دو نەخۆشیی مەترسیداری سیاسەتمەدار و حیزبی کوردیی

18/03/2019

کەمال چۆمانی


ئاڵۆزیی کەسایەتیی نارسیسیست: نەخۆشیی و ئاڵۆزییەکی دەرونیی و کەسییە، کەسی نارسیسیست لە رادەبەدەر موعجیبە بە خۆی، لە رادەبەدەر خۆویست و خۆپەرستە. هەڵسوکەوتی نائاسایی هەن بەوە دەناسرێنەوە کە زیاد لە پێویست هەستی خۆبەگرنگزانین و بەخۆسەرسوڕمانیی هەیە و هیچ سۆز و میهرەبانییەکی نییە. ئەوانەی توشی ئەو ئاڵۆزییە کەسییە دەبن کاتێکی زۆر لە بیرکردنەوە لە خۆیان بەسەردەبەن کە چۆن سەرکەوتن و دەستەڵات بەدەستبێنن، یان زۆر خەریکی روخسار و دەرکەوتنی خۆیان دەبن. 

یەکێک لە سیماکانی فاشیزم رەتکردنەوەی ئەویترە. کەسی فاشیست بە هیچ جۆرێک رەخنەی ئەویتر قبوڵناکات. فاشیستەکان باڵادەستی شانۆی سیاسیین. خەڵک گڕدەدەن بە دژایەتیکردنی دوژمنەکانیان. فاشیستەکان بە پشتیوانیکەرانی خۆیان دەڵێن کە رێگای ئاسان هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانیان. خۆیان وەک رزگارکەری نیشتیمانیی تەماشادەکەن و خۆیان و دەوڵەت بەیەکترەوە پەیوەست دەکەن. یەکێک لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی هیتلەرئەوە بو کە دەیگوت: "من پێتان دەڵێم چی منی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە پێیگەیشتوم. کێشە سیاسییەکانی ئێمە ئاڵۆز دەردەکەوتن. خەڵکی ئەڵمانیا نەیانتوانی هیچی لەبارەوە بکەن. من ئاڵۆزیی کێشەکانم کەمکردەوە لەڕێی سادەترین چەمکەکانەوە. مێگەلی خەڵک لەوە تێگەیشتن و وەدوای من کەوتن."

سیماکانی فاشیزم لە هەندێک کەسایەتیی سیاسیی و حیزبی سیاسییدا هەن. مەرج نییە حیزب و سیاسییەکان تەنها ناسیۆنالیستێکی توندڕەو بن بۆ ئەوەی فاشیست بن، دەکرێت حیزبێکی بچوک یان سیاسییەکی تازە-هەڵتۆقیویش بێت و سیماکانی فاشیزم تێیدا بەرجەستە ببن.

لەناو سیاسەتی کوردییدا لە هەرێمی کوردستان، ئەو سیاسییانە زۆر زۆرن کە نارسیسیستن و فاشیستن یان ویستی فاشیستانە بیرکردنەوە و گیانی داگیرکردون جا چ لە کۆنەکان و چ لە نوێکان. ئەوانە لە مێژوی بزاڤی رزگاریخوازیی کوردیی و لەدوای رزگاریی کوردستان، مەترسییەکی گەورەن و ئێستاش مەترسییەکی هەرە گەورەن بەسەر داهاتوی وڵاتی ئێمە، ئاشتیی کۆمەڵایەتیی، دیموکراسیی، حوکمی قانون و چەسپاندنی ئازادیی.

کەمال چۆمانى

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی