
- جەختبكردنەوە لەسەر كاری گروپ.

بە پیادەكردنی تیۆری پڕاگماتیزم خوێندكار بڕوابەخۆبونێكی زۆر بەدەستدەهێنێت، بەرپرسیار دەبێت لە سەركەوتن و كۆشانی خۆی، خوێندكار دەگاتە ئاستێكی بەرزی هاندان بەرانبەر پڕۆسەی فێربوون،توانای بڕیاردان و سەرنجەكانی لەمەڕ بابەتەكان گەش و نمادەكات و دەبێتە خوێندكارێكی چالاك.

هیوا عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی