ماسكی خۆمم خۆشئەوێ

25/03/2019

په‌یكه‌ر عوسمان

دین بیەوێ و زانست نەیەوێ، عەدالەت ئەوەیە كە دنیایەكی تر هەبێت، چونكە ئێرە دنیای خۆمان نیە، دنیای ماسكەكانمانە!

حەقیقەت ئەكەوێتە پشتی ماسكەكانەوە، قەراریش نیە ماسكەكان لاچن بۆئەوەی حەقیقەت دەركەوێ، چونكە ماسكەكە ژیانەو ئێمەش لێرەین بۆ ژیان نەك بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت.

حەقیقەت ئەو وەهمەیە كە پێیناگەین، كەچی ناومانناوە حەقیقەت و پێ ی ناڵێین وەهم! 

ماسكیش ئەو حەقیقەتەیە كە ئاشی ئەم ژیانە ئەگێڕێ، كەچی بە وەهم و درۆی ئەزانین و ئەمانەوێ بیخەین!

جا ئەگەر حەقیقەتێك هەبێت، ئەم گەمژەییەی ئێمەیە، چونكە ماسك بخەیت وەك ئەوەیە ژیان بخەیت.

ماسك نە ئیجابییە نە سلبییە، پێویستی و تەبیعەتی ژیانە، ئێمە ئەوكاتەشی كە باشین و ئەوكاتەشی كە خراپین، هەر ماسكدارین، چونكە دۆخی بێ ماسكی بوونی نیە!

بێ ماسكیی ئەشێ عالەمی ڕۆح بێت، لەناو جەستەدا ئیتر ئێمە لەناو ماسكاین، چونكە خودی جەستە، ماسكی یەكەمەو ماسكی ڕۆحی ئێمەیە.

ئەگەر بێ ماسكی بەرائەتی مناڵیی بێت، ئایا كەس ئەتوانێ ڕێگربێ لە گەورەبوون؟

ئەگەر بێ ماسكی جۆرێك لە دینداریی بێت، ئایا هیچ دیندارێك ئامادەیە بەنهێنی دینداری بكات و نەیفرۆشێتەوەو نەیكات بە ماسكێكی كۆمەڵایەتی؟

تەنانەت عیرفانیش حەقیقەتی ئێمە نیەو ئەویش هەر جۆرێكە لە ماسك، بەڵام ئەشێ جوانترینی ماسكەكان بێت، چونكە بێنیازترینیانە.

ئەگەر بێ ماسكیی ئازادی تاك بێت، ئایا تۆ كاتێ مومارەسەی ئازادییەكانت ئەكەیت، خۆت ڕازی ئەكەیت یان ماسكی جەماعەت ئەبەستی و ئەوان ڕازی ئەكەیت؟؟ بۆ مەگەر لە ئازادیشدا هەر ئەو شتانە ناكەیەتەوە كە باویەتی و ئەوانی تر ئەیكەن؟

تەنانەت مردنیش ماسك ناخات، بۆیە گرنگە زیندووبوونەوەیەك هەبێت! 

ئاخر دوای مردنمان، هێشتا ماسكەكانمان هەر ماوەو خەڵك هێشتا هەر ڕەحمەت یان لەعنەتی بۆ ئەنێرن!

تەنانەت زەمەنیش دەرەقی ماسك نایەت، چونكە هەنێجار ماسكەكانمان ئەبێتە حیكایەت و جیل لە دوای جیل بۆ یەكتری ئەگێڕینەوە.

دواجار ماسك ئەبێ خودایەك بیخات، ئاخر كابرای ڕیاباز كە لای ئێمە پیاوچاكە، ئەگەر خوا ئەم ماسكەی نەخات، ئیتر ئەم ماسكە خۆی ئەبێ بە خواو بە شتێكی ئەبەدی!

سەیركە مەوزوعەكە ماسكە، كەچی سەری لە خوداوە دەرچوو! یەعنی قەت بەو درۆیەی كاهینەكان بڕوا مەكە، كە تەنیا دین بتباتەوە بۆ لای خودا! لەڕاستیدا دین تەنیا ئەتبا بۆ لای ئەوان نەك بۆ لای خودا. 

هەڵبەتە دینیش ڕێگایەكە، بەڵام دوای ئەوەی كە بە "بیری خۆت" لە پۆخڵەواتی كاهین پاكیئەكەیتەوە! یەعنی ئاگاداربە، دین شتێك نیە تۆ ڕزگاربكات، دین شتێكە تۆ ڕزگاری ئەكەیت!

بێ ماسكی ڕۆحە لە تەنیاییدا، ئێمەش لە جەستەداین و لە كۆمەڵگاكادا! ژیانی كۆمەڵایەتیش بە پێ ی كات و شوێن و زروف، بەردەوام ماسك و خۆگونجاندنی ئەوێ.. بۆیە كاتێ ئیدیعای بێ ماسكیی ئەكەین، لەڕاستیدا درۆیەك ئەكەین!

ئەوەی كە ماسك وەكو شتێكی ناشرین وێنائەكرێ، ئەوە جگە لەوەی درۆیە، جۆرێكیشە لە ماسك! هەر خودی ئەوە ماسكێكەو هەنێجار پێویستە بیبەستین بۆیە وائەڵێین!!

گرنگە ماسك و درۆ لەیەك جیابكەینەوەو تێكەڵێ نەكەین، ماسك كە بووبە درۆ، ئیتر ماسك نامێنێ و ئەوكاتە خراپە، نەك ئەوەی ماسك بە ڕەهایی خراپبێ و درۆبێت! ماسك بە ماسكیی درۆ نیە، ڕاستییە!

ژیان هیچ نیە جگە لە هونەری بەستن و گۆڕینی ماسكەكان، ئێمەش بۆئەوەی بژین پێویستمان بە ماسكە، چونكە لەدنیای ئێمەدا ماسك حەقیقەتە!

مادام ژیان حەقیقەتەو هەموومان بەناویدا ئەڕۆین، مادام تەنیا بە ماسكیشەوە ئەتوانین بەناویدا بڕۆین، كەواتە ماسكی من حەقیقەتی منەو دەموچاوم وەهمەكەیە.

سەیركە ئێمە پێمانوایە ماسك خیانەتە لە هاوڕێیەتی، بەڵام ئەگەر ماسك نەبووایە قەت بەقەت ئێستا تەحەمولی یەكمان نەئەكردو هاوڕێیەتیمان ئەونەی نەئەخایاند، ڕەنگە هەر دروستیش نەبووایە!

من ماسكی خۆمم خۆشئەوێ و ئامادەم ڕۆژی دە دانە فریدەم و ببەستمەوە، بۆ ئەوەی دە جار لەگەڵ تۆدا خۆم بگونجێنم و ژیانێكی باش بەڕێبكەین.. خۆ ئەگەر ماسك نەبێ، بەدەموچاوی خۆمەوە، ڕەنگە هەر دووجار تاقەتی ئەوەم هەبێت. 

تۆش ئەو تاقەتەی لەگەڵ ماسكەكەما هەتە، هەرگیز لەگەڵ دەموچاوی خۆمدا ناتبێت، بۆیە قەدری ماسكەكەم بزانەو مەیخە.

پەیكار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی