لەپشت شکستەکەی ئەردۆغان و ئاکپارتییەوە

لەپشت شکستەکەی ئەردۆغان و ئاکپارتییەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


1032 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەدەرەوە و لەدوورەوە تێڕوانین لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ۳۱ی مارسی تورکیا و بینینی دەرئەنجامێکی سەرسوڕهێنەری وەک داکشانی دەنگەکانی ئاکپارتی، پێماندەڵێت وردەوردە خەونی بەڕۆحیبوون و پیرۆزبوونی ئەردۆغان لەتورکیای نوێدا دەبێتە مێژوو و نابێتە ڕاستی و زەحمەتە ئەم دەسەڵاتە تاکو 2030 بڕوات !

لەڕاستیدا داکشانی دەنگەکانی ئاکپارتی ئەردۆغان ، هەمووی پەیوەندی بە دۆخی ئابووری ناوخۆوە نییە بەو ڕادەیەی ئێستا لەناوەوە و دەرەوەی تورکیادا باس دەکرێت، گریمان (ئەنقەرە ــ پایتەختی سیاسی) تورکیا پەیوەندی بە سیاسەتە سەقەت و ملهوڕیەکانی ئەردۆغان و پارتەکەیەوە هەبوو، ئەی ئایا لەدەستدانی (ئەستەنبوڵ ــ پایتەختی دیموکراسی)، (ئەنتاڵیا ــ پایتەختی گەشتیاری)و (ئەدەنە ــ پایتەختی پیشەسازی)ی تورکیا چۆن لەپڕ سزای ئەردۆغان و ئاکپارتیانداو دەنگیان پێنەدان ؟

لەڕاستیدا، دۆخی ناوخۆی تورکیا و دەستتێوەردانەکانی ئەردۆغان لەسوریا بەشێکە لەداتەپین و داکشانی دەنگەکانی ئاکپارتی، بەشێکی تەواوی ئەم شکستەی پاکپارتی پەیوەستە بە تێکچوونی پەیوەندی تورکیاوە لەگەڵ ئەمریکا. واتە ئەمریکا لەپشت شکستی ئەردۆغان و پارتەکەوەیە.

ئێستا تورکیا بەجۆرێک لەجۆرەکان توشی چونەوەخۆ بووە، وەک جاران هێزێکی گەورەی وەک ئەمریکا نازی ناکێشێت و پشتیوانی ئەردۆغان ناکات بۆ کرانەوەی تورکیا بەڕووی جیهاندا. بەپێچەوانەوە ئێستا ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت سزای ئەردۆغان بدات لەبەرامبەر پێداگری ئەردۆغان بۆ کڕینی چەک لە ڕوسیا.

ئەردۆغان لەماوەی ڕابردوودا، دژی دوو بابەتی هەستیار بوو کە ئەمریکا و بەتایبەتتر (ترامپ) ڕاستەوخۆ لەپشت ئەو بابەتانەوە بوو. ئەویش پرسی تیرۆری (جەمال خاشقچی)بوو کە ترامپ لەڕێککەوتنی ڕیاض دا لەگەڵ (محەمەد شا سەلمان) ڕێککەوتنی نوێیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی سعودیە هاوکاری ئیسرائیل بکات بۆ کرانەوە لەناوچەکەدا، پاشان ئەمریکایش بەردەوام بێت لە بەگەورە هێشتنەوەی سعودیە. تورکیا ئەمەی نەویست، بۆیە لەپرسی دووەمدا کە پرسی  ناساندنی خاکی جۆلانە وەک بەشێک لەدەوڵەتی ئیسرائیل، ئەوا تورکیاو ئەردۆغان دژی بڕیارەکەی ترامپ وەستانەوە و بەمەترسی ناویانبرد.

هەموو ئەو بابەتانەی لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا هەبوون و ناکۆکی خستەنێوانیان، هەر لەپرسی ئەنچەرلیکەوە بۆ پرسی قەتەر کە ئەردۆغان لەدژی ئەمریکا یەکەی سەربازی بۆ نارد؛ تاکو دەگاتە پرسی سوریا کە تورکیا چووە بەرەی ڕوسیا و لە (ئەستانە)دا ڕازیبوو بەمانەوەی (بەشار ئەسەد) و پاشان پرسی کورد لەسوریا و تێوەگلانی ئەردۆغان لەهاوکاری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ، هەموو ئەمانە بوونە هێزێکی پەنگخواردووی گەورەو بەڕووی ئەردۆغاندا تەقییەوە، ئەگەرچی ڕەنگە غروری ئەردۆغان بێئاگای کردبێت لە پیلان و ویستی دژایەتی ئەمریکا بۆ ئەردۆغان.

لەبیریشمان نەچێت. دەمێکە و لەگەڵ سەردانەکەیدا بۆ سعودیە و ئیسرائیل (دۆناڵد ترامپ) دەڵێت "هەموو ئەو کەس و لایەن و دەوڵەتانەی هاوکاری داعشیان کردووە سزایان دەدەین و لەناویان دەبەن". ئەم شکستەی ئەردۆغان و پارتەکەیشی بەشێکە لەو پیلان و سیناریۆیەی ئەمریکا و ترامپ کە پێیانوایە ئیدی ئەردۆغان بەشێکە لەتیرۆری داعش و دژی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانێتی لەسوریادا.
کە ئەمریکا و خودی (گارید کۆشنەر)ی زاوای (دۆناڵد ترامپ) باس لەڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بۆ ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی دەکات، باسی ئەوەش دەکات کە پێویستە ئەمریکا هەموو نەیارەکانی بچوک بکاتەوە تاکو سەرزەمینێکی نوێ بۆ خۆی دروست بکات.
شکستی ئەردۆغان و ئاکپارتی و بچوککردنەوەیان بەشێکە لەو ڕۆژهەڵاتە نوێیەی کۆشنەر باسی دەکات و ئەمریکایش ئیشی بۆ دەکات.
ئەم شکستەی ئەردۆغان و پارتەکەی، سەرەتایەکی نوێیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوخۆیی تورکیا. لەنێوان هەڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەردۆغان و ویستی ئەمریکا بۆ دەستکاریکردن و بچوککردنەوەی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتەکەی، گوژمە و بڕی هێزی ئەمریکا زیاترەو پێدەچێت لەئایندەیشدا گڵۆڵەی بەختی ئاکپارتی و ئەردۆغان بەرەو خەرەندێکی قوڵ شۆڕبێتەوەو ونببێت و بچێتە مێژووەوە، ئەگەر ئەردۆغان بەهەمان بڕی جاران لە دژی ئەمریکا بجوڵێتەوە.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved