کورد و هەدەپە: پاشەکشەیەک بەتامی سەرکەوتن

کورد و هەدەپە: پاشەکشەیەک بەتامی سەرکەوتن

ئارام رەفعەت


1228 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمجارەی تورکیا، کوردی باکور بە رابەرایەتی هەدەپە توانییان لەکۆی ٩٩ شارەوانی باکوری کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەدەستییان هێنابوون ٦٨ شارەوانی بەدەست بێننەوە.

ئەگەر ژمارەی شارەوانییەکان بکەینە پێوانە بۆ شکست و سەرکەوتنی کورد و هەدەپە، ئەوا دەکرێت بگووترێت کە لە باکور پاشەکشە کراوە. بەڵام ئەوە نیوەی چیرۆکەکەیە، ئەگەر نیوەی تری چیرۆکەکەش ببیستین ئەوا بەدڵنییاییەوە دەکرێت بگوترێت کە کورد و هەدەپە قایم لەسەر پێی خۆیان وەستاون و ئەگەر پاشەکشەیەکی سنورداریش هەبێت، پاشەکشەیەکە بە تامی سەرکەوتن.

بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە بۆچی دەرەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ کورد پاشەکشەیەکە بەتامی سەرکەوتن، پێویستە ئەم روداوانە بیر خۆمان بخەینەوە.

یەکەم: کودەتای دەوڵەتی تورک بەسەر شارەوانییەکانی باکوردا 

راستە کورد لە ٢٠١٤ سەرۆکایەتی ٩٩ شارەوانی بەدەست هێنابوو، بەڵام لەدوای "کودەتا گوماناوییەکەی تەمووزی ٢٠١٦" دەوڵەتی تورک بەزەبری هێز ئەو سەرۆک (هاوسەرۆک) شارەوانییانەی هەدەپەی لە سەر کار لادا و ژمارەیەکی زۆریشی زیندانی کردو تا ئێستا لە زیندان دان و لە جێگای هاوسەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە سەرۆک شارەوانی سەر بە ئاکەپە دامەزرێنران. ئەو رێکارە دژە دیموکراسییانەی دەوڵەتی تورک لەدژی هەدەپە هاوزەمان بوو لەگەڵ سەپاندنی حاڵەتی ئاوارتە، (لەراستیدا حوکمی عورفی) لە کوردستان و تا ئێستاش ئەو حوکمە بەردەوامە.

لادانی هاوسەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە و سەپاندنی حوکمی سەربازی لەباکور بەهەموو پێودانگێک دەچێتە خانەی کودەتا و دەکرێت بگوترێت کە لە باکور هەدەپە کودەتای بەسەردا کرا و ئەو کودەتایە تا ئێستاش بەردەوامە.

مێژووی کودەتاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان ئەوەمان پێ دەڵێت، کە لەهەر شوێنێک کودەتایەکی سەرکەوتوو بەسەر هێزێکدا کرابێت، مەگەر بە دژە کودەتا، ئەگینا ئەو هێزەی کە گورزی کودەتای بەرکەوتووە، نەیتوانییوە جارێکی تر بە هێزەوە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە. بەڵام پێچەوانەی رەوتی باوی مێژوو، دەرەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکورد پێمان دەڵێت کە تەڤگەری نەتەوەیی کورد لە باکور توانی لەسەر پێ بمێنێتەوە و نەکەوێت. هەر ئەم لەسەر پێ مانەوە و نەکەوتنە لەخۆیدا ئاماژە و ماکی سەرکەوتینی کوردە بەرابەرایەتی هەدەپە. 

دووەم: هەدەپە بزاڤی دروست کردنی رابەرە.

کودەتاکەی ٢٠١٦ی دەوڵەتی تورک لەدژی هەدەپە و کوردانی باکور بە لادان و زیندانی کردنی هاوسەرۆک شارەوانییەکان نەوەستا، بەڵکو کودەتایەک بوو کە گورزی لە هەموو جومگە و ئۆرگانەکانی هەدەپە وەشاند. دەوڵەتی تورک حیسانەی ئەمنی لە هەموو پەرلەمانتارانی هەدەپە سەندەوە و هەردوو هاوسەرۆک و ٨ پەرلەمانتاری ئەو حیزبەی زیندانی کرد. جگە لەوە، لە نێوان ٥ تا ١٠ هەزار لە چالاکترین ئەندامەکانی هەدەپەشی دەسبەسەر و زیندانی کراون. جگە لەو ژمارە زۆرەی کادیر و ‌چالاکوانە زیندانی و دەستبەسەراکراوانەی هەدەپە، لە جەنگی خەندەقەکانی باکور لە ٢٠١٥دا، زیاتر لە ٤٥٠٠ لە گەنجە هەرە چالاک و بەتواناکانی کورد لەسەر دەستی دەوڵەتی تورک قەتڵ عام کران. بەکوری بەهەموو پێودانگەکان دەبوایە هەدەپە و بزاڤی نەتەوەیی لە باکور لەماوەی ٤ ساڵی رابردوودا توشی ئەزمەی رابەرایەتی و ئەزمەی کادیری تەکنۆکرات و ئەزمەی کادیری مەیدانی بووبایەوە. هەر حیزبێکی ئەم دونییایە کە روبەرووی گورزێکی کوشندەی لەو جۆرە لەسەر دەستی دام و دەزگای داپڵۆسێنەری دەوڵەت بێتەوە، هەستانەوەی زۆر ئەستەمە ئەگەر مەحاڵ نەبێت. 

بەڵام هەدەپە زۆر بەباشی توانی ئەو بۆشاییە مەزنە پڕ بکاتەوە. چ حیزبێک دەتوانێت لەماوەی دوو هەڵبژاردندا جێگای رابەری کاریزمای وەک دەمیرتاش و یوکسەکداغ و هەشت رابەرەکەی دیکەی پڕ بکاتەوە هەدەپە نەبێت؟ کێ دەتوانێت لەنێوان دوو هەڵبژاردندا جێگای ٩٩ سەرۆک شارەوانی بەکەسانی تری تەکنۆکرات پڕبکاتەوە هەدەپە نەبێت؟ چ حیزبێک دەتوانێت لەماوەی دوو هەڵبژاردنا جێگای ٤،٥٠٠ کادیری هەرە چالاکی شەهیدی پڕ بکاتەوە هەدەپە نەبێت. ئەو توانا کەموێنەیەی هەدەپە لە ئیدارەدانی سامانی مرۆییەکەی و هێنانە مەیدانی رابەر و کادیری تازە لەماوەیەکی زۆر کورتدا، ئاماژە و ماکی لەسەر پێ مانەوەی بزاڤی نەتەوەیی کوردە لە باکور.

سێیەم: هەدەپە سفر و ئاک پارتیش ١٠٠

دەوڵەتی تورک خاوەنی یەکێک لە زەبەلاحترین ماسمیدیایە لە سەرئاستی جیهان. زۆربەی هەرە زۆری ئەو میدیایانە بەتەواوی خرابوونە خزمەتی حیزبەکەی ئەردۆغان، رۆژ بەرۆژ، شار بەشار و کەمپین بەکەمپین، وتار و چالاکی و کەمپینەکانی ئەردۆغانییان رووماڵ دەکرد و پەیام وراگەیاندن و وتارە دوورودرێژەکانی ئەردۆغانییان بڵاودەکردەوە. چاودێرە سیاسییەکانی جیهان دەڵێن، لەبەرامبەردا ماسمیدیای دەوڵەتی و نیمچە دەولەتی تورک بایکۆتی سەرجەم هەواڵ و چالاکییەکانی هەدەپەیان کردبوو. بەقەولی یەکێک لە رۆژنامەکان، ئەگەر یەکێک موتابەعەی میدیاکانی تورکیا بکات هەرگیز خەیاڵی بۆ ئەوە ناچێت کە حیزبێک هەیە بەناوی هەدەپە و دووەم گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا چالاکی هەیە و بەشدارە. ئەمەش زۆر بەسادەیی لەبەر ئەوەی میدیای تورکی بایکۆتی هەموو کار و چالاکییەکی هەدەپەیان کردبوو. نا عەدالەتییەکە هەر لێرەدا نەوەستاوە، بەڵکو لەوەشدا بوو کە لە زۆربەی ئەو کەمپینانەیدا ئەردۆغان شەڕی تایبەتی لەگەڵ هەدەپە و بزاڤی کوردیدا دەکرد و دەیان تۆمەتی وەک تیرۆریست، کرێگرتە، کافر، مولحید، ناموسوڵمان هتد دەخستە پاڵ هەدەپە و سەرکردەکانیەیوە.

هەدەپە نەبێت، چ هێزێک هەیە بتوانێت لە ژینگەیەکی ئاوا نابەرابەر و نادادپەروەردا بتوانێت پارێزگاری لە ٦٨ لە شاروانییەکانی بکات و بە زۆرینەی دەنگ ئەو شارەوانییانە بباتەوە؟ ئەو توانا کەموێنەیەی هەدەپە لە پاراستنی دوو لەسەر سێی شارەوانییەکانی سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی لە روماڵی ماسمیدیای تورکیدا غائیب بوو ئاماژە و ماکی لەسەر پێ مانەوەی هەدەپە و بزاڤی نەتەوەیی کوردە لە باکور.

چوارەم: دەنگی پۆستاڵ

پۆستاڵی ژاندرمە و پۆلیس و میتی تورکی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانییان لە باکور گۆڕیوە. راگەیاندنی باری ئاوارتە لە تورکیا و باکور سیمایەکی عەسکەرتاری سامناکی بە شار و شارۆچکەکانی باکور داوە. باری ئەوارتە هەلی ئەوەی بۆ ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک رەخساند کە دەیان هەزار پۆلیس و ژاندرمە بنێرێتە پاڵ ئەو دەیان هەزار ژاندرمە و سەربازەی کە پێشتر لە باکور مۆڵ درابوون. یاساکانی هەڵبژاردنی دەوڵەتی تورک رێگە بەو پۆلیس و ژاندرمانە دەدات کە دەنگ لەو شوێنە و بۆ کاندیدی ئەو شوێنە بدەن کە ئەرکی سەربازی و پۆلیسی تێدا ئەنجام دەدەن. ئەمەش وایکردووە کە ژمارەیەکی بەرچاوی ژاندرمە و پۆلیس دەنگ بۆ حیزبەکەی ئەردۆغان و گورگە بۆرەکان بدەن. بۆ نموونە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە تەنها لە شیرناخ، کە تێیدا حیزبەکەی ئەردۆغان براوە بووە، زیاتر لە ١١ هەزار سەرباز و پۆلیس جێگیر کراون. بەلەبەرچاوگرتنی ژمارەی کەمی دەنگدەر لە شیرناخ، کە یەکێکە لە پارێزگا هەرە بچوکەکانی باکور و تورکیا و هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ٢٠١٥ دا زۆربەی پارێگاکە وێرانکرا و خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر کرا، دەنگی ئەو ١١ هەزار سەرباز و پۆلیسە سەرکەوتنی حیزبەکەی ئەردۆغان مسۆگەر دەکات. هەر ئەوەش روویدا. حیزبەکەی ئەردۆغان لە شیرناخ ١٩،٧٠٥ دەنگ بووە و دەنگی هەدەپەش ١١،١٥٧ دەنگ بووە. ئگەر ١١ هەزار دەنگەکەی سەرباز و پۆلیسی تورک دەربکەین، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رێک پێچەوانە دەبێتەوە. ئەم حاڵەتە بۆ زۆربەی شارەکانی تری باکور راستە و زۆربەی شارەکانی وەک موش و . سەرەرای هەموو ئەو نادادپەروەرییەش، هەدەپە دەنگی زۆرینەی هەشت پارێزگا و ٥٩ قەزا و ناحییەی بەدەست هێناوە و هەر ئەوەشە ئاماژە و ماکی سەرکەوتن و لەسەر پێ مانەوەی هەدەپە و بزاڤی باکور.

پێنجەم: گەلەکۆمەکێی فاشیزم لە باکور

لە زۆربەی شارەکانی باکوردا، هەر سێ حیزبە فاشیستەکەی تورک ئاکپارتی و مەهەپە و ئیی پارتی بەیەک لیست دابەزین. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئی پارتی لە تەواوی تورکیا لەگەڵ جەهەپە لەدژی ئاکەپە و مەهەپە لە هاوپەیمانیدا بوو. ئەو دژایەتییە لە تورکییا و هاوپەیمانێتیە لەکوردستان تەنها یەک مانای هەیە ئەویش گەلەکۆمەکێی فاشیستەکانە لەدژی هەدەپە و بزاڤی نەتەوەیی باکور. ئەو هاوپەیمانێتی و گەلەکۆمەکێیە لەچەند پارێگایەکی باکوردا، لەوانەش ئاگری کاریگەری بەچاوی هەبوو و پارسەنگی هێزی لەدژی کاندیدی هەدەپە گۆڕی. جگە لەوە، کەمی ژمارەی کاندید و دەنگەکانی جەهەپە لە باکور ئاماژەی ئەوە دەدەن کە هەوادارنی جەهەپەش بەشێک بووبن لە هاوپەیمانی فاشیزم لە باکور. بەهەمان پێودانگ، حیزبوڵلای تورکی، یان هودا پارتی کە پێگە و بنکەکانی لە شارەکانی باکوردایە چونەتە پاڵ هاوپەیمانییەتییەکەی فاشیزمی تورکی. بەڵام سەرەرای ئەو گەلەکۆمەکێیەی فاشیزمی تورکی هەدەپە دێ بەدێ، گەرەک بەگەرەک و شار بەشار دیفاعی لە دەنگەکانی خۆی کرد و توانی لە ٦٨ شارەوانی بەر بە هاتنە سەرکاری هاوپەیمانی فاشیزمی تورکی بگرێت.

بەلەبەرچاو گرتنی ئەم هاوکێشە ناهاوسەنگانە و ئەو ناهەقی و نا دادپەروەرییانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێ دەکرێت بڵێین، راستە دەوڵەتی تورک توانی گورزێک لە بزاڤی نەتەوەیی باکور بوەشێنێت، بەڵام نەیتوانی بیخات و شکستی پێبێنێت. بۆیە ئەگەر پاشەکشەیەکی سنورداریش هەبێت ئەوا پاشەکشەیەکە بەتامی سەرکەوتن.


ئارام رەفعەت



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved