نەوشیروان مستەفاو كشتوكاڵ

25/03/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

لەگەڵ هەڵوێست نەریمانی دەرهێنەری شانۆیدا لە ماڵەكەی خۆی سەردانی نەوشیروان مستەفامان كرد ، زیاتر لە دوو سەعات قسەكرا لە دەرەوەی سیاسەت و بابەتی سیاسیدا ، قسەكان لە سەر زانكۆو پەیمانگاو زۆرو بۆری ئەو ناوەندانەو پرسی كشت و كاڵ بوون ، ئەو پرسیاری ئەوەی دەكرد ئاخۆ خاكی سنوری سەنگاووهەمەوند و ئەو ناوچانەو بە تایبەت قەرەتامۆر یەك و چەند دەبڕێت و بۆ چی باشە .

دیار بوو نەوشیروان مستەفا زۆر پەرۆشی ئەوە بوو چۆن بتوانرێت گەشە بە بواری كشت و كاڵ بدرێت و مرۆڤی كورد لە مرۆڤێكی بەرخۆرو تەمبەڵەوە بكرێتە مرۆڤێكی خۆ ژێن و ئەوی تر ژێن ، لە راستیدا ئەگەر هۆشیاری كشت و كاڵی هەبێت دەشتەكانی كوردستانی باشور بە كەڵكی ئەوە دێن نەك هەر بەشی كوردستان پێویستی دابین بكەن ، تەنانەت بەشی هەناردە كردنیش دەكات ، بەڵام دیارە بە پەروەردەیەكی سیاسی سەقەت كار لە سەر تێكشكاندنی مرۆڤی كورد كراوەو لە ساڵانی رابردودا بە جۆرێك ئەو مرۆڤە لارە خوار كراوە كە هەر چاوی لە دەستی حزبەكانی دەسەڵات بێت و ملكەچی بڕیارەكانی حزب بێت .

نەوشیروان مستەفا كاتێك باسی پەرە پێدانی كشت و كاڵی دەكرد ، ئامانجی ئازادكردنی مرۆڤی كورد بوو لە لارە خواری و ملكەچی دەسەڵات ، لەو ڕوەوە تێدەگەین كە ئەو پیاوە پاڵنانی خەڵكی بۆ ناو دەسەڵات و گەیشتنە پۆست و پلەی بە لاوە گرنگ نەبووە ، هێندەی بە لایەوە گرنگ بوو مرۆڤی خۆ خاوەن دروست بێت ، پێدەچێت ئەو خەون و ئاواتەی نەوشیروان مستەفا ئێستا بە دەردی ئەوانەش نەخوات كە خۆیان بە هەڵگری پەیامەكانی ئەو دەزانن.

ئێستا كە بیر لە قسەكانی ئەو رۆژەی نەوشیروان مستەفا دەكەمەوەو بیر لە هەوڵەكانی بەرێ‌ بۆ خۆماڵی كردنی توتن لە باشوری كوردستان دەكەمەوە كە كاتی خۆی هەوڵدراوە پایەكانی خۆ خاوەنی لە سەر بونیاد بنرێت ، هەروەها ئەوەش دەبینم كە كاتی خۆی بۆچی سلێمانی و باشوری كوردستان لكێنراون بە عیراقی عەرەبیەوە ، گوایە ئەگەر ئەوە نەكرێت خەڵكی باشور لە برسان دەكرن لە بەر نەبوونی دانەوێڵە ، هەروەها سەیری خەونەكانی نەشیروان مستەفاش دەكەم لە بواری ئاودێریدا ، تێدەگەم دەبوو ئەو پیاوە هەرگیز اوڕی لە سیاسەت نەدایەتەوە ، ئەو لە دەرەوەی سیاسەت كەسێكی تر بوو ، سیاسەت وەك سادقی هیدایەت دەڵێت هۆیەكی سەرەكی بە هەڵەدا بردنە.

دواتر بیرو ڕاكانیشی لە سەر زۆری و بۆری زانكۆكان باس دەكەم .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی