دواجار عەلمانییەت سەردەكەوێت

دواجار عەلمانییەت سەردەكەوێت

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا


438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

تۆ دەتوانیت بچیت بۆ مزگەوت و نەچیت بۆ فێستیڤاڵی لەم جۆرە، واتە ڕەنگەكان، مافی ئەوەت هەیە سەرپۆش بپۆشیت و خۆت تێكەڵی رەنگەكان نەكەیت. یان ئاساییە كچەكەت، هاوسەرەكەت، خوشكەكەت وەك ئەوانە نەبن. بەڵام مافی ئەوەت نییە خەڵك بە بێڕەوشت ناوببەیت.

ئێمە لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین، پێت خۆش بێت یان ناخۆش، سەرەڕای تەوژمی ئایینی و دروستكردنی لێشاوی مزگەوت و هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆ ئایینییەكان، بەڵام بەرەو كرانەوەیەكی لەسەرخۆ دەچین، لەبری ئەوەی وڵاتەكەمان ببێت بە ئیسلامی، لە نموونەی ئێران و سعوودییە، دەبێت بە وڵاتێكی سێكۆلار، ئەوە بۆچوون و فۆكەسی منە، بەوپەڕی جورئەتیشەوە دەڵێم كوردستان لە ئایندەدا باوەش بە عەلمانییەتدا دەكات، وەك نووسەرێكی سێكۆلاریش بەوپەڕی جورئەتەوە دەڵێم كوردستان ئەگەر بیەوێت پێشبكەوێت، دەبێ سێكۆلاریزم قبووڵ بكات و ئایین لە دەوڵەت جیا بكاتەوە، بەڵام ترسی من ئەوەیە ئەوكات ئێمەی نووسەرانی عەلمانی كە ناوی خۆمان بەدكردووە و كۆمەڵگە بە بێدین و پیاوی خراپ ناومان دەهێنن، ئەوكات ئەو سەروەرییە لە ئێمە بدزن، وەكچۆن شۆڕشگێڕە راستەقینەكان خەبات و ماندووبوونیان لێ دزرا، دەی ئەوەی ڕوو دەدات هەر سێكۆلاریزمەكەیە كە ئێستا بەرەو ڕووی دەچین، بەڵام بە هێواشی.

دەی با بزانین عەلمانییەت بێدینی و بێڕەوشتییە وەك ئەوەی ئیسلامییەكان باسی دەكەن؟ نەخێر هەرگیز عەلمانییەت بێڕەوشتی بڵاو ناكاتەوە، وەك ئەوەی ئیسلامییەكان بۆ گەرمكردنی بازاری خۆیان باسی دەكەن، عەلمانییەت ئازادی بڵاو دەكاتەوە، تۆی مرۆڤ ئازاد دەكات لەوەی دەچیتە مزگەوت، یان دەچیتە فێستیڤاڵێكی لەمجۆرە، ئەویش لە چوارچێوەی یاسا، واتە لێت قبووڵ ناكات مادام تۆ ناچیتە ئەو جۆرە فێستیڤاڵانەوە، ماف بە خۆت بدەیت خەڵك بێڕەوشت بكەیت، هاوكات ماف بەوانیش نادات بەهۆی نوێژخوێنیت و هاتووچۆی مزگەوتەوە سووكایەتیت پێ بكرێت، ئەو وێنانەش بە هیچ شێوەیەك بێڕەوشتی نین و ئەو بەرەو عەلمانیبوونەیە كە من باسی دەكەم، دەی تۆش دەتوانیت بچیت و بۆیەش بە رووخسارتدا بڕژێنیت، چونكە عەلمانییەت ئەو مافەت پێ دەدات، بەڵام كە خۆت ناچیت، نابێ خەڵكت پێ بێڕەوشت بێت، ئیدی تۆ پێت خۆش بێت یان ناخۆش، بەشێكی ئەو نەوەیەی كۆمەڵگەكەت چیتر وەك تۆ بیر ناكاتەوە، ئێستا نەوەیەك سەریهەڵداوە تۆ مافی ئەوەت نییە پێی بڵێیت وەك من جل بپۆشە و وەك من بیر بكەوە، وەك ڕێزگرتنێك ڕەنگە تا ڕادەیەك گوێت بۆ بگرێت، بەڵام تۆ پێی بڵێی بێڕەوشت، جڕتت بۆ دەكێشێت، چونكە وەك تۆ بیر ناكاتەوە، هەموو ژیانی تێكەڵ بە جەهل و بیركردنەوەی دواكەوتووانە ناكات، ناتوانێت وەك تۆ بیر بكاتەوە و هەڵسوكەوت بكات، ئەو لە ژینگەیەكی تازە سەریهڵداوە، ئەگەر لەگەڵی نەڕۆیت، دڵنیابە جێت دەهێڵێت.

یەكێك لە جوانییەكانی عەلمانییەت ئەوەیە هەموو كەسێك دەگرێتە خۆی، هەموو كەس بە هەر جۆرە بیركردنەوە و باوەڕ و فۆكەسكردن لە ژیان، لە ناو بازنەی عەلمانییەتدا جێیان دەبێتەوە، ئینجا هەر جۆرە بیركردنەوەیەك بێت، بەو مەرجەی توندڕەوی نەبێت، یانی ڕێگە نادات بەهۆی ئەوەی تۆ دینداری هێرش بكەیتە سەر بێدینێك، هەروەها بێدینێكیش مافی ئەوەی نییە هێرش بكاتە سەر تۆ چونكە دینداریت، لە نموونەی ئەو هێرشكەرەی نیوزلەندا كە كۆمەڵگەی نیوزلەندی هەستی بە شەرمەزاری كرد كاتێك هێرشی ئایینی لە وڵاتەكەیان كرایە سەر پێكهاتەی موسڵمان و بۆ دڵنەوایی موسڵمانان، كچان و ژنانی مەسیحی ئەو وڵاتە سەرپۆشیان پۆشی، ئەمە بەهای عەلمانییەتە، نەك ئەوەی لە وڵاتانی ئیسلامی ڕوودەدات، كچێك كەمێك قۆڵی دەركەوێت و هەندێ بۆیە بە ڕووخساری بپڕژێنێت بەبێڕەوشت ناوی ببەن، دەی لە ئێستاوە خۆت بۆ لە باوەشگرتنی عەلمانییەت ئامادە بكە، چونكە دێت، ئەگەرچی بە هێواشی دێت، بەڵام هەر دێت...

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved