هەندێ ڕاستیی مێژوویی و جوگرافی

هەندێ ڕاستیی مێژوویی و جوگرافی

جەبار قادر


1126 جار خوێندراوه‌ته‌وه


تا ساڵی ١٩٢٣ نە وڵاتێک، نە شارێک، نە ئاواییەک، نە دەوڵەتێک لە سەر نەخشەی جیهان و ڕۆژهەڵات هەبوو بە ناوی تورکیا، بەڵکو ئەم جوگرافیایە بەشێک بوو لە دەوڵەتی عەلییەی عوسمانی. تا ساڵی ١٩٢١یش وڵاتێک یا دەوڵەتێک بە ناوی عێراق نەبوو، کاتێ باسی عێراقیش دەکرا، مەبەست لە بەسرەوە بەرەو ژوور تا سامەڕاو تکریت و هیت بوو، کە هەردوو ویلایەتی بەسرە و بەغدا دەیانگرتنە خۆ و ئەمانیش بەشێک بوون لە دەوڵەتی عوسمانی. تا ساڵی ١٩٢٥یش وڵاتێک بە ناوی سوریا نەبوو، بەڵکو باس لە ویلایەتەکانی حەڵەب و شام و زوور...هتد دەکران، کە ئەوانیش هەر بەشێک بوون لە هەمان دەوڵەتی عوسمانی . ئەمە لە کاتێکدا تا ئەو ساڵانە وڵاتێک هەبوو لە سەر نەخشەی عوسمانی و جیهان بە ناوی کوردستان، کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیەوە کرابە سێ بەشەوە. تورکیا ناوی "بەشەکەی" خۆی ناوە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە لە ڕاستیدا ئەناتۆلیایە "واتا ڕۆژهەڵات" نەک ئەنادۆڵو. ئەناتۆلیاش بە پێی هەموو سەرچاوە جوگرافی و مێژووییەکان تەنها ڕۆژئاوای ئاسیای بچووکی دەگرتەوە نەک کوردستان و ئەرمینیا و لازستان. عێراقیش بۆ دەمێکی درێژ ناوی "بەشەکەی" خۆی نابوو باکوری عێراق"شمال العراق"، زۆر جار حەبیبێکیشی پێوە دەکرد. سوریا هەر بە پێویستی نەزانی ئەو ناوانەشی لێ بنێ، بەڵکو بە یەکجاری سڕییەوە و هەبوونی بەشێک لە کوردستان و کوردی لە نێو سنوورەکانی خۆیدا ڕەت کردەوە. باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکەم، چونکە ئەو هەر لە ژێر دەستی ئێران بوو و بەشێک نەبوو لە کوردستانی عوسمانی. 
ئێستا کە ئەم ڕاستییە مێژووییانە وەک زانیاری ئاسایی وەبیر دەهێنیتەوە و باسی مافی ڕەوای گەلی کوردستان دەکەیت بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی، کەسانی نغرۆ لە نەخوێنەریدا و هەرزەکاری سیاسی وات لێ پەیدا دەبن، کە گوایە لەو سەری مۆدێڕنیزم ووا قیعییەتەوە دێنەوە و دەزانن چۆن سیاسەت بکەن، دەتکەن بە هەواداری کوردایەتی دواکەوتوو و ڕیفراندومچی و...هتد. دە وەرە ئەم کەرە لەم قوڕە دەرکە!




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved