پارتی مانۆڕە سیاسییەکەی راناگرێت

19/03/2019

شاخەوان برایم عبدالله


کاتی خۆی حیزبە نەیارەکانی پارتی داوایان دەکرد سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، تەنیا پارتی ناڕازی بوو و داوای دەکرد لەناو خەڵک سەرۆک هەڵبژێردرێت.

ئەو هەڵوێستەی پارتی و رکابەرێتیی نەیارەکانی کە لە رقی پارتی، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمیان لەناو پەرلەمان پێ باش بوو، ئەمەش لە کاتێکدابوو دەیانزانی ئەگەر لەناو پەرلەمان بێت بۆ پارتی زەحمەت دەبێت، لێرەدا پارتی لە ڕێگەی مانۆڕێکی سیاسی و بەرنامە بۆ دانراو، لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا هەموویانی خستە هەڵوێستێکەوە کە دەبێ سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دەی ئێستاش پارتی بە ئاشکرا لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان و سەرکردەکانی دیکەی دەڵێت: بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، دوای نەورۆز سەرۆکی هەرێم لە ناو (پەرلەمان) هەڵدەبژێرین کە پێشتر هەموو حیزبە نەیارەکانی ئەو داوایەیان هەبوو و بادانەوەش رەنگە دووچاری تەریقبوونەوەی سیاسییان بکات، بەوەی پەرلەمانیان بە نوێنەری خەڵک دەزانی و ئەمەیانیش وەک کارتی سیاسی لە دژی پارتی بەکاردەهێنا.

گۆڕانکارییەکانی پارتی ئاسایی نین، بۆیە پارتی دوای نەورۆز بە هەوڵدانێکی کەم لەگەڵ یەکێتی، دەیەوێت نێچیرڤان بارزانی دوای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم لە ناو پەرلەمان هەڵبژێرێت بە سەرۆکی هەرێم، ئەگەر یەکێتی بیەوێت ناڕەزایی دەربڕێت یان خۆی گران بکات وەک ئەوەی لە پەرلەمان روویدا، ئەوکات پارتی لەسەر یەکێتی ناوەستێت و مانۆڕە سیاسییەکەی خۆی ڕاناگرێت و سەرۆکی هەرێم لە ناو پەرلەمان زۆر بە ئاسانی هەڵدەبژێرێت و دواتر لەگەڵ یەکێتیدا یەک دوو گفتوگۆی ئاسایی دەکات، وەک ئەوەی لە دوای رووداوی ۱٨ی شوبات یەکێتی نەیتوانی هەڵوێستەکانی پارتی بگۆڕێت.

یەکێتی دەبێ لەو واقیعە سیاسییە تێبگات کە پارتی سوورە لەسەر ئاڵوگوڕەکانی ناوخۆی لە جێگۆڕکێ بە پێگەی سیاسی نێچیرڤان بارزانی لە حکوومەتەوە بۆ سەرۆکایەتی وڵات، هەروەها مەسرور بارزانی کە ئەویش یەکێکە لە کەسە گرنگەکان و پارتی دەیەوێت پێگەی سیاسی لە ڕێی حکوومەتەوە بەهێزتر بکات، کەوایە یەکێتی ناتوانێت بەر بەو مانۆڕە سیاسییەی پارتی بگرێت، چونکە پارتی وەک چۆن کۆبوونەوەی ۱٨ی شوباتی کرد و بێ یەکێتی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمانی دانا، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆکیش، چیتر چاوەڕێی یەکێتی ناکات، رەنگە ئەمە لە حکوومەتیشدا رووبدات، چونکە پارتی دەیەوێت پێش حکوومەت، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێت کە بە رۆژێک یاساکە هەموار دەکاتەوە و دواییش سەرۆک هەڵدەبژێرێت و ئینجا حکوومەت دروست دەکات.
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی