ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام "داعش" به ته‌نیا پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌و چه‌ند چه‌كداره‌ی داعش نه‌بوو كه سه‌ره‌تا له نیوه‌شه‌وێكدا مووسڵ‌یان داگیركرد و دواییش په‌ڕینه‌وه بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق و هیرشكردنه سه‌ر كوردستانیش، به‌ڵكوو پرۆژه‌یه‌كی زۆر له‌وه فراوانتر بوو كه ئامانجی ده‌ستگرتن بوو به‌سه‌ر ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی به‌شی زۆری عێراق و سووریا.
قسه‌ی زۆر له‌باره‌ی داعش كران و ئێستاش ده‌كرێن، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و قسانه ناكه‌نه ئه‌وه‌ی كه به‌ڕاستی داعش مه‌ترسییه‌كی جیدی بوو، به‌تایبه‌تی بۆ سه‌ر كورد، ئه‌گه‌رچی كورد له‌ڕووی سیاسییه‌وه سوودی گه‌وره‌ی له داعش وه‌رگرت به‌وه‌ی توانی به دڵسۆزیی و قاره‌مانانه شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه بكات كه ئه‌مه‌ش له لایه‌ن جیهان پێشوازی گه‌وره‌ی لێكرا، كه كورد ده‌توانێت دژایه‌تی تیرۆر بكات و خۆی بپارێزێت له هه‌ڕه‌شه‌كان و دژی دروستبوونی هه‌ر هێزێكی میلیشیاییه كه بیانه‌وێت فراوانخوازیی ده‌سه‌ڵات و مه‌زهه‌بی له ناوچه‌كه بكه‌ن.
به درێژایی نزیكه‌ی 5 ساڵ كورد له هه‌ردوو به‌شی باشوور و رۆژئاوای كوردستانه‌وه به هاوكاری كوردانی رۆژهه‌ڵات، شه‌ڕی ئه‌و گرووپه چه‌ته ئیسلامییه‌یان كرد، به‌جۆرێك كه فۆكه‌سی جیهان كه‌وته سه‌ر كوردستان كه له هه‌موو رووێكه‌وه به دڵسۆزانه و جیدی و به ئیمكانیه‌تێكی كه‌می ئابووری و سه‌ربازییه‌وه شه‌ڕی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه‌ی كرد، ئه‌گه‌رچی هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌شكرا به‌تایبه‌تی هاوكاری ئاسمانی، به‌ڵام هێزه مه‌عنه‌وییه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت كه كورد بڕیاریدا به هه‌ر جۆرێك بێت ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه‌دا زاڵ بێت.
ئه‌مڕۆ دوامۆڵگه‌ی چه‌ته‌كانی داعش له باغۆز له سووریا له‌سه‌ر ده‌ستی كورد كۆتاییهات، واته خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی باشوورییه‌كان سه‌ره‌تا تێكشكێندرا و دواجاریش له‌لایه‌ن رۆژئاواییه‌كانه‌وه كۆتایی به خه‌لافه‌ته‌كه هێندرا كه ئه‌مه‌ش بۆ كورد سه‌ركه‌وتنه و نموونه‌یه‌كی گرنگه له مێژووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه هه‌ر ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه‌ی داعش له باشووری كوردستاندا بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه لووتیان شكێندرا و دوای ئه‌و لووتشكاندنه‌ش ئیدی سوپای عێراق به هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی توانی به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وێت.
به درێژایی ئه‌و ماوه زۆره‌ی شه‌ڕی داعش ئه‌وه‌ی به جیدی شه‌ڕی ئه‌و گرووپه‌ی كرد زیاتر كورد بوون، ئاخر عێراق له سه‌ره‌تای هاتنی داعشدا به به‌رده‌وامی له هه‌ڵاتندا بوو و رۆژ دوای رۆژیش ناوچه‌ی تازه‌ی راده‌ستی داعش ده‌كرد، له به‌رانبه‌ردا پێشمه‌رگه رووبه‌ڕووی داعش ده‌بۆوه ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ ناوچه‌ی كه‌وتنه ده‌ست داعشه‌وه، به‌ڵام شه‌ڕی ده‌كرد، هاوكات له رۆژئاوای كوردستانیش شه‌ڕڤانانی كورد شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشیان كرد له‌كاتێكدا رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رقاڵی كوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل بوون، ئه‌مرۆش كۆتایی داعش له باغۆز له‌سه‌ر ده‌ستی كورد راگه‌یه‌ندرا و ئه‌مه‌ش به ئاماژه‌ی سه‌ركه‌وتنی كورد له دژی تیرۆر هه‌ژمار ده‌كرێت.
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی