ئەو بەرگە ناشیرنانەی بەسەر سیاسەتدا کران

19/03/2019

ئیبراهیم عەباس



تا دێت سیاسەت لەمەبەستە سەرەکییەی کە چاکەی گشتییە خاڵی ئەکرێتەوە، بەجۆرێک هەرکەسێک دەم لە ساسەت بدات، ناشیرین و دزێو ئەبێت، چونکە ئەوانەی لەهەرەمی سەرەوەی سیاسەت و حزبی کوردین باکیان بەهیچ شتێک نییەو تەنها کار بۆ خۆیان ئەکەن، لە خۆیان بترازێت، هەرچی بەسەر دەوروبەریان و وڵات و بەرژەوەندی گشتیدا بێت بێ باکن لە ئاستیدا.

بەدیوێکدا رەنگە ئەوە راست بێت کە وەکو ستراتیژ بەگشتی سەرکردە باڵاکان هەمووکات تەنها لەبیری خۆیاندا بوون، بەڵام لەژێر بێدەسەڵاتی سەردەمی داگیرکاری و دواتریش لەترسی کێبرکێ سیاسی حزبی نەیانوێرابێت یان نەیانتوانیبێت روانگەکانیان دەربخەن کە تەنها کار بۆخۆیان ئەکەن و ئەوەی لەبیریان نییە بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام نزیکەی دەیەکە، ئەو ترسەیان نەماوەو لەقسە بترازێت هەرگیز بە کردەوە سودیان بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی وڵات و خەڵک نەماوە.

دروستبوونی حزبی نوێ و کەسایەتی سیاسی نوێ تا ئەم ساتە وەکو نەبووەتە هۆکاری گۆڕانکاری لە عەقڵی سیاسی باو، کاریگەریشی لەسەر سەرکردە تەقلیدییەکان نییە، چونکە ئەوانیش بەهەمان مێتۆدو شێواز سیاسەت و حزبایەتی ئەکەن و ناتوانن سود لەو هەموو وزە بەهێزەی گەنجان و خەڵکی تێگەیشتو و پێگەیشتوو وەربگرن،تەنها لەبەر ئەوەی ستراتژییەتی دوور مەودا بۆ بەرژەوەندی گشتی و حوکمڕانی نییەو هەمووی گرەو لەسەر فریودانی کاتی و تێپەڕاندنی قۆناغەکان ئەکاتەوەو هیچی تر.

ئەم راستییە تاڵانە بەو مانایە نایەت کە مادەم دۆخەکە وایە و ئەم هەقیقەتە تاڵانە هەن، هەموومان دەستبەرداری گەڕاندنەوەی بەها بۆ سیاسەت و خزمەت و چاکەی گشتی و حوکمڕانییەکی باشتر ببین، رێک بەپێچەوانە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەو بازدانێکی چارەنووساز ئەوەندە بەسە مرۆڤ لە پێناو هیچ ئایدیاو حزبێک خۆی و هەڵوێستەکان نەفرۆشێت و نەیخاتە خانەی سەوداو مامەڵە، بەڵکو ئەتوانرێت هەموومان لە بیری چاکەی گشتیدا بین.

راستییەکی مێژووی چەسپاو هەیە کە حوکمی زەمان لەسەر کەس ناوەستێت، بەتایبەت لە وڵاتانی دونیای سێیەم کە گۆڕانکاری سەیرو سەمەرەی تێدا رووئەدەن، تا ئەو ئاستەی بۆ زۆر گۆڕانکاری رژێم و دەسەڵاتەکان چەند شەو و رۆژێک بەسن، ئەم حاڵەتانە بۆ هەرێمەکەی ئێمەش راستەو بێگومان درەنگ یان زوو، یان بەها بۆ سیاسەت و حوکمڕانی ئەگەڕێتەوە، یان هاوشێوەی ئەو مێژووەی بەسەر داگیرکاران هاتووە بەسەر ئەمانەدا دووبارە ئەبێتەوە. لەبیریشمان بێت تاکە رێگای سەلامەت بۆ هەموو پرسێکی ئاڵۆز هوشیاری خەڵک و هاونیشتمانیانە، چونکە هوشیاری خەڵك هەم گرەنتی ستۆپکردنی ملهوڕی سیاسییەکانە، هەمیش دەروازەی گەڕاندنەوەی بەهاکانە. ئەو بەهایانەی دەمێکە لە کوردستان بەرگی تریان بەبەردا کراوەو نرخیان نەماوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی