ململانێ و كیبڕكێكاری، یاسایه‌كی بابه‌تی ژیانن، ڕه‌وا و شه‌رعین، له جوغزه مرۆییه‌كه‌یدا ، ناڕه‌وا و ناشه‌رعین، به میتۆده ماكیاڤیلییه‌كه (به تێگه‌یشتنه باوه‌كه‌ی خه‌ڵك) . ململانێ له پێناو به‌ها مرۆییه باڵاكان، نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان(شه‌رعییه‌كان)، زانستی وه‌رزشی و ئابوورییه‌كان ،سه‌رتۆپی ململانێی مرۆییه‌كانن، به‌و پێیه‌ی پێودانگه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كان له‌سه‌ری كۆكن. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م جوغزه، ململانێی و كێبڕكێكانی دیكه، پوچ و به‌تاڵ و ناڕه‌وان.
پارتی وه‌ك هه‌ر حزبێكی سیاسی، مافی خۆیه‌تی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی ململانێ و كێبڕكێی ڕكابه‌ره سیاسییه‌كانی بكات، به‌مه‌رجێك له سنوری ئاكارناسی و ڕێسا كارپێكراوه‌كان ده‌رنه‌چێت. كه‌چی پارتی وه‌ك هه‌ر هێزێكی سیاسی باوی ڕۆژهه‌ڵاتی، گه‌مه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای دروستكردنی دوژمنی وه‌همی به‌ڕێوه‌ده‌بات، هه‌میشه هێزه باوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان، دوژمنی وه‌همی دروست ده‌كه‌ن و جه‌ماوه‌ری پێوه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن.
پارتی كه ئێستا وه‌ك جاران ناتوانێت یاری له‌سه‌ر په‌تی دژمنایه‌تی به‌غدا بكات، به‌رهه‌م ساڵحی كردۆته دوژمنه وه‌همییه‌كه‌ی خۆی، سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ش ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشتر به دوژمن و نه‌یاری ده‌زانین(ئێران، توركیا، سونه، شیعه، ته‌نانه‌ت گۆڕان و ئیسلامییه‌كانیش) ئێستا له‌گه‌ڵیان كۆك و ته‌بایه. ئێستا نۆره‌ی ئه‌و دوژمنه وه‌همییانه به‌سه‌رچووه، بۆیه له گه‌ری گه‌ڕان به دوای دوژمنێكی وه‌همی دیكه‌دا، گڕگڕ هاتووه و یه‌خه‌ی به‌رهه‌م ساڵحی گرتوو، ئه‌مه‌شیان خراپترین بژارده‌ی پارتییه له نێو دژمنه وه‌همییه‌كانیدا.
خراپی ئه‌م بژارده تازه‌یه‌ش له‌وه‌دایه كه پارتی بیری چۆته‌وه یان له بیرخۆی بردۆته‌وه كه له سلێمانی هه‌رگێز نابێته جێگره‌وه (به‌دیل) ، خۆشی بێت و ترشی بێت، هه‌ر ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تی بكات، به‌رهه‌م ساڵحیش ئه‌گه‌ر به‌هێزترین فیگه‌ری ئێستا یه‌كیه‌تی نه‌بێت، بێ سێ و دوو له هه‌ره فیگه‌ره به‌هێزه‌كانی یه‌كیه‌تییه. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌م ساڵح یه‌كێكه له‌وانه‌ی به‌رده‌وام ئاشتی و ته‌بایی وویستووه و ده‌یه‌وێت، بۆیه بۆ پارتی گرنگتر و لۆژیكیتر بوو، زووبه‌زوو گرێكوێره‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆ كۆماری له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح و یه‌كیه‌تی لاببردایه، وه‌لی له چاره‌ڕه‌شی ئه‌م هه‌رێمه نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌كرد، بگره كردیشیه كراسه‌كه‌ی عوسمان و به ئامان و زه‌مان ده‌ستی لێ به‌رنادات.
له‌وه‌ش باشتر ئه‌وه بوو پارتی په‌ی به‌وه بردبا كه ده‌یتوانی به هۆی كۆك و ته‌بایی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكێكی سه‌ركه‌وتووی وه‌ك به‌رهه‌م ساڵح، زیاتر و زیاتر له یه‌كیه‌تی سوودمه‌ند بێت، چونكه لۆژیك ده‌ڵێت بوونی سه‌رۆكێكی كوردی سه‌ركه‌ووتووی له ده‌وڵه‌تی عێراقدا، له كۆتایدا له به‌رژوه‌ندی پارتیشه.
ئێستا هه‌قی خۆیه‌تی بپرسین دژمنایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح بۆچی و له پێناو چی؟
پارتی كه هاوكێشه‌كه بابه‌تییانه و لۆژیكییانه ناخوێنێته‌وه، به پاڵنه‌ری ئه‌جێندای حزبیانه‌ی خۆی ڕێده‌كات، به ستراتیژی په‌لاماردانی به‌هێزترین خاڵی نه‌یاره‌كه‌ی ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شكستخواردووی خۆی له یه‌كیه‌تی و به‌رهه‌م ساڵح بكاته‌وه. بێ ئاگاشه له‌وه‌ی كه په‌لاماردانی نه‌یاره‌كه‌ت له به‌هێزترین خاڵیه‌وه، كه‌ره‌سته و ئامرازی تۆكمه و بابه‌تی واقعی گه‌ره‌كه. پارتیش به‌م دۆخه ته‌رزه هزرییه سیاسییه‌ی ئێستای، به پیاده‌كردنی میتۆده باوه رۆژهه‌ڵاتییه‌كه كه له‌سه‌ر په‌لاماردان و شكاندنی نه‌یاره‌كان به‌نده، ته‌واو بێ به‌شه له ئامراز و كه‌ره‌سته‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ی یه‌كلایه‌نه ده‌ستی داوه‌تێ. بگره له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه كه ناتوانێت له چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێساكانی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ش ده‌رچێت و به دیوه ڕاسته‌كه‌یدا وه‌ریچه‌رخێنێت.
وادیاره كه پارتی ده‌ست له كراسه‌كه‌ی عوسمان به‌رنادات، به ئامراز و كه‌ره‌سته‌ی باوه‌كان، شه‌ڕی دژ به به‌رهه‌م ساڵحی ده‌ست داوه‌تێ، خودی كێبڕێكیارییه‌كه‌شی به دووره له یاسا و ڕێسا بابه‌تییه‌كانی كێبڕكێ و ململانێكاری، چونكه نه له پێناو نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه، نه له پێناو به‌ها باڵا مرۆییه‌كانه، به‌ڵكو ته‌نها له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبییه كه هه‌تا خزمه‌ت به‌خۆشی ناكات.
له‌م دوژمنایه‌تییه‌دا سه‌ره‌نێزه‌كانی پارتی ڕاگه‌یاندنی چه‌واشه‌كاری، داشكاندن بۆ هێزه عێراقی و هه‌رێمییه‌كان، وه‌گه‌ڕخستنی هه‌ژموونی پۆست و به‌شینه‌وه‌ی پاره و سامانه، ئه‌مانه‌ش هیچیان نه‌یانتوانیوه و ناشتوانن كاریگه‌ر و كارابن له دژایه‌تیكردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق، بۆیه به‌رده‌وامیدان میتۆده، بێ سێ و دوو له به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ساڵحدا تووشی دۆڕانی زیاتر و زیاتری ده‌كات.
پارتی توانستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێگه و هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و عێراقی به‌رهه‌م ساڵحی پێ نییه، ئه‌و ڕۆڵه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌م سێ گۆره‌پانه‌دا ده‌یگێڕێت، به هیچ كه‌سایه‌تی و فیگه‌رێكی ناو پارتی و بگره عێراقیش ناكرێت، هه‌ر بۆیه‌ش له پرسی كێبڕكێ پۆستی سه‌رۆك كۆماردا، بۆ یه‌كه‌مجار بوو پارتی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنی دۆڕاند، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به هه‌موو هه‌ژموونی سیاسی و ئابووری و حزبی خۆییه‌وه هاته مه‌یدان.
له ڕووی حوكمڕانییه‌كی ڕه‌شیدیشه‌وه، ده‌مێكه به‌رهه‌م ساڵح له گۆڕپانی عێراقی و هه‌رێمی كوردستاندا بوون و قورسایی خۆی وه‌ك حوكمڕانێكی لێزان و دیموكراتخواز و دادپه‌روره سه‌لماندووه، له‌و دوو ساڵه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كگرتووش بوو(پێشتریش كه له ئیداره‌ی سلێمانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو)، چه‌نده‌ها پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری پێشكه‌شكردووه كه هه‌موویان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بوون و به پله‌ی یه‌كه‌م چینه هه‌ژار و نه‌دار و لێوه‌شاوه و به‌هره‌مه‌نده‌كان لێی سوودمه‌ندبوون.
ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له دوو ساڵی حوكمڕانی خۆیدا له هه‌رێمی كوردستان كردی ، پارتی به هه‌موو ئه‌زموونی حوكمڕانی خۆی نیو ئه‌وه‌نده‌شی پێ نه‌كراوه، بگره خراپترین نموونه‌ی حوكمڕانیشی پیاده كرد كه هه‌م هیوا نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م هیوا مه‌ده‌نییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی له‌باربردن، په‌یوه‌ندییه جیهانی و هه‌رێمییه‌كانی باشووری كوردستانی تێكوپێكدان، به مكوڕبوون و شێلگیریشی له‌سه‌ر ڕیفراندۆم – كه له كاتی شیاوی خۆیدا نه‌بوو – به‌هێزترین كارتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی سوتاند له باشوور، كاریگه‌ری لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه‌شی تا چه‌ند ساڵی دیكه‌ی ئاینده‌ش به‌رۆكی هه‌رێم به‌رناده‌ن.
پارتی له گۆڕه‌پانی خاكه‌ڕایی و دادپه‌روه‌ری و هاتنه ناو خه‌ڵكیشه‌وه، هاوتا و مانندی به‌رهه‌م ساڵح نییه، فیگه‌ره و كه‌سایه‌تییه‌كانی له دۆڵێكن و زۆرینه‌ی گه‌ل و میلله‌تیش له دۆڵێكی دیكه، به‌رهه‌م ساڵح له هه‌موو بۆنه و پرسه جۆراوجۆره‌كان ( شاد و كاره‌ساتباره‌كان) له ناو خه‌ڵكه، كتومت وه‌ك هه‌ر هاووڵاتییه‌كی ساده و ساكاری ئه‌م ووڵاته له‌سه‌ر شه‌قامه، له به‌رامبه‌ردا پارتی له‌م بواره‌شدا هه‌ر كۆڵه‌وار و ده‌سته‌وه‌ستانه، نێوانی فیگه‌ر و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و حزبه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ئاسمان و ڕێسمانه، هه‌ر بۆیه ته‌نانه‌ت له بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشدا بوونێكی لاوازیان هه‌یه و بگره له هه‌ندێكیاندا ته‌واو بزرن و ده‌رناكه‌ون.
بۆیه بۆ هه‌رێمی كوردستان و پارتیش وا باشتره ئه‌و حزبه له به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ساڵحدا ستراتیژیه‌ت و ڕێوشوێنی خۆی بگۆڕێت، ده‌ستبار له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح بگرێت و به‌یه‌كه‌وه شانبه‌شانی هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستان كه‌شتییه‌كه‌ی هه‌رێم له كه‌نارێكی ئارام‌دا له‌نگه‌ر پێبگرن.
خۆ ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر سوور و مكوڕ بێت له‌سه‌ردوژمنایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح، ئه‌وا ده‌بێت ئامراز و كه‌ره‌سته باوه‌كانی ململانێی پێشووی بگۆڕێت به‌و ئامراز و كه‌ره‌سته مۆدێرنانه‌ی به‌رهه‌م ساڵح گه‌مه سیاسییه‌كه‌یان پێ به‌ڕێوه ده‌بات؛ ده‌بێت به ئامرازه‌كانی حوكمڕانی باش، ئیداره‌یه‌كی ڕه‌شید، كارامه‌یی و لێوه‌شاوه‌یی، خاكه‌ڕایی و مه‌ده‌نیه‌ت و دادپه‌روه‌ری گه‌مه سیاسییه‌كه بكات. له هه‌ردوو باره‌كه‌شدا پارتی قازانج ده‌كات؛ چ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری دوژمنایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح بێت و بیكات به دۆست و یار و ئاشنا، یان به هه‌مان چه‌كه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح ململانێكه درێژه پێ بدات.
به‌ده‌ر له‌م دوو بژارده مه‌ده‌نی و كوردانه، پارتی بژارده‌یه‌كی سێیه‌می نییه، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو بژارده‌یه هه‌موو هه‌وڵ و كۆششێكی ئاینده‌شی نه‌زۆك و بێ به‌رهه‌م ده‌رده‌چن.
یاسا بابه‌تییه‌كانیش پێمان ده‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌مه سیاسییه‌كه به‌ریه‌وه، نابێت له‌چوارلای یاریگاكه، هیچ لایه‌كیان فه‌رامۆش بكه‌یت.
لوقمان حاجی قادر
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی