مەبەست و گۆتنەکەی ئەوەبوو؟

مەبەست و گۆتنەکەی ئەوەبوو؟

ئیبراهیم محمد


864 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ساڵی ۲۰۰٥ دوای هەڵبژاردن و یەکگرتنەوەی ئیدارەی سلێمانی و هەولێر،یەکێک لەکێشەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەت،لەو کاتەدا،ناکۆکی و لێکجیاوازی یەکیەتی و پارتی بوو،لەتێڕوانیین بۆ سیستەمی حوکمڕانی و شێوەی بەرێوەبردنی هەرێم،ئەمەش وایکرد پێکهێنانی حکومەت بۆ ماوەی حەوت مانگ دوا بکەوێت،یەکێک لە ناکۆکیە قورسەکانیش. دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و دەستەڵاتەکانی سەرۆکەکەی بوو!
لەساتی دانوستانی یەکگرتنەوەی کابینەی حکومەت لەنێوان پارتی و یەکیەتی،یەکیەتی خاوەنی سەرکردایەتییەکی بەهێز و خاوەن بڕیاربوو،بەڵام دوای مقۆمقۆی زۆر و بینەوبەردەی زۆر حکومەت یەکیگرتەوە و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دامەزرا،بەڵام ئەم هەنگاوە و ئەم ڕێککەوتنە ناکۆکی و پەرتەوازەیی لەناو سەرکردایەتی یەکیەتی هێنایە کایەوە،بەتایبەت لەنێوان ڕەوان شادان (مام جلال و نەوشیروان مستەفا).
ئەو کات ناکۆکی نێوان ئەم دوو سەرکردەیە،بەشێکی لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و شێوەی داڕشتنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بوو،بەڵگەش بۆ ئەمە هەر دوای ڕێککەوتنەکە،ناکۆکی و خوێندنەوە و بۆچوونی ڕەخنەیی لەناو یەکیەتی سەریهەڵدا،تا کار بەوە گەیشت،داوای وازهێنان لە مام جلال کرا،کە واز لەسکرتێری یەکیەتی بهێنێت،بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکیەش هەڵبژاردنی ناوەخۆیی لەناو یەکیەتی ئەنجامدرا و دواجار نەوشیروان مستەفا و بەشێک لەتێکۆشەرەکانی تر وازیان لەیەکیەتی و کاری سیاسیەت هێنا لەناو ئەو حیزبەدا!

یەکیەتی و پارتی ڕێککەوتن ،سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژاردنی بۆ بکرێت ،بۆ دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمیش یاسایەک هێنرایە کایەوە،کە دەستەڵاتەکانی سەرۆک،بەپێچەوانەی ئەو سیستەمە سیاسیە بوو،کە یەکیەتی و پارتی داوایان دەکرد لەقسەکردن و بەیننامەکانییان،کەئەویش سیستەمی پەرلەمانی بوو!

دوای ڕەخنەی زۆر لەلایەن کەسایەتیە سیاسیەکان و ڕۆشنبیران،بەتایبەت لەناوچەی سلێمانی،لەئیدارەدانی هەرێم و دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم،بیر لەدامەزراندنی هێزێکی سیاسی کرایەوە،بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشانە،ئاکامەکەش لەدایکبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و بەشداریکردنی بوو، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ،لەساڵی .۲۰۰۹!

یەکێک لەئامانجە بنەڕەتیەکانی گۆڕان و بەرزکردنەوەی وەک شیعارێک،هێنانەکایەی سیستەمی پەرلەمانی تەواوبوو،ئەمەش وایکرد خەڵکێکی زۆر کۆببێتەوە لەدەوری بەرنامەکەی،وە لەساڵی ۲۰۱۳ ڕێبەرایەتییەکی کاریگەر و زبری کرد لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم،بەتایبەت هێرشەکانی بۆسەر یەکیەتی چڕکردنەوە،بۆیە سەیرە ئەمرۆ گۆڕان هاتووە،هەمان هەڵەکانی یەکیەتی لەساڵی ۲۰۰٥ دوبارە دەکاتەوە و بەشێوەیەک قسە دەکات،کە یەکمجارە سەرۆک لەپەرلەمانەوە هەڵبژاردنی بۆ بکرێت!

گۆڕان دەڵێ ئێمە سەرۆکمان هێنا پەرلەمان،با ئەوانەی رەخنەمان لێ دەگرن،کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم،ئێ قسەکە ئەوەیە،یەکیەتی لە۲۰۰٥ سەرۆکی هێنایە پەرلەمان ،ئەرکی ئێوەبوو،ئەمرۆ دەستەڵاتەکانی کەم بکەنەوە،نەک لەپێناو هەندێ پۆست و ئیمتیازات ،بەیاسایەک ڕازیببن ،کە دەستەڵاتەکانی زیادنەکرابن،کەم نەکراونەتەوە!

بەڵێ سزادران،بەڵێ تاقانەکران،هەموو ئەو قسانە ڕاستن،بەڵام ناکرێت ناکۆک بیت ،لەگەڵ هەموو ئەو قسە و بەرنامانەی کە خەڵکت پێ جۆشدەدا و وەک شیعاری ئەساسی لەهەڵبژاردنەکان ریکلامت بۆ دەکرد،ئەمڕۆ هیچت لە مەوزع نەگۆڕی بێت و هەمان ئەو هەڵانە دووبارە بکەیتەوە،کە پێشتر گەشەکردن و دروستبوونت لەسەر ئەو ڕەخنانە بووبێت!

ئێستا گۆڕان خەریکی پاساو هێنانەوە و پینەکردنی هەنگاوەکانیەتی،لە ڕێککەوتن و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و یاسا کۆنەکەی ئەو دامەزراوەیە،بەبێ کەمکردنەوەی دەستەڵاتەکانی،وەک دەڵێن عوزر لەقەباحەت خراپترە،یا دەڵێن پاساو هێنانەوە  بۆ کردار و هەنگاوەکان ،نیشانەی  ئەوەیە،کارێکی خراپ کراوە،سەرەڕای ئەوەی ئەم هێزە ،پێچەوانەی تێڕوانیین و تێزەکانی ڕەوان شاد نەوشیروان مستەفا هەنگاویان نا، لە قسە و وتار و چاوپێکەوتنەکان ،بەئاشکرا دەڵێن هەڵەمان کردووە،بەڵام هەست پێ ناکەن،بەنمونە دەڵێن بۆ یەکیەتی وای کرد؟ بۆ یەکگرتوو وای کرد؟ لێرەشدا پرسیارێک دروست دەبێت، ئایا کە یەکیەتی و یەکگرتوو هەڵەیان کردووە،ئێوە بۆ ئەو هەڵەیە دەکەن!؟؟



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved