کێ میراتەکەى داعش دەبات؟

25/03/2019

سەلام مارف


داعش پرۆسەیەکە یان ئاماژە و ناوە بۆ پرۆسەیەک، کە دەکرێت جارێک بەشێوەیەکى تۆخ و جارێکیش بەشێوەیەکى کاڵ دەربکەوێت، ئەو رەنگەى داعشى پێ پێوانە دەکرێت، رەنگە تێر و سۆڵتەکان نین، بەڵکو رەنگە ئاوێتەکانى رەش و سپین، رەنگى خۆڵەمێشى.

داعش لە فۆڕمە بەرجەستەکەیدا ئەوە بوو کە دیمان، چەندان ساڵ دەسەڵاتى بەسەر ناوچەگەلێکى سوریا و عێراقدا سەپاند، خۆى مومارەسەکرد، ئەوەى دەیویست بیڵێت بە کردار خستییە روو. ئەم فۆرمەى دەرکەوتنى داعش کۆتایى پێهات، بووە یەکێک لە یادەوەرییە تاڵ و ناخۆشەکانى ناوچەکە، ئەو وێرانەیەى داعش لە ئاستى ماددى و مەعنەویدا بەرهەمیهێنا، تا سەدان ساڵیش لە زەینى خەڵکانێکى زۆردا دەمێنێتەوە، لانیکەم نەوەى یەکەمى داعش هێشتا تازە لە سەرەتاکانى پێگرتندان، یان بڵێین بەشێک لەوانە، وەک لە وێنەکاندا دەردەکەون، تازە لەدایک دەبن.

قسەکردن لەسەر سەنگەرەکانى پێشەوەى داعش، ئەمڕۆش قسەگەلێکى باوە، هەمووان لەو بارەوە راو بۆچوون دەخەروو، رێک وەک هەر کایەیەکى ترى سیاسى، بووەتە بابەتى رۆژ. بەڵام کەمتر سەرنج دەخرێتە سەر سەنگەرەکانى پشتەوەى داعش، سەر ئەو مۆڵگانەى کە کەمتر بەرچاون، بەڵام هێزێکى سەرەکین بۆ برەودان بە سەنگەرەکانى یەکەم.

لە زانستى سەربازیدا، ئەو سوپایە بەهێزە کە لە پشت سەنگەرەکانى پێشەوە، لە پشت مەیدانەکانى نەبەرد و بە یەکدادانەکانیدا، هێزێکى گەورە و تۆکمەتر و بەهێزى هەبێت. سەنگەرى یەکەم، دەکرێت پێشڕەوى یان پاشڕەوى تیا بکرێت، ئەو قسەیە راستە کە دەوترا شەڕیش دەبێتن و راکردنیش دەبێتن، بەڵێ دەبێتن، بەڵام ئەم بوونە بۆ هێزگەلێک کە هەر تەنیا بونیادێکى سەربازى نییە و هاوکاتیش بونیادێکى عەقیدەتى و ئایدۆلۆژییە، هەروا بە ئاسانى تەواو نابێت.

پێگەى ئایدیۆلۆژى داعش، سوننەگەراییە. جیاوازى سوننەگرایى لەگەڵ کۆى عەقیدەى ئایینیی ئیسلامى لەوەدایە کە سوننەگەرا جۆرێک دروستکردنى ئەو هەستەیە کە بوونێک لە جۆرى سوننە هەیە و دەکەوێتە دەرەوەى بوونەکانى تر، مێژووەکەى جیا دەکرێتەوە، کەسایەتییەکەى جیا دەکرێتەوە، عەقیدە و موفرەداتە عەقیدەییەکەى جیا دەکرێتەوە، کەسانێکە ریزدەکرێن کە خیانەتیان لێکردووە و کەسانێکیش دەخرێنە روو کە دڵسۆزى و گیانبازن بۆى.
ئەگەر بمانەوێت ئەم سوننەگەراییە، لانیکەم لە پانتایییەکى بەرتەسکى نوخبەیدا شیبکەینەوە، ناچارین پەنا بەرینە بەر نموونە باوەکەى تیۆرییەکەى هۆبزباوم بۆ ناسیۆنالیزم.

لاى هۆبزباوم، ناسیۆنالیزم وەک بزاوتێک سەرەنجام نەتەوە دروست دەکات. ناسیۆنالیزم پارچەکانى مێژوو، خاکى هاوبەش، زمان، کەلتور و هەستى هاوبەش و چەند بەشێکى تر لە فۆڕمێکدا کۆ دەکاتەوە و سەرەنجام دەوڵەتى لێدروست دەکات. واتا نەتەوە سەرچاوەى دروستبوونى هەستى ناسیۆنالیستى نییە، بەڵکو مەسەلەکە بە پێچەوانەوەیە. ئەم نموونەیە هاوکاریمان دەکات لە ئاماژەدان بە مەسەلەى سوننەگرایى تێبگەین.

داعش نە دروستکەرى سوننەیە و نە دروستکەرى ئیسلامیشە، بە جۆرێکى تریش، داعش درێژکراوەى ئایینى ئیسلام، چ عەقیدەتى و چ مێژوویى نییە. با لێرەدا چەند رستەیەک بخەینە روو، تا خوێنەر وا تێنەگات کە هاوڕاى ئەو بەرگرییە شەرمنۆکانەین کە هەندێک لە ئیسلامییەکان و پیاوانى ئایینى وەک بەرگریییەک لە خۆیان دەیڵێن و بەم جۆرەش شەرمنۆکانە داعش دەکەنە دەرەوەى خۆیان.

ئیسلام ئایینە، ئەم ئایینەش لە پرۆسەیەکدا بووەتە ئایین، پوختە بووە و کەموکوڕییەکانى پڕ کراوەتەوە. کۆکردنەوەى قورئان و مەسەلەى کۆکردنەوەى وتەکانى پەیامبەرى ئایینەکە نموونەیەکى بەرجەستەن لە تەواوکردنى پرۆسەى ئایینیدا، سۆفیگەرى و دابەشبوونە مەزهەبییەکانیش بەشێکن لە گەشەى ناکۆکییەکانى ئەو ئایینە. بەڵام ئەوەى مێژووى ئیسلام دروست دەکات، درێژەکێشانى خودى ئایینەکە نییە، واتا بێمانترین قسە ئەوەیە کە کەسێک بێت راست و رەوان باسى مێژووى ئیسلامت بۆ بکات، بێ ئەوەى ئەو هەوراز و نشێویانە ببینێت کە لەژیانى ماددى دانیشتوانەکانى ئەو سەرزەمینە فراوانەى ئیسلامى تێدا گوزەراوە، لەبەرچاو بگیرێت. مێژووى ئیسلام، هیچ نییە جیا لە مێژووى گەلانى ئەم ناوچەیە، مێژووى گەشەکردن و ناکۆکییەکانیانە، مێژووى لێکدانەوە و شیکردنەوەى بەرژەوەندییەکانیانە، بەواتایەکى تر، ژیانى ماددى سەرەکییە دەبێت لەکاتى لێکدانەوەى مێژووى راستەقینە ئەم ژیانە مادییە بە سەرەکى وەربگرین و عەقیدە ئەگەر راستەوخۆ نواندنەوەیەکى ژیانى ئەوان نەبێت، ئەوا بێگومان لێکدانەوەى ئەوانە، دەکرێت ئەم لێکدانەوەیە بەرژەوەندى ستەمگەران بنوێنێت یان بەرژەوەندى ستەملێکراوان، کە دیارە ئەوەى یەکەمیان لەم مێژووەدا پشکى شێرى بەرکەوتووە و بووەتە یەکەمین لێکدانەوەى ئایینى و رەسمییەتى وەرگرتووە. هۆى ئەوەش کە ئێمە کاتێک سەروکارمان لەگەڵ لێکدانەوەى ئیسلامە، سەروکارمان لەگەڵ ئایدیاى ستەمگەریدا دەبێت...

بگەڕێینەوە سەر مەسەلەکەى خۆمان. ئایدیاى داعش.

ئایدیاى داعش لەسەر بنەماى خۆ بەقوربانیزانینى سوننە کار دەکات. لەم حاڵەتەدا، هەستى وەستانەوە بەرامبەر بەم قوربانییە دەبێتە جۆرێک لە خۆ-وشیارى سوننە. واتا تەنیا سەروکامان لەگەڵ ئایدیایەکى وشکى ئایینیدا نییە، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ پێکهاتێکى کۆمەڵایەتى_ئایینیدایە کە بەخۆیان دەڵێن سوننە و هاوکاتیش خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن و بە جۆرێکیش لە جۆرەکان لەم ستەمگەرییە بێزار دەبن و دژى دەوەستنەوە. داعش هیچ نییە بێجگە لە حاڵەتێکى لەم جۆرە.

دەبێت ئەوە روونتر بکەینەوە، کە داعش راستەوخۆ یەکسان نییە بە سوننە، سوننە سەدان فۆرمى هەیە و دەکرێت داعش یەکێک بێت لەو فۆرمانە. بەڵام فۆرمى داعش بەوە لە فۆرمەکانى تر جیا دەکرێتەوە، کە ئەمیان لەسەر بنەماى دروستکردنى سوننەیەکى پەڕگیرو جەنگجو کار دەکات، واتا وەک جۆرێک لە دروستکردنى ئەو وشیارییە ساختەیەى، کە ئەوان لەبەر ئەوەى سوننەن ستەمیان لێدەکرێت، هاوکاتیش لەبەر ئەوەى دەستبەردارى رابردووى ئایینى خۆیان بوون، ئەم ستەمگەریەیان بە باڵاى خۆیاندا بڕیوە، لەم لایەنەوە داعش هاوتاى نازیزمە. نازییەکان لەسەر ئەو بنەمایە کاریان دەکرد کە ئەڵمانییەکان بەهۆى شکستیان لە جەنگى جیهانى یەکەمدا کەوتوونەتە بەر ستەمگەرى و سوکایەتییەکى بەردەوامەوە، لێرەدا بۆ نازییەکان خاڵى سەرەکى دروستکردنى ئەو هەستى شەرمەزارییە، کە لاى هەر ئەڵمانییەک بەرامبەر خۆى دروست دەبێت، بەڵام مەسەلەکە لێرەدا ناوەستێتەوە و بابەتى بەدیل دێتە پێشەوە. بابەتى بەدیل لە نازیزمدا پاکبوونەوەى گەلى ئەڵمانە، یەکەم جار یەهودییەکان کرانە ئامانج و دواتریش مارکسیییەکان و پاشماوەکانى سۆسیال دیموکراتى. بۆ داعشیش مەسەلەکە رێک بەو جۆرەیە، یەکەم جار هەستى گوناحانەى ئاڵودەى سوکایەتی لەناو سوننە دروست دەکات و دواتریش گەڕانەوە بۆ عەقیدەیەکى ئایینى وەک رێگاچارە دەخاتە بەردەم شوێنکەوتوانى. لێرەوە هەموو شتێک پێناسەدەکرێتەوە، دۆست و دووژمنەکان دەستنیشان دەکرێن و ئەرکەکان ریزدەکرێنەوە..

هەروەک چۆن، لاى ناسیۆنالیزم، تەنیا ئەوانە بە تاکى سەر بە نەتەوە دادەنرێن، کە نەتەوەیبوونى خۆى سەلماندووە، واتا بە کردەوە و بە ئایدیا بوونەتە بەشێک لە پرۆژەکە، بەڵام ئەوانى تر و ئەوانەى نەتەوەیبوونى خۆیان پشتڕاستنەکردووەتەوە، دەکەونە دەرەوەى نەتەوە و سزایەکى تریان بۆ دیارى دەکرێت، کە تاکەکانى نەتەوە ناگرێتەوە. دەرکردنى هاوکارانى فەڕەنساییەکان لاى جەزایرییەکان و دەرکردن و خستنە ناو ئاوى هاوکارانى ئەمریکا لە ڤێتنام، تەنیا چەند نموونەیەکى سادەى جیاکردنەوەى تاکى نەتەوەییە لە تاکى نانەتەوەیى.

بۆ داعش، ئایین و ئیسلام مەسەلەیەکى سەرەکى نین. هەرچى هەڵگرى ئەم ئایینەیە بۆ ئەو دەبێتە کەرەستە نەک ئامانج. ئامانجى داعش دروستکردنى ئەو پێگە سوننەگەراییە بوو، کە هاوشێوەى نموونەى نەتەوە، ببوونە بەشێک لە پێکهاتەى ماددى و مەعنەوى بزاوتەکە، ئەمەش راستەوخۆ جیاوازە لەو پێکهاتە ئایینەى کە ئیسلام دروستى دەکات. مەسەلەى داعش کە توانى ببێتە ئیسفنجێکى گەورە بۆ کۆکردنەوەى ئەم ژمارە فراوانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم لایەنە.

ئەوەى پێیدەگەین، ئەوەیە، کە داعش وەک بزاوتێکى بەرجەستە، خاوەن هێزێکى رێکخراو کە سنوورێکى دیاریکراوى جوگرافى بەدەستەوە بوو، کۆتایهات. بەڵام ئەوەى دەکرێت وەک زەمینەى داعش بمێنێتەوە ئەو ئایدیۆلۆژیایە کە بەردەوام لە سەر تەوەرەکانى خۆ بە مەزڵومزان و هاندان بۆ رزگاربوون لەو مەزڵومییە کار دەکات، بەتایبەت کە بەدیلى دەرچوون لەم مەزڵومییە جۆرێک تەوزیفکردنى عەقیدەی ئیسلامییە لەناو ئایدیاى بزووتنەوەکەدا.
ئێستا کە داعش سنورێکى دیاریکراوى نییە، لەناوبردن و پەیپێبردنى قورستر دەبێت. دەکرێت ئەم فۆڕمە بە تەواوى بگۆڕێت، دەکرێت ناو و کەسایەتى و رەمز و تەنانەت زمانیشى بگۆڕێت، بەڵام دووبارەبوونەوەى شتێکە کە تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە.
ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەشێک لە باکورى ئەفریقا و چەند ناوچەیەکى ترى نیزک لەمانە، وەک بەشێک بە جیهانى ستەمگەرى، لە ئێستادا بەرچاوترین ستەمگەرى و کاولکاریان تێدا دەکرێت، ئەم دۆخە بەردەوام توڕەیى بەرهەمدەهێنێت، توڕەییەک کە هەم مێژووى هەیە و هەم بەرجەستەبوونیشى هەیە، داعش بە جۆرێکى تر لەسەر بونیادى رێکخستنى ئەم توڕەییە کارى کردووە. بۆیە سەرەنجام ئەتوانین لەوە تێبگەین، کە بۆ کۆتایهێنانى داعش چ لەم فۆرمەى کە هەیە و چ لەو فۆرمانەى کە دەکرێت دووبارە ببنەوە، دوو خاڵى سەرەکى لەبەرچاو بگرین:
یەکەم. ناوچەى سەرهەڵدانى داعش، ناوچەیەکى توڕە و پڕ ستەمە. وەستانەوە بەرامبەر ستەم گومانى ناوێت، بەڵکو نەوەستانەوە خۆى جێگاى گومانە.
دووەم. داعش بزووتنەوەیەکى عەقیدەتییە و هەڵگرى جۆرێک پەیامە.

لە کۆى هەردوو خاڵەکەى سەرەوە، سەرەنجام بەوە دەگەین کە کاتێک بووەتە بزاوتێکى گەورە کە ئەو دووانەى بە یەکەوە کۆکردەوە، هەم توڕەیى بەرامبەر ستەمگەرییەک کە هەیە و هەم لە قاڵبدانێکى ئایدیۆلۆژیانەى ئەو توڕەییەى بەهۆى ئەو ستەمەوە دروست بوو، لێرەدا ئایدیاى داعش، بۆ گەلێک کەس ئایدیایەکى رزگاریکەرە، وەک چۆن فاشیزم بۆ ئەڵمانییەکان و بۆ ئیتالییەکان وەک ئایدیایەکى رزگاریکەر خۆى دەخستە روو، داعشیش هەمان ئەرکى لە ئەستۆ گرتبوو. 
لە ئێستاشدا ماشێنى پڕوپاگەندەى پیاوانى ئایینى لەهەوڵى گەرمکردنى ئەم زەمینەى عەقیدەتیدان. کەسانى وەک سەید ئەحمەد و ریزێکى دوورودرێژى پیاوانى ئایینى سەر بە ناوەندە سیاسییەکانى تورکیا و قەتەر کە لەپاڵ شیوەن بۆ داعش، زەمینەى بەرهەمهێنانەوەى ئایدیایەکى شەعبەویی ئیسلامى خۆش دەکەن. لە ئێستادا هەزاران مینبەر وەک سەنگەرە نەبینراوەکانى ئەم جەنگە کار دەکەن و ئەم ژەهرە ئایدیۆلۆژییە دەڕژێندرێتە مشێکى خەڵکەوە. ئەمانە فەڕشى سورى عەقیدەیى رووداوەکانى داهاتوو رادەخەن.

بۆ ئەوەى داعش لە بنەڕەتەوە بنبڕ بکرێت، دەبێت هەردوو خاڵەکەى سەرەوە وەک بۆشاییەک ببینرێتەوە و پڕ بکرێنەوە. هەم ئەو توڕەییە دژەى ستەمگەرییەى هەیە رێکبخرێت و هەم عەقیدەیەکى بەرەنگار و ئازادیخوازانە فۆرمێک بەم توڕەییە ببەخشێت.

لە دنیاى راستەقینەدا، واتا لە پانتاییەکانى دروستبوونى رووداودا، شەپۆلى توڕەیى دێت و دەچێت، وەک ئاوى رژاوى سەدێکى تەقیو، ئەمە شتێکى بەڵگەنەویستە و پێویستى بە نموونە نییە، بەڵام ئەوەى دەکرێت سەرەنجى بخەینە سەر ئەو راڕەو و رێچکانەیە کە ئاوى توڕەییەکە بەشوێن خۆیدا پەلکێش دەکات. بزاوتى راستەقینەى رزگارى لێرەوە سەرهەڵدەدات و ئەمەش یەکەمین رێگرییە جدییەکانى بەردەم دووبارە نەبوونەوەى فۆرمەکانى داعشە.

سەلام مارف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی