ئەگەر بارزانی بییەوێت !

ئەگەر بارزانی بییەوێت !

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەد دەر سەد ئەوەیان بۆ یەکتر ڕوونکردۆتەوە کە بەبێ یەکتر ناتوانن حکومەت پێکبهێنن.
دوو ئیدارەیی کە یەکەمجار بە زیانی یەکێتی شکایەوە، ئێستا یەکێتی سوودێکی زۆری لێدەبینێت کاتێک وەک کارت بەکاری دێنێت لەدژی پارتی.
لەماوەی ڕابردوودا ئەوەمان دەخوێندەوە کە لەپێش هەر کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی، قسەو نوسینەکان بەو ئاراستەیەبوون یەکێتی و پارتی ڕێکدەکەون و "هەندێکجاریش دەیانوت ڕێککەوتوون و خۆڵ دەکەنە چاوی میللەت". بەڵام دوای هەر کۆبوونەوەیەکیش بەپێچەوانەوە دەگوترا نێوانیان ئاڵۆزەو ڕێکناکەون . ڕەنگە بۆ کۆبوونەوەی سبەینێیش هەمان شت ڕاست بێت، کاتێک ئێستا هەواڵی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی گەرمە، بەڵام ئەگەر سبەی ڕێکنەکەوتن ئەوا سبەینێ نوسینەکان پێچەوانە دەبنەوە.

کۆبوونەوەکان لێکدانەوەی ناوێت، هەموو شت ماوەتەسەر وەزارەتی (ناوخۆ) .. دوای دوانزدە کۆبوونەوەی نێوانیان و بەسیانزەهەمین کۆبوونەوە کە پێدەچێت سبەینێ شەممە ۳۰ ــ ۳ ــ ۲۰۱۹ ببەسترێت، یەکێتی و پارتی زیاتر لەیەک نزیکبوونەتەوە و لەئێستادا هەردوولا لەبەردەم دەرگاکەدان و ئەگەر هەیە سبەینێ دەرگای کابینەی نوێ بکرێتەوەو بخرێتەسەر سکەی خۆی. بەمەرجێک وەزارەتی ناوخۆ بدرێتە یەکێتی!
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (ئێمە) چەندە ئەم دوو لایەنە لەئێستادا کۆکن ئەوەندەیش ناکۆکن. چونکە بارزانی لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بۆ کۆسرەت ڕەسول بەڵێنی تەواوی نەداوەتە کۆسرەت ڕەسوڵ کە ئەو وەزارەتە بدرێتە یەکێتی تاکو ڕێکبکەون.
وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بچوکترین دەسڵاتیان نەبووە و نییە لەتەواوی ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ یەکێتی کردوویانە. واتە وەفدەکە ناتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ مەسعود بارزانی هیچ جێگۆڕکێیەک لە وەزارەت و بێنەوبەردەی وەزارەتەکان لەگەڵ یەکێتیدا بکەن لەپێناو ڕێککەوتن.
دوو تێلەفۆنی بارزانی بەقەدەر هەر دوانزدە کۆبوونەوەکە کاریگەری هەبووە. تێلەفۆنی یەکەمی بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ ڕێککەوتنێکی لێکەوتەوە کە پرسی کەرکوک و وەزارەتی دادی لەبەغداد یەکلاکردەوە! ، دانیشتنی داهاتوویش دیسان لەدوای تێلەفۆنێکی بارزانییەوەیە بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ.

کەواتە وەفدی دانوستانکاری پارتی هیچیان پێنییە لەبڕیارداندا کە چۆن بتوانن لەپێناو ڕێککەوتن لەدانیشتنەکاندا دەستکاری دابەشکاری پۆستەکان بکەن، بەڵکو هەموو شت لای مەسعود بارزانییە و ئەگەر بارزانی بییەوێت، بەبێ ئەوەی کۆبوونەوەی سیانزدەهەم ببەسترێت ، وەزارەتی (ناوخۆ) کە کێشەکە لەئێستا لەسەر ئەو وەزارەتەیە، دەیدات بەیەکێتی و هەموو کێشەکە کۆتایی دێت و فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدەدرێت.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved