ئازادی / ئازادبیری

ئازادی / ئازادبیری

نەوزاد مەرگەیی


584 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ن. نەوزاد مەرگەیی

A liberal is a man who will give away everything he doesn't own .    
Frank Dane
وشەکە بە ئینگلیزی Liberal 
ھاومانای چەمکی لیبێرتەی (liberte) فەڕەنسییە و سەرچاوە لاتینیەکەی (libertas) یە.
ئازادی چیە؟ ئازادی بریتییە لە نەبوونی ترس لە دەبڕینی هزر و بیروڕاکانت لەناو جڤاکدا. 
ئازادی بەڕەڵڵایی و بەزاندنی سنوورەکان نیە، ئازادی دەربڕینی هزر و ئەندێشەیە بۆ چاکسازی و بەرژەوەندی جڤاک. ئازادی سنووری هەیە. ئازادی مۆدێل و شمەک و کەرەسەی مادی نیە.
کەواتە ئازادی بریتییە لە دەربڕین یان داواکردنی ویستێک یان سەربەخۆیی لە کردنی شتێک یان داواکردنی شتێک دوور لەبەد ڕەوشتی و پێشێلکردنی ڕێسا ڕەوشتیەکان. ئازادی لە هۆشی مرۆڤەوە دەردەچێ و پراکتیزە دەبێ، نەک لە هەست و سۆز و هەوەسی مرۆڤ. ئازادی لەلای کانت بریتییە لە سەربەخۆیی پەیووەست بە هەرشتێ جگە لە یاسا و ڕێساکانی ڕەوشت، لەم پێوەدانگەیشەوە ئاماژە بە دوو جۆر لە ئازادی دەکات :
یەکەم: ئازادی تاکەكەس یاخود کەسێتی (Personal): ئەم جۆره ئازادیە بریتییە لە ئازادی گۆتن و وەسفکردن لە بیر و بۆچوونەکانی تاکە کەس و ئازادی بۆ داواکردنی ماف و شوێنی ژیانکردن و نیشتەجێبوون.
دووەم: ئازادی گشتی(General) یاخود كۆمەڵایەتی(Social): ئەم جۆرە ئازادیە بریتیە لە دەرکەوتن یاخود دەربڕینی گشتی ھەموو چین و توێژەکان، یاخود دەرکەوتەی ژیاری كۆمەڵایەتی کە ئازادی،ئابووری، سیاسی و فەرھەنگی و ئایینی و دەروونی نیشتمانی و ......هتد دەگرێتەخۆ.
مرۆڤ بە ئازادی چاوی بە دنیا هەڵدێنێ، کەواتە دەتوانین بڵێین ئازادی پانتاییەکە لە سروشتی مرۆڤ و بوونی مرۆڤدا کە ڕەنگدانەوەی ئەو بوونە سروشتییەی پێوەدیارە، هەڵبەت ئیرادە ئەو بوونە وەدیاردەخات و لەسەر شانۆی مرۆڤ بووندا خۆی نمایش دەکات. هەڵبەت جۆری فیداکاری و لێبووردەیی و زیتەڵەکانی مۆڤ نمونەن بۆ ئەمە، لەتەک ئەوەشدا بەختەوەری و ئاکار و گوفتار و هزری مرۆڤ لە ئازادیەوە دەردەچن، بۆ ڕەوشت بەرزی و پێشخستنی جڤاکیش ئەمە ڕاستە.
ئازادی پێویستیەکی گرنگی پێشخستنی جڤاکە و گۆڕینی هۆشی مرۆڤە لە ناتەواویەوە بۆ تەواوی. مانادارکردنی ژیانە. بەرخودان و ئامانج و هزرینی دروست، لەتەک ئەوەشدا تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە ئازادی‌ لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازە هەتا لە جڤاکێک و لە سەردەمێکەوە بۆ جڤاک و سەردەمێکی تر جیاوازە، هەرکاتێکیش مرۆڤ دەرکی ئازادی کرد و ئازادی دەستگیربوو ، ئەوکات تێدەگات کە بوونی ژیان بەبێ ئازادی ئەستەمە، بۆئەمەش دەبێتە مرۆڤێکی یاخی و بەرخودان دەکات لەپێناویدا، هەڵبەت ئەمەش بەبێ بوونی ئیرادە و دەرچوون لە دۆخی ملکەچی ئاواناکرێ.
مرۆڤ بە گەیشتن بە ئازادی‌ و دادپەروەری‌ گەرەکە تێکۆشین بکات، چونکە مرۆڤ لە تاریکیەوە بەرەو ڕۆژی ڕوون پەلکێش دەکات، مرۆڤ وەک چۆن پێویستی بە نان و ئاوە، ئاوهایش پێویستی بە بوونی ئازادی هەیە تاوەکو ژیانی شەرەفمەندانە بکات. 
لەتەک زیادبوونی بیری ئازاد و بیری مرۆڤگەرایی، بیری ستەمکاری و دژە ئازادی سەرهەڵدەدات، لەم پێوەدانگەیشەوە گەر مرۆڤ بەرخودانی بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە و جیهانێکی ئازاد و مۆدێرنە نەبوو، ئەوا ستەمکاری و ئاسۆی تاریکی بەسەریدا زاڵ دەبێ و ژیانی ڕاستەقینە و ڕەسەنایەتی لێ زەوت دەکرێ. ستەمکاری ناتوانێ بەرامبەر بە هێزی ئازادی و بەرخودانی ئازادی بووەستێ، هەڵبەت کاتێ بەرخودان لەئارادا بوو. هەر لەگەڵ زاڵبوونی بیری ئازاد، ژیان و بیری تازەش لەدایک دەبن، بەمەش ژیان بەرەو جوانتر و جوانترین پەلکێش دەکرێ.
ئازادی پیاهەڵدان نیە. ئازادی بەپیرۆزکردنی مرۆڤێک و چەندان مرۆڤ نیە. ئازادی وەدەستهێنانی بڕوانامە و داگیرکردنی شوێنی بەرز نیە. ئازادی بەڕەڵڵایی و گەیشتن بە قۆناغی ڕوتکردنەوە نیە. ئازادی سەربەخۆبوونە لەبڕیاردان لەناو چێوەی ڕەوشتدا کە سنوری خۆی هەیە. ئازادی ڕەتکردنەوەی بیری چەوت و پێشنیاری نەگونجاوی بەرامبەرە، هەڵبەت هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە باشتر و باشترین، ئازادی گەیشتنە بە سەربەخۆیی لە بەڕێوەبردن و چۆنیەتی ژیانکردنێکی شەرەفمەندانە. ئازدی بەرخودانە لەپێناو شتێک کە پێویستە و لە تۆ یان هەمووان زەوتکراوە.
ئازادی بڕیاردانی مرۆڤە بەشێوەی سەربەخۆبوون و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ژیانکردنە لەلایەن خود. کەواتە ئازادی لە ئەقڵی مرۆڤ خۆیەوە دەردەچێ و هەست و سۆز نیە کە مرۆڤ تێیدا چێژی جەستەیی تێدا وەربگرێ. گەرەکە تاکی مرۆڤ ئازادی وەک زەروورەتێک بۆ پێشخستنی ژیان و چۆنیەتی پراکتیزەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنان چاولێبکات نەک وەکو پێداویستیەکی جنسی و سەربەخۆبوون لە وەرگرتنی چێژ. جنس و چێژەکانی جەستە ستەمکاری زاڵ دەکەن بەسەر ئازادی مرۆڤ و دەوروبەردا. ئازادی دەستگیرکردنەوەی ڕەسەنایەتی و ڕاستینەی مرۆڤە وەک خودی خۆی، نەک وەک ئەوەی کە پێویستە ئاوابێ.




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved