چاومان لەباكوورە

چاومان لەباكوورە

لەتیف فاتیح فەرەج


298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەڵبژاردنی شارەوانیەكان ئەمڕۆ لە توركیا ، بۆ كوردانی باكوری كوردستان پرسی درێژە دانە بە كورد بوون و بە ئازادی زمانی كوردی و بە قوڵكردنەوەی دیموكراتی ، باكوری كوردستان لە بارو دۆخێكی جیاوازو تایبەتا دەچێتە ئەو پرۆسەیەوە ، جیاواز بەو مانایەی دەیان هەزار زیندانی كورد لە دۆخێكی زۆر ناخۆشدان ، ئاپۆ هێشتا لە زیندانی ئیمرالیە ، ئاكەپەو ئەردۆغان هێشتا بە چاوی دوژمنەوە سەیری ملیۆنان هاوڵاتی كوردی ئەو وڵاتە دەكەن ، تایبەت لەبەر ئەوەی شەڕوانان لە رۆژئاوا سەركەوتنی گەورەیان تۆمار كردووە ، كورد لە سەر ئاستی دنیا ژمارەیەكی دیارە ، گەرچی تا ئێستا لە دەرەوەی دیرۆكایە ، هەدەپە و هەموو لایەنە سیاسیەكانی باكوری كوردستان شەڕی ناتوندو تیژی گەورە لە پێناوی ناسنامەدا دەكەن .

لەو بارو دۆخەدا باكوری كوردستان دەچێتە شەڕێكی نوێوە ، ئەمە شەڕی ناتوند و تیژی و شەڕی پەرەپێدانی دیموكراسیە ، بۆیە بڕوام وایە لە هەموو بارێكدا خەڵكی باكوری كوردستان براوەن ، ئەوەشی كە دۆڕاوی ئەو شەڕە دەبێت ئاكەپەو ئەردۆغانن، لەبەر ئەوەی تەنانەت ئەگەر دەنگەكانی رابردووش بێننەوە ، هێشتا لەمپەرن لە بەردەم دیموكراسیدا ، هێشتا بڕوایان بە پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو یەكتر قەبوڵكردن نیە ، هەرچەند پێشبینیەكانیش باس لەوە دەكەن ، ئەگەری ئەوە هەیەئەكەپە چەند شارێكی گەورە لە دەست بدات بە تایبەت ئەستەنبوڵ ، بۆ كوردی باكور ئەوە گرنگ نیە ئەكەپە دەدۆڕێ‌ یان دەباتەوە ، ئەستەنبوڵ لە دەست دەدا یان ئەنكەرە ، بۆ كوردی باكور ئەوە گرنگە درێژە بە هەوڵەكانی بدات لە ڕێی " من هەم " ی باكورەوە ، تا ئەو شوێنەی پرۆسەی ئاشتی دەگەڕێتەوەو كەس لە سەر وتن بە كوردی و كورد بوون سزا نادرێت ، زیندانەكان لە ئازادیخوازان سیخناخ ناكرێن ، پرۆسەی هەڵبژاردن لە نێو ئەو بارو دۆخەداو لە نێو پیلانە مەترسیدارەكانی ئەردۆغاندا كە ئەگەری ئەوە هەیە یاری بە دەنگی ناو سندوقەكانیش بكات و سیناریۆی جیا جیا بۆ رفاندنی سندوق و تۆمەتدانە پاڵ خەڵكی تر دروست بكات بۆ كوردانی باكور ئالانكاریەكی گەورەیە .

چۆن لە شەڕی باغۆزدا چاومان لە كوردانی رۆژئاوا بوو ، ئاوا بۆ شەڕی دەنگدان و دیموكراسی چاومان لە باكورە ، لە نێو ئەو نائومێدیەی لە باشوری كوردستان هەیە ئومێد لە ئامەدو وان و باتمان و جزیرەو تەواوی شارو شارۆكەكانی كوردستانی باكورە ، لەوێ‌ چاومان لە بردنەوەی 100 شارەوانی گەورەو بچوكە بۆ ئەوەی بە توركیا بڵێین ئەو وڵاتە تەنیا هی تورك نیە ، جگە لە تورك هی خەڵكی تریشە .

لەتیف فاتیح فەرەج 



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved